١لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن، لەسەر کێوی پیرۆزم هاوار بکەن بۆ ئاگادارکردنەوە. با هەموو دانیشتووانی خاکەکە بلەرزن، چونکە ڕۆژی یەزدان دێت و نزیکە.
٢ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە، ڕۆژی هەور و تەمی چڕە. وەک کازێوە باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت، سوپایەکی گەورە و بەهێز دێت، لە دێرزەمانەوە هاوشێوەی نەبووە، لە نەوەی داهاتووش شتی وا نابێتەوە.
٣لەپێشیانەوە ئاگر دەخوات و لەپشتیشیانەوە گڕ دەسووتێنێت. لەپێشیانەوە خاک وەک باخچەی عەدەنە، لەپشتیشیانەوە چۆڵەوانییەکی وێرانە، هیچ لێیان دەرباز نابێت.
٤دیمەنیان وەک دیمەنی ئەسپە، وەک سوار غار دەدەن.
٥وەک دەنگی گالیسکە لەسەر لووتکەی چیاکان باز دەدەن، وەک دەنگی گڕی ئاگرە کە پوشوپەڵاش هەڵدەلووشێت، وەک سوپایەکی بەهێزی ڕیزبەستووە بۆ جەنگ.
٦لەبەردەم ئەوان، گەلان سڵ دەکەنەوە، هەموو دەموچاوێک ڕەنگی هەڵدەبزڕکێت.
٧وەک پاڵەوان هێرش دەبەن، وەک جەنگاوەر بە شووراکاندا هەڵدەگەڕێن. هەموویان لەسەر یەک هێڵ دەڕۆن و لە ڕێچکەی خۆیان لانادەن.
٨تەنگ بە یەکتری هەڵناچنن و هەریەکەیان بە ڕیزی خۆیدا دەڕوات، بە سەنگەرەکاندا ڕەت دەبن، بەبێ ئەوەی ڕیزەکانیان بشکێنن.
٩بەناو شارەکەدا غار دەدەن، بەسەر شووراکاندا ڕادەکەن، سەردەکەونە سەر ماڵەکان، وەک دز بەناو پەنجەرەکاندا دێنە ژوورەوە.
١٠لەبەردەمیان زەوی دەلەرزێت، ئاسمان دەهەژێت، خۆر و مانگ تاریک دەبن و ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
١١یەزدان دەنگی بەرز دەکاتەوە لەپێش سوپاکەیەوە، سەربازەکانی زۆر زۆرن، ئەوانەی فەرمانەکەی بەجێدەهێنن بە هێزن. ڕۆژی یەزدان گەورەیە، زۆر سامناکە. کێ خۆی لەبەری دەگرێت؟
١٢یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا، بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە لام، بە ڕۆژووگرتن و گریان و شیوەن گێڕانەوە.»
١٣دڵتان دابدڕن نەک جلەکانتان، بگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان، چونکە میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرە، لە خراپە پاشگەز دەبێتەوە.
١٤کێ دەزانێت؟ ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشگەز بێتەوە، لەپاش خۆیەوە بەرەکەت بەجێبهێڵێت، بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.
١٥لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن، ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن، بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن.
١٦گەل کۆبکەنەوە و کۆمەڵ تەرخان بکەن، پیران خڕبکەنەوە و منداڵان کۆبکەنەوە لەگەڵ شیرەخۆرەکان. با زاوا لە ژوورەکەیەوە بێتە دەرەوە، بووکیش لە کوللەکەی.
١٧با کاهینەکان، خزمەتکارانی یەزدان، لەنێوان هەیوانەکە و قوربانگاکەدا بگریێن. با بڵێن: «ئەی یەزدان، دڵت بە گەلەکەت بسووتێت، میراتەکەت مەکە جێگای تانە و تەشەر، هەتا گەلان بیانکەنە پەند. بۆچی لەنێو گەلاندا بڵێن: ”کوا خوداکەیان؟“»
١٨ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە.
١٩یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت: «دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم، هەتا ئەوەی لێی تێردەبن، ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان.
٢٠«ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە، دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران، ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە و پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە، بۆگەنییەکەی سەرکەوت و بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.» بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
٢١ئەی زەوی مەترسە! شاد و دڵخۆش بە، چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
٢٢ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن، چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن، درەختەکان بەر دەگرن، دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن.
٢٣ئەی نەوەی سییۆن، شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان، چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان. پاییزە باران و بەهارە باران هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت.
٢٤ئیتر جۆخینەکان پڕ دەبن لە دانەوێڵە و قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت.
٢٥«قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان، پێکوڕە و وردە کوللە و کوللەی قرتێنەر، لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان.
٢٦ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن، ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن، ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن، بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
٢٧ئیتر دەزانن کە من لە ناوەڕاستی ئیسرائیلم، کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە. بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
٢٨«پاش ئەمانە، ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم. کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن، گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت.
٢٩تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم.
٣٠پەرجوو لە ئاسمان و زەویدا نیشان دەدەم، خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
٣١خۆر دەبێتە تاریکی و مانگیش دەبێتە خوێن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت.
٣٢بەڵام هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت، چونکە هەروەک یەزدان فەرمووی، ڕزگاربوون لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم دەبێت، بۆ ئەوانەیە کە ماونەتەوە، ئەوانەی یەزدان بانگهێشتی کردوون.