کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیونس

یونس ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا جارێکی دیکە فەرمایشتی یەزدان بۆ یونس هاتەوە، پێی فەرموو:

٢«هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا، ئەو پەیامەی پێت دەفەرمووم پێی ڕابگەیەنە.»

٣یونسیش بەو شێوەیەی یەزدان پێی فەرموو هەستا و چوو بۆ نەینەوا، نەینەواش شارێکی زۆر مەزن بوو، سەردانیکردنی پێویستی بە سێ ڕۆژ هەبوو.

٤یونس چووە ناو شارەکە. لە یەکەم ڕۆژەوە بانگەوازی کرد و گوتی: «چل ڕۆژی دیکە نەینەوا سەرەوژێر دەبێت.»

٥ئیتر خەڵکی نەینەوا باوەڕیان بە خودا هێنا، بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند و جلوبەرگی گوشیان پۆشی، لە گەورەیانەوە هەتا بچووکیان.

٦کارەکە گەیشتەوە پاشای نەینەوا، ئەویش لەسەر تەختەکەی هەستا و کەواکەی لەبەر خۆی داکەند، جلوبەرگی گوشی پۆشی و لەسەر خۆڵەمێش دانیشت.

٧ئیتر لە نەینەوا جاڕدرا و گوترا: بە فەرمانی پاشا و پیاوە گەورەکانی: نابێت نە خەڵک و نە ئاژەڵ، نە لە گاگەل نە لە مێگەل، هیچ بچێژن، مەهێڵن نان بخۆن و ئاو بخۆنەوە.

٨با خەڵک و ئاژەڵەکان جلوبەرگی گوش بپۆشن و زۆر لە خودا بپاڕێنەوە، با هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی و لە ستەمکارییەکەی بگەڕێتەوە.

٩کێ دەزانێت؟ بەڵکو خودا سزایەکە ڕەت بکاتەوە، کڵپەی تووڕەییەکەی دابمرکێتەوە و لەناونەچین.

١٠کاتێک خودا کارەکانی ئەوانی بینی کە لە ڕێگای خراپەکاری گەڕاونەتەوە، خودا پاشگەز بووەوە لەو خراپەیەی کە فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت، ئیتر نەیکرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.