کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەشوع

یەشوع ١٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی مەنەشە بوو، چونکە ئەو نۆبەرەی یوسف بوو، بۆ ماکیری نۆبەرەی مەنەشە و باپیرە گەورەی گلعاد، چونکە ماکیرییەکان پیاوی جەنگ بوون، گلعاد و باشان بۆ ئەو بوون.

٢تیروپشک بۆ نەوەکانی دیکەی مەنەشەش بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو، بۆ نەوەی ئەبیعەزەر، حێلەق، ئەسریێل، شەخەم، حێفەر و شەمیداع بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو. ئەمانە نەوە نێرینەکانی کوڕانی مەنەشەی کوڕی یوسفن.

٣بەڵام سەلۆفحادی کوڕی حێفەری کوڕی گلعادی کوڕی ماکیری کوڕی مەنەشە هیچ کوڕی نەبوو، بەڵکو کچی هەبوو، ئەمەش ناوی کچەکانییەتی، مەحلە، نۆعا، حۆگلە، میلکە و تیرزە.

٤جا چوونە پێش بۆ لای ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکان و گوتیان: «یەزدان فەرمانی بە موسا کرد کە لەناو براکانمان میراتمان بدرێتێ.» ئیتر یەشوع بەپێی فەرمانی یەزدان لەنێو براکانی باوکیان میراتی پێدان.

٥مەنەشە دە بەشی بەرکەوت، بێجگە لە زەوی گلعاد و باشان کە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە بوو بەلای ڕۆژهەڵاتەوە،

٦چونکە کچانی هۆزی مەنەشە لەگەڵ کوڕەکانی میراتیان وەرگرت. زەوی گلعادیش بۆ ئەوانی دیکە بوو لە نەوەی مەنەشە.

٧سنووری مەنەشەش لە ئاشێرەوە بۆ میخمەتات بوو کە ڕۆژهەڵاتی شەخەمە. سنوورەکە بەلای باشووردا درێژ بووەوە بۆ لای دانیشتووانی کانی تەپووەح.

٨شاری تەپووەح لەسەر سنووری مەنەشە تایبەت بوو بە نەوەی ئەفرایم، بەڵام ناوچەکانی دەوروبەری شاری تەپووەح تایبەت بوون بە مەنەشە.

٩ئینجا سنوورەکە بەرەو باشوور دابەزی بۆ شیوی قانا. ئەمانە شارۆچکەکانی ئەفرایم بوون لەنێو شارۆچکەکانی مەنەشە، سنووری مەنەشەش لە باکووری شیوەکە بوو، کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو.

١٠لەلای باشوورەوە خاکەکە بۆ ئەفرایم بوو، لەلای باکووریشەوە بۆ مەنەشە بوو. دەریاش سنووری بوو، لەلای باکوورەوە گەیشتە ئاشێر و لەلای ڕۆژهەڵاتیشەوە گەیشتە یەساخار.

١١جا لەناو یەساخار و ئاشێر ئەم شارۆچکانە و دەوروبەریان بۆ مەنەشە بوون: بێت‌شان، یەڤلەعام، دانیشتووانی دۆر، سێ بەرزاییەکانی کانی دۆر، تەعنەک و مەگیدۆ.

١٢بەڵام نەوەی مەنەشە نەیانتوانی دەست بەسەر ئەو شارۆچکانەدا بگرن، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکەدا.

١٣کاتێک نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر بوون بێگارییان بە کەنعانییەکان کرد، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن.

١٤ئینجا نەوەی یوسف لەگەڵ یەشوعدا دوان و گوتیان: «بۆچی یەک تیروپشک و یەک بەشت وەک میرات پێداوین، لەگەڵ ئەوەی ئێمە گەلێکی زۆرین، چونکە هەتا ئێستاش یەزدان هەر بەرەکەتداری کردووین؟»

١٥یەشوعیش وەڵامی دانەوە: «ئەگەر ئێوە گەلێکی زۆرن، سەربکەون بۆ دارستان لەوێ بۆ خۆتان زەوی پریزی و ڕفائییەکان پاک بکەنەوە، ئەگەر ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم تەنگە بۆتان.»

١٦نەوەی یوسفیش گوتیان: «ناوچە شاخاوییەکە بەشمان ناکات و هەموو کەنعانییەکانی دانیشتووی دۆڵەکەش گالیسکەی ئاسنینیان هەیە، ئەوانەی لە بێت‌شان و دەوروبەری و ئەوانەی لە دۆڵی یەزرەعیلن.»

١٧ئینجا یەشوع بە بنەماڵەی یوسف، بە نەوەی ئەفرایم و مەنەشەی گوت: «ئێوە گەلێکی زۆرن و توانایەکی مەزنتان هەیە، لەبەر ئەوە تەنها یەک تیروپشکتان نابێت،

١٨بەڵکو ناوچە شاخاوییەکەش بۆ ئێوە دەبێت، چونکە دارستانیشی هەیە، جا بیبڕنەوە و هەتا کۆتایی سنوورەکەی دەستی بەسەردا بگرن، ئینجا کەنعانییەکان دەردەکەن، هەرچەندە گالیسکەی ئاسنینیان هەبێت و بەهێزیش بن.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.