١ئینجا یەشوع هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی لە شەخەم کۆکردەوە و پیرانی ئیسرائیل و ڕابەر و دادوەر و کوێخاکانی بانگکرد و ئەوانیش لەبەردەم خودا وەستان.
٢یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”لە کۆنەوە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فوراتەوە نیشتەجێ بوون، تارەحی باوکی ئیبراهیم و باوکی ناحۆر خوداوەندی دیکەیان دەپەرست.
٣بەڵام من ئیبراهیمی باوکتانم لەوبەری ڕووباری فورات برد و بەناو هەموو زەوی کەنعاندا گێڕام، نەوەکانی ئەوم زۆر کرد و ئیسحاقم دایێ،
٤یاقوب و عیسۆشم دایە ئیسحاق، بەشە میراتی ناوچە شاخاوییەکانی سێعیرم دایە عیسۆ، بەڵام یاقوب و کوڕەکانی دابەزین بۆ میسر.
٥«”لەدوای ئەوە موسا و هارونم نارد و خەڵکی میسرم تووشی بەڵا کرد بەگوێرەی هەموو ئەوەی لەناویدا کردم، ئینجا ئێوەم دەرهێنا،
٦جا باوباپیرانتانم لە میسر دەرهێنا و چوونە ناو دەریاوە و میسرییەکانیش بە گالیسکە و ئەسپەوە بۆ دەریای سوور دوای باوباپیرانتان کەوتن.
٧جا کە هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش تاریکاییەکی خستە نێوان ئێوە و میسرییەکانەوە و دەریاکەی بەسەریاندا هێنایەوە و دایپۆشین. ئێوە بە چاوی خۆتان بینیتان من لە میسر چیم کرد. پاشان ئێوە لە چۆڵەوانیدا ڕۆژانێکی زۆر مانەوە.
٨«”ئینجا ئێوەم هێنایە ناو خاکی ئەمۆرییەکان، ئەوانەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا نیشتەجێ بوون و لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دا بەدەستتانەوە و دەستتان بەسەر خاکەکەیاندا گرت و لەبەردەمتان لەناوم بردن.
٩ئینجا بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب هەستا و لە دژی ئیسرائیل جەنگا و بەلعامی کوڕی بەعۆری بانگکرد بۆ ئەوەی نەفرەتتان لێ بکات،
١٠بەڵام من ئامادە نەبووم گوێ لە بەلعام بگرم، بۆیە ئەویش چەند جارێک داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بەو شێوەیە لە دەستی دەربازم کردن.
١١«”ئینجا لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و هاتن بۆ ئەریحا و خەڵکی ئەریحاش، ئەمۆری و پریزی و کەنعانی و حیتی و گرگاشی و حیڤی و یەبوسییەکان لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دایە دەستتان و
١٢زەردەواڵەشم لەپێشتانەوە نارد و هەردوو پاشای ئەمۆرییەکانم لەبەردەمتان دەرکرد، نە بە شمشێرەکەت و نە بە کەوانەکەت.
١٣ئینجا زەوییەکم پێدان کە پێوەی ماندوو نەبوون و چەند شارێک کە بنیادتان نەناوە و تێیدا نیشتەجێن و ڕەزەمێو و زەیتوونێکیش کە نەتانچاندووە و دەیخۆن.“
١٤«ئێستاش لە یەزدان بترسن و بە تەواوی و دڵسۆزییەوە بیپەرستن. ئەو خودایانەش لە خۆتان دابماڵن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات و لە میسر دەیانپەرست و یەزدان بپەرستن.
١٥بەڵام ئەگەر بەلاتانەوە خراپە یەزدان بپەرستن، ئەوا ئەمڕۆ بۆ خۆتان هەڵبژێرن کێ دەپەرستن، ئەگەر ئەو خوداوەندانە بن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات دەیانپەرستن یان خوداوەندەکانی ئەمۆرییەکان ئەوانەی ئێوە لەناو خاکەکەیاندا نیشتەجێن. بەڵام من و بنەماڵەکەم یەزدان دەپەرستین.»
١٦جا گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «لە ئێمە بەدوور بێت واز لە یەزدان بهێنین و خوداوەندانی دیکە بپەرستین،
١٧چونکە یەزدانی پەروەردگارمان ئێمە و باوباپیرانمانی لە خاکی میسر، لە خاکی کۆیلایەتییەوە هێنایە دەرەوە و ئەو هەموو نیشانە گەورانەی لەبەرچاوماندا کرد. لە هەموو ئەو ڕێگایەی پێیدا ڕۆیشتین و لە کاتی تێپەڕینمان بەناو ئەو هەموو گەلانەدا پارێزگاری لێکردین.
١٨هەروەها یەزدان هەموو ئەو گەلانە و لەنێویشیاندا ئەمۆرییەکانی نیشتەجێی خاکەکەی لەبەردەممان دەرکرد، لەبەر ئەوە ئێمە یەزدان دەپەرستین، چونکە ئەو خودامانە.»
١٩یەشوعیش بە گەلی گوت: «ئێوە ناتوانن یەزدان بپەرستن، چونکە ئەو خودایەکی پیرۆز و خودایەکی ئیرەدارە، لە یاخیبوون و گوناهەکانتان خۆش نابێت.
٢٠ئەگەر واز لە یەزدان بهێنن و خوداوەندی بێگانە بپەرستن، ئەوا دەگەڕێتەوە و خراپتان بەسەردەهێنێت و کۆتاییتان پێ دەهێنێت، پاش ئەوەی چاکەی لەگەڵتاندا کرد.»
٢١گەلیش بە یەشوعیان گوت: «نەخێر! بەڵکو یەزدان دەپەرستین.»
٢٢یەشوعیش پێی گوتن: «ئێوە شایەتن لەسەر خۆتان، کە ئێوە یەزدانتان بۆ خۆتان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بیپەرستن.» ئەوانیش گوتیان: «ئێمە شایەتین.»
٢٣«ئینجا ئێستا ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتاندان دابماڵن و دڵتان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بسپێرن.»
٢٤گەلیش بە یەشوعیان گوت: «یەزدانی پەروەردگارمان دەپەرستین و گوێڕایەڵی ئەو دەبین.»
٢٥ئینجا یەشوع لەو ڕۆژەدا پەیمانێکی لەگەڵ گەلدا بەست و لە شەخەمدا فەرز و یاسای بۆ دانان.
٢٦یەشوع ئەم وشانەی لە پەڕتووکی تەوراتی خودا نووسی و بەردێکی گەورەی هێنا و لەژێر دار بەڕووەکەی لای پیرۆزگاکەی یەزدان چەقاندی.
٢٧یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «سەیر بکەن! ئەم بەردە دەبێتە شایەت بەسەرمانەوە، چونکە گوێی لە هەموو وشەکانی یەزدان بوو کە پێی فەرمووین، جا دەبێتە شایەت بەسەرتانەوە نەوەک نکۆڵی لە خودای خۆتان بکەن.»
٢٨ئینجا یەشوع گەلی ڕەوانە کردەوە، هەرکەسە و بەرەو میراتەکەی خۆی.
٢٩پاش ئەم شتانە یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدان لە تەمەنی سەد و دە ساڵی مرد.
٣٠لە سنووری میراتەکەی خۆی لە تیمنەت سەرەح کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.
٣١نەوەی ئیسرائیلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و هەموو ئەو کارانەیان بینی کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.
٣٢ئێسکەکانی یوسفیش کە نەوەی ئیسرائیل لە میسرەوە هێنایانەوە، لە شەخەمدا ناشتیان لەناو ئەو پارچە کێڵگەیەی کە یاقوب لە نەوەی حەمۆری باوکی شەخەم بە سەد پارچە زیو کڕیبووی و بوو بە میرات بۆ نەوەی یوسف.
٣٣ئینجا ئەلعازاری کوڕی هارون مرد و لە گیڤعا ناشتیان، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو کە درابووە فینەحاسی کوڕی.