١بەیانی زوو یەشوع لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل لە شەتیمەوە کۆچیان کرد و هاتنە لای ڕووباری ئوردون، بەر لەوەی بپەڕنەوە لەوێ مانەوە.
٢پاش سێ ڕۆژ کوێخاکان بەناو ئۆردوگاکەدا گەڕان و
٣فەرمانیان بە گەل کرد و گوتیان: «کاتێک کە سندوقی پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان دەبینن، کاهینە لێڤییەکان هەڵیانگرتووە، لە شوێنەکانی خۆتان کۆچ بکەن و لەدوایەوە بڕۆن.
٤بەڵام با ماوەی نێوان ئێوە و سندوقەکە بە پێوانە دوو هەزار باڵ بێت و لێی نزیک مەبنەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایە بزانن کە پێیدا دەڕۆن، چونکە ئێوە پێشتر بەم ڕێگایەدا نەڕۆیشتوون.»
٥یەشوع بە گەلی گوت: «خۆتان تەرخان بکەن، چونکە یەزدان بەیانی لەنێوتاندا کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.»
٦هەروەها یەشوع بە کاهینەکانی گوت: «سندوقی پەیمان هەڵبگرن و بە بەردەم گەلدا تێپەڕ بن.» ئەوانیش سندوقی پەیمانیان هەڵگرت و لەپێش گەل ڕۆیشتن.
٧ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «لە ئەمڕۆوە دەست دەکەم بە پایەبەرزکردنەوەت لەلای هەموو نەوەی ئیسرائیل، بۆ ئەوەی بزانن چۆن لەگەڵ موسادا بووم ئاواش لەگەڵ تۆدا دەبم.
٨بەڵام تۆ فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمان بکە و پێیان بڵێ: ”کاتێک دەگەنە کەنار ئاوی ڕووباری ئوردون، لەناو ڕووباری ئوردوندا بوەستن.“»
٩هەروەها یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ ئێرە و گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگارتان بگرن.»
١٠ئینجا یەشوع گوتی: «بەمە دەزانن کە خودای زیندوو لەنێوتاندایە، کەنعانی، حیتی، حیڤی، پریزی، گرگاشی، ئەمۆری و یەبوسییەکان لەبەردەمتاندا بە تەواوی دەردەکات.
١١ئەوەتا سندوقی پەیمانی پەروەردگاری هەموو زەوی لەپێشتانەوە بۆ ناو ڕووباری ئوردون دەپەڕێتەوە.
١٢ئێستاش دوازدە پیاو لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان هەڵبژێرن، لە هەر هۆزە و پیاوێک.
١٣ئینجا کاتێک پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی یەزدان، پەروەردگاری هەموو زەوی، لەناو ئاوی ڕووباری ئوردون جێگیر دەبێت، ئاوی ڕووباری ئوردون، ئەو ئاوەی کە لە سەرەوە دێت شەق دەبێت و لە یەک بەربەستدا پەنگدەخواتەوە.»
١٤جا کاتێک گەل لە چادرەکانیانەوە کۆچیان کرد، تاکو لە ڕووباری ئوردون بپەڕنەوە، کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانیش لەپێشیانەوە بوون.
١٥بە درێژایی ڕۆژانی دروێنە ڕووباری ئوردونیش دەبووە لافاو، بەڵام لە کاتی هاتنی هەڵگرانی سندوقەکە بۆ ناو ڕووباری ئوردون و نوقومبوونی پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقەکە لەناو ئاوی کەنارەکە،
١٦ئەو ئاوەی لە سەرەوە دەهاتە خوارەوە لە ڕۆیشتن وەستا. لە دوورییەکی زۆرەوە لە شارۆچکەی ئادام لە بەربەستێک پەنگی خواردەوە، ئەو شارۆچکەیەی کە لەتەنیشت چەرەتانە، هەروەها ئەو ئاوەی کە دەڕژایە ناو دەریای عەراڤا واتا دەریای مردوو بە تەواوی بڕا و گەل بەرەو ئەریحا پەڕینەوە.
١٧کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان لەسەر وشکانی لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردون بە جێگیری وەستان و هەموو ئیسرائیلیش بەسەر وشکانیدا پەڕینەوە، هەتا هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردون تەواو پەڕینەوە.