کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەشوع

یەشوع ٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا کاتێک هەموو ئەو پاشایانەی لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردونن، لە ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی ڕۆژئاوای و لە هەموو کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست تاکو لوبنان، حیتی و ئەمۆری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ئەوەیان بیستەوە،

٢بە یەک دەنگ پێکەوە کۆبوونەوە بۆ جەنگ لە دژی یەشوع و ئیسرائیل.

٣بەڵام دانیشتووانی گبعۆن کە بیستیانەوە یەشوع چی بە ئەریحا و عای کردووە،

٤بە زۆرزانییەوە کاریان کرد و چوون وەک شاندێک خۆیان پیشان دا، گوێدرێژەکانیان لە جەواڵە کۆن و مەشکە شەرابی کۆن و دڕاو و بەستراو بارکرد،

٥پێڵاوی دڕاو و پینەکراویان لەپێکرد و جلی شڕیان لەبەرکرد، هەموو نانی ئازووقەکەیان وشک و کەڕووی هەڵهێنابوو.

٦ئینجا بەرەو لای یەشوع چوون بۆ ئۆردوگاکە کە لە گلگال بوو، بە یەشوع و پیاوانی ئیسرائیلیان گوت: «لە وڵاتێکی دوورەوە هاتووین و ئێستا پەیمانمان لەگەڵدا ببەستن.»

٧پیاوانی ئیسرائیلیش بە حیڤییەکانیان گوت: «لەوانەیە ئێوە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بن، ئیتر چۆن پەیمانتان لەگەڵدا ببەستین؟»

٨ئەوانیش بە یەشوعیان گوت: «ئێمە خزمەتکاری تۆین.» یەشوعیش لێی پرسین: «ئێوە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»

٩ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکارەکانت لە وڵاتێکی زۆر دوورەوە هاتوون، لەبەر ناوی یەزدانی پەروەردگارت، چونکە ئێمە گوێمان لە هەواڵی یەزدانی پەروەردگارت بوو و لەبارەی هەموو ئەو کارانەی کە بەسەر میسری هێنا،

١٠هەموو ئەوەی بە دوو پاشای ئەمۆرییەکانی کرد، ئەوانەی لەوبەری ڕووباری ئوردون لەلای ڕۆژهەڵات بوون، سیحۆنی پاشای حەشبۆن و عۆگی پاشای باشان ئەوەی لە عەشتارۆت بوو.

١١جا پیرانمان و هەموو دانیشتووانی خاکەکەمان قسەیان لەگەڵ کردین و گوتیان: ”ئازووقەی ڕێگا لەگەڵ خۆتان ببەن و بڕۆن بۆ بینینیان، پێیان بڵێن: ئێمە خزمەتکاری ئێوەین و ئێستاش پەیمانمان لەگەڵدا ببەستن.“

١٢ئەو ڕۆژەی کە بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی بێین بۆ لای ئێوە، لە ماڵەوە نانەکەمان بە گەرمی هێنا، بەڵام تەماشا بکە، ئێستا وشکە و کەڕووی هەڵهێناوە.

١٣ئەمەش مەشکەی شەرابەکانمانە کە بە نوێتی پڕمان کردن و وا دڕاون، ئەمەش جلوبەرگ و پێڵاوەکانمانە کە لەبەر دووری ڕێگاکە کۆن بوون.»

١٤جا پیاوانی ئیسرائیل لە ئازووقەکەیان وەرگرت، بەڵام پرسیان بە یەزدان نەکرد.

١٥یەشوعیش پەیمانی ئاشتی لەگەڵیاندا بەست کە بە زیندوویی بیانهێڵێتەوە، ڕابەرەکانی گەلیش سوێندیان بۆ خواردن.

١٦پاش تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر پەیمانەکەدا، بیستیانەوە کە گبعۆنییەکان لێیان نزیکن و دانیشتووی ئەو ناوچەیەن.

١٧جا نەوەی ئیسرائیل بەڕێکەوتن و لە ڕۆژی سێیەمدا هاتنە شارەکانیان، ئەمانە شارەکانیان بوون: گبعۆن، کەفیرا، بئێرۆت و قیریەت یەعاریم.

١٨نەوەی ئیسرائیلیش لێیان نەدان، چونکە ڕابەرەکانی گەل سوێندیان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ خواردبوون. لەبەر ئەوە هەموو گەل بۆڵەبۆڵیان لە دژی ڕابەرەکان کرد،

١٩جا هەموو ڕابەرەکان بە هەموو گەلیان گوت: «ئێمە بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندمان بۆ خواردن و ئێستاش ناتوانین دەستیان لێ بدەین،

٢٠ئەمەیان بۆ دەکەین و بە زیندوویی دەیانهێڵینەوە، بۆ ئەوەی تووڕەیی بەسەرماندا نەبارێت، بەهۆی ئەو سوێندەی کە بۆمان خواردوون.»

٢١هەروەها ڕابەرەکان پێیان گوتن: «بە زیندوویی دەمێننەوە و بۆ هەموو گەل دەبن بە داربڕ و ئاوکێش.» بەم شێوەیە ڕابەرەکان بەڵێنیان پێدابوون.

٢٢ئینجا یەشوع گبعۆنییەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «بۆچی فریوتان داین و گوتتان: ”ئێمە زۆر لە ئێوەوە دوورین،“ ئێوە وا دانیشتووانی ئەم ناوەن؟

٢٣ئێستا ئێوە نەفرەت لێکراون، کۆیلە و داربڕ و ئاوکێشتان لێ نابڕێت بۆ ماڵی خودام.»

٢٤ئەوانیش وەڵامی یەشوعیان دایەوە گوتیان: «خزمەتکارەکانت هەموو ئەو هەواڵەیان بیستووەتەوە کە یەزدانی پەروەردگارت فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو کە هەموو خاکەکەتان بداتێ و هەموو دانیشتووانی خاکەکەش لەبەردەمتان لەناو ببات. ئێمەش لەبەر گیانی خۆمان زۆر لە ئێوە ترساین و ئەم کارەمان کرد،

٢٥ئێستاش ئەوەتا لەبەردەستی ئێوەداین و چی بە باش و ڕاست دەزانن ئەوەمان لەگەڵدا بکەن.»

٢٦یەشوعیش ئاوای لێکردن و لە دەست نەوەی ئیسرائیل ڕزگاری کردن و نەیانکوشتن.

٢٧لەو ڕۆژەشدا یەشوع گبعۆنییەکانی کردە داربڕ و ئاوکێش بۆ کۆمەڵ و بۆ قوربانگای یەزدان، هەتا ئەمڕۆش ئەوە کاریانە لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.