کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەهوزا

یەهوزا ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە یەهوزاوە، بەندەی عیسای مەسیح و برای یاقوب، بۆ بانگکراوەکان، ئەوانەی خودای باوک خۆشی دەوێن و بەهۆی عیسای مەسیحەوە پارێزراون:

٢بەزەیی و ئاشتی و خۆشەویستیتان بۆ زیاد بێت.

٣خۆشەویستان، هەرچەندە زۆر بە پەرۆش بووم تاکو لەبارەی ڕزگاریی هاوبەشمانەوە بۆتان بنووسم، بەڵام بە پێویستم زانی ئەمەتان بۆ بنووسم، لێتان دەپاڕێمەوە تێبکۆشن بۆ ئەو باوەڕەی کە تەنها جارێک دراوەتە دەست گەلی پیرۆزی خودا.

٤لەبەر ئەوەی کەسانێک بە دزییەوە هاتوونەتە ناوەوە، لەمێژە بۆ ئەو حوکمە نووسراون، خوانەناسن، نیعمەتی خودامان بۆ بەڕەڵایی دەگۆڕن و نکۆڵی لە عیسای مەسیح دەکەن، کە تاقە سەروەر و پەروەردگارمانە.

٥هەرچەندە خۆتان پێشوەخت دەیزانن، بەڵام هەر دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە یەزدان گەلەکەی خۆی لە خاکی میسر ڕزگار کرد، بەڵام دواتر ئەوانەی لەناوبرد کە باوەڕیان نەهێنا،

٦هەروەها ئەو فریشتانەی کە پلە و پایەکانی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بە کۆتی هەتاهەتایی بۆ سزای ڕۆژی گەورە لەژێر تاریکیدا هەڵگیران.

٧هەروەها سەدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریان بە هەمان ڕێگا بەدوای داوێنپیسی و هاوڕەگەزبازی کەوتن، جا بە ئاگرێکی هەتاهەتایی سزادران و بوون بە پەند.

٨خەیاڵخاوەکانیش بە هەمان شێوە، جەستە گڵاو دەکەن و دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە و بوختان بە فریشتەکان دەکەن.

٩بەڵام میکائیلی سەرۆکی فریشتەکان، کاتێک دژایەتی شەیتانی کرد و سەبارەت بە تەرمی موسا مشتومڕی کرد، نەیوێرا بە بوختان سکاڵای لێ بکات، بەڵکو گوتی: «یەزدان سەرزەنشتت بکات!»

١٠کەچی ئەوانە قسە بۆ شتێک هەڵدەبەستن کە لێی تێناگەن. ئەوەی وەک ئاژەڵی بەستەزمان بە سروشتی دەیزانن، دەبێتە هۆی لەناوچوونیان.

١١قوڕبەسەریان! ڕێگای قایینیان گرتووە؛ بۆ بڕێک دەستکەوت خۆیان داوەتە دەست چەواشەیی بەلعامەوە؛ لە یاخیبوونەکەی قۆڕەح لەناوچوون.

١٢ئەوانە لە داوەتە برایەتییەکانی ئێوەدا لەکەیەکن، بێشەرمانە نان دەخۆن، شوانێکن کە تەنها خۆیان دەلەوەڕێنن. ئەوانە هەوری بێ بارانن و با هەڵیگرتوون، وەک داری بێ بەری پاییزن، لە ڕەگەوە هەڵکەنراون، دوو جار مردوون.

١٣ئەوان شەپۆلی دەریای هەڵچوون و کارە شەرمهێنەرەکانیان وەک کەف دەردەکەون، ئەستێرەی گەڕۆکن کە بۆ هەتاهەتایە ئەوپەڕی تاریکاییان بۆ هەڵگیراوە.

١٤حەنۆخ کە لە نەوەی حەوتەمی ئادەمە لەبارەی ئەوانەوە پێشبینیی کرد: «سەیر بکەن، یەزدان لەگەڵ هەزاران فریشتەی پیرۆزی خۆی دێت،

١٥تاکو هەموو خەڵک حوکم بدات و تاوانباریان بکات بە ئەنجامدانی هەموو ئەو کردەوە خوانەناسییانەی کە بەهۆی خوانەناسییان ئەنجامیان داوە، هەروەها هەموو ئەو قسە ڕەقانەی کە گوناهبارە خوانەناسەکان لە دژی ئەو گوتوویانە.»

١٦ئەوانە بۆڵەبۆڵکەر و گلەییکەرن، بەگوێرەی ئارەزووە خراپەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن و قسەی گەورە دەکەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە دووڕوویی ستایشی خەڵک دەکەن.

١٧بەڵام ئێوە ئەی خۆشەویستان، قسەکانی نێردراوانی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بهێننەوە یاد کە پێشتر گوتوویانە.

١٨پێی گوتن: «لە کۆتایی ڕۆژگار، هەندێک گاڵتەجاڕ پەیدا دەبن و دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون.»

١٩ئەوانە دووبەرەکی دەنێنەوە، بەدوای سروشتی مرۆڤانەوەن و ڕۆحی پیرۆزیان نییە.

٢٠بەڵام ئێوە خۆشەویستان، خۆتان لەسەر باوەڕی پیرۆزتان بنیاد بنێن، بە ڕۆحی پیرۆز نوێژ بکەن،

٢١خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن لە کاتێکدا چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەبن کە ژیانی هەتاهەتاییتان بۆ بهێنێت.

٢٢بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە کە گومان دەکەن.

٢٣هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.

٢٤بۆ ئەوەی توانای هەیە لە کەوتن بتانپارێزێت، هەروەها بێ کەموکوڕی و بەوپەڕی شادییەوە لەبەردەم شکۆیەکەی ڕاتانبگرێت،

٢٥بۆ تاکە خودای ڕزگارکەرمان لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، شکۆ و گەورەیی و توانا و دەسەڵات بۆ ئەوە، لە ئەزەلەوە و ئێستا و هەتاهەتایە! ئامین.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.