١دوو کوڕی هارون، ناداب و ئەبیهو، هەریەکە و بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێدا کردەوە و بخووریان بەسەردا کرد. لەبەردەم یەزدان ئاگرێکی نامۆیان پێشکەش کرد، کە ئەو فەرمانی پێیان نەدابوو.
٢ئیتر ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و ئەوانی هەڵلووشی و لەبەردەم یەزدان مردن.
٣موساش بە هارونی گوت: «ئەمە بوو مەبەستی یەزدان کاتێک فەرمووی: «”لەنێو ئەوانەی لێم نزیک دەبنەوە پیرۆزی خۆم دەردەخەم و لەبەردەم هەموو گەل شکۆدار دەبم.“» هارون بێدەنگ بوو.
٤موسا بانگی میشائیل و ئەلسافانی کرد، دوو کوڕەکەی عوزیێلی مامی هارون و پێی گوتن: «وەرنە پێش، ئامۆزاکانتان لەبەردەم پیرۆزگا هەڵبگرن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە.»
٥ئەوانیش هاتنە پێش و بە کراسەکانیان هەڵیانگرتن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە، هەروەک موسا گوتی.
٦هەروەها موسا بە هارون و ئەلعازار و ئیتاماری کوڕەکانی هارونی گوت: «سەرتان ڕووت مەکەن و جلەکانتان مەدڕێنن، نەوەک بمرن و تووڕەیی یەزدان بێتە سەر هەموو کۆمەڵ. بەڵام کەسوکارتان، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بۆ ئەوانە بگریێنن کە یەزدان بە ئاگر لەناوی بردوون.
٧لە دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دەرمەچن، نەوەک بمرن، چونکە زەیتی دەستنیشانکردنی یەزدان لەسەرتانە.» ئەوانیش بەگوێرەی قسەکەی موسایان کرد.
٨هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو:
٩«شەراب و مەی مەخۆرەوە، خۆت و کوڕەکانیشت، لە کاتی چوونە ژوورەوەتان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن، نەوەک بمرن. ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە،
١٠بۆ ئەوەی بتوانن لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو و لەنێوان پاک و گڵاو جیاکاری بکەن،
١١هەروەها بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل دەربارەی هەموو فەرزەکان فێر بکەن کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە لەگەڵیاندا دوا.»
١٢موساش بە هارونی برای و دوو کوڕەکەی هارون، ئەلعازار و ئیتامار کە مابوونەوە گوتی: «ئەو پێشکەشکراوە دانەوێڵەیەی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان ماوەتەوە، بیبەن و لەتەنیشت قوربانگاکە بەبێ هەویرترش بیخۆن، چونکە هەرەپیرۆزە.
١٣لە شوێنێکی پیرۆز بیخۆن، چونکە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانتە لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان، چونکە من بەو شێوەیە فەرمانم داوە.
١٤بەڵام سنگی بەرزکراوە و ڕانی پێشکەشکراو لە شوێنێکی پاک دەخۆن، خۆت و کوڕەکانت و کچەکانت، چونکە کراون بە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانت لە قوربانییەکانی هاوبەشی نەوەی ئیسرائیل.
١٥ڕانی پێشکەشکراو و سنگی بەرزکراوە لەگەڵ پیوەکانی قوربانی بە ئاگر دەهێنن، هەتا لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرز بکرێنەوە. ئەمانە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانت دەبن کە لەگەڵتدان، بەشێکی چەسپاوە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
١٦کاتێک موسا داوای گیسکەکەی قوربانی گوناهی کرد و بۆی دەرکەوت کە سووتێنراوە، لە ئەلعازار و ئیتامار کە دوو کوڕەکەی هارون بوون و مابوونەوە، تووڕە بوو و گوتی:
١٧«بۆچی قوربانییەکەی گوناهتان لە پیرۆزگادا نەخوارد؟ بێگومان کە هەرەپیرۆزە و پێتان دراوە بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵەکە هەڵبگرن بۆ کەفارەت بۆیان لەبەردەم یەزدان،
١٨لەو کاتەوە خوێنەکەی بۆ ژوورەوەی شوێنی پیرۆز نەهێنرا، بێگومان دەبووایە لە پیرۆزگا بیخۆن، هەروەک فەرمانم داوە.»
١٩هارون وەڵامی موسای دایەوە: «ئەوان ئەمڕۆ قوربانی گوناهە و قوربانی سووتاندنیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد و شتێکی وام تووش بوو. ئەگەر ئەمڕۆ من لە قوربانی گوناهم بخواردایە، ئایا لەبەرچاوی یەزدان ئەمە پەسەند دەبوو؟»
٢٠کە موسا گوێی لەمە بوو، لەبەرچاوی پەسەند بوو.