١هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
٢«ئەگەر کەسێک ئاوسانێک، یان لیرێک یان لەکەیەکی بریقەدار لەسەر پێستی لەشی هەبوو، کە گومانی نەخۆشی گواستراوەی پێستی لێ بکرێت، ئەوا ئەو کەسە دەهێنرێتە لای هارونی کاهین، یان یەکێک لە کوڕە کاهینەکانی.
٣ئەگەر کاهینەکە پشکنی زامەکە لە پێستی لەشە و ئەو مووانەی لەناو زامەکەن سپین و زامەکە لە پێستی لەش قووڵترە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. کاتێک کاهینەکە پشکنی، بەپێی ڕێوڕەسم ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە.
٤بەڵام ئەگەر لەکەیەکی بریقەداری سپی بوو لە پێستی لەش و لە پێست قووڵتر نەبوو و ئەو مووانەی لەناو لەکەکەن سپی نەببوون، ئەوا کاهینەکە کەسی تووشبوو حەوت ڕۆژ لە خەڵک جیا دەکاتەوە.
٥ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی زامەکە وەک خۆیەتی و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژی دیکەش جیای دەکاتەوە.
٦ئەگەر کاهینەکە دووبارە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینییەوە زامەکە کاڵ بووەتەوە و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، واتا ئەوە لیرە. ئەو کەسە جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت.
٧بەڵام ئەگەر لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کرد لەدوای ئەوەی پیشانی کاهینەکە درا بۆ پاککردنەوەی، دەبێت دیسان پیشانی کاهینەکە بدرێتەوە.
٨ئەگەر کاهینەکە پشکنی لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کەسە گڵاو بووە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە.
٩«ئەگەر کەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوا دەهێنرێتە لای کاهین.
١٠ئەگەر کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی ئاوسانێکی سپی لە پێست هەیە و مووی سپی کردووە و لە شوێنی ئاوسانەکە گۆشتی ڕووت بە دەرەوەیە،
١١ئەوا نەخۆشی پێستی درێژخایەنە لە پێستی لەشی، ئیتر کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، دوورەپەرێزی ناکات، چونکە گڵاوە.
١٢«بەڵام ئەگەر نەخۆشییەکە تەشەنەی کردبێت و هەموو پێستی داگرتبوو، لە سەرییەوە هەتا پێیەکانی، بەگوێرەی هەموو ئەوەی چاوی کاهینەکە دەیبینێت،
١٣کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی وا نەخۆشییەکە هەموو لەشی داگرتووە، ئەوا ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، لەو کاتەوە هەمووی سپی بووە، ئەوە پاکە.
١٤بەڵام هەر کاتێک گۆشتی ڕووتی تێدا بینی، ئەوا گڵاو دەبێت.
١٥کاتێک کاهینەکە گۆشتە ڕووتەکەی بینی، ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. گۆشتی ڕووت گڵاوە، ئەوا کەسەکە نەخۆشییەکی گواستراوەی هەیە.
١٦ئەگەر گۆشتە ڕووتەکە جارێکی دیکە سپی بووبێتەوە، ئەوا دێتەوە لای کاهینەکە.
١٧ئینجا کە کاهینەکە پشکنی وا شوێنە تووشبووەکە سپی بووە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، ئەوا کەسەکە پاکە.
١٨«ئەگەر کەسێک لە پێستەکەی دومەڵێک بووبێت و چاک بووبێتەوە،
١٩لە شوێنی دومەڵەکەش ئاوسانێکی سپی یان لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو هەبێت، ئەوا پیشانی کاهینەکە دەدرێت.
٢٠ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە پێست قووڵترە و مووەکانی سپی بووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە کە لە دومەڵەکە بڵاوبووەتەوە.
٢١بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی مووی سپی تێدا نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە،
٢٢بەڵام ئەگەر لە پێست تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە گواستراوەیە.
٢٣بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و تەشەنەی نەکردووە، ئەوە شوێنەواری دومەڵەکەیە و کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە.
٢٤«ئەگەر کەسێک لە پێستیدا شوێنێکی سووتاوی بە ئاگر هەبێت، گۆشتە ڕووتەکەی شوێنە سووتاوەکە لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو یان سپی هەبێت،
٢٥کاهینەکە پشکنی وا مووی لەکە بریقەدارەکە سپی بووە و لە پێست قووڵترە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە و لە شوێنە سووتاوەکە بڵاوبووەتەوە. کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە.
٢٦بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە لەکە بریقەدارەکە مووی سپی نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە.
٢٧کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم دەیبینێت، ئەگەر بە پێستدا تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە.
٢٨بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و لە پێست تەشەنەی نەکردبێت و ڕەنگی ئاسایی بوو، ئەوا ئاوسانی سووتانەکەیە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، چونکە شوێنەواری سووتانەکەیە.
٢٩«هەروەها ئەگەر ئافرەتێک یان پیاوێک زامێک لە سەری یان لە چەناگەی هەبێت،
٣٠کاهینەکە زامەکەی پشکنی وا لە پێست قووڵترە و مووی زەردی وردی تێدایە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە کەچەڵییە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی سەر یان چەناگەیە.
٣١بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی تووشبوون بە کەچەڵییەکە لە پێست قووڵتر نییە، بەڵام مووی ڕەشی تێدا نییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ کەسی تووشبوو جیا دەکاتەوە.
٣٢ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم کەچەڵییەکەی پشکنی، وا تەشەنەی نەکردووە و مووی زەردی تێدا نییە و کەچەڵییەکە لە پێست قووڵتر نییە،
٣٣با بتاشرێت، بەڵام کەچەڵییەکە نا، کاهینەکەش حەوت ڕۆژی دیکە کەسی تووشبوو جیا دەکاتەوە.
٣٤ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم کەچەڵییەکەی پشکنی، وا کەچەڵییەکە لە پێستدا تەشەنەی نەکردووە و لە پێست قووڵتر نییە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە کەسی تووشبوو پاکە، جا جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت.
٣٥بەڵام ئەگەر کەچەڵییەکە لە پێستدا تەشەنەی کردبێت لەدوای ئەوەی ڕاگەیەنرا کە پاکە،
٣٦کاهینەکەش پشکنی وا کەچەڵییەکە لە پێست تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە لەدوای مووی زەرد ناگەڕێت، ئەوە گڵاوە.
٣٧بەڵام ئەگەر وەک خۆی مایەوە و مووی ڕەشی تێدا ڕوا، ئەوا کەچەڵییەکە چاک بووەتەوە، ئەوە پاکە و کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە.
٣٨«ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک لە پێستیدا لەکەی سپی هەبوو،
٣٩کاهینەکەش پشکنی ئەوا لە پێستی لەشی لەکەی ڕەنگ ئاسایی سپی هەیە، ئەوە لیری بێ زیانە، لە پێستدا تەشەنەی کردووە، ئەوا کەسەکە پاکە.
٤٠«ئەگەر کەسێک مووی سەری ڕووتایەوە، ئەوە کەچەڵە، ئەو پاکە.
٤١ئەگەر مووی سەری لەلای پێشەوە ڕووتایەوە، ئەوە سەر ڕووتاوە، ئەو پاکە.
٤٢بەڵام ئەگەر لە کەچەڵییەکە یان ڕووتاوییەکە لەکەی سپی سوورباو هەبوو، ئەوا نەخۆشی گواستراوەیە و لە کەچەڵییەکەی یان ڕووتاوییەکەی تەشەنەی کردووە.
٤٣ئەگەر کاهینەکە ئەوەی پشکنی و بینی وا ئاوساوی تووشبوونەکە سپی سوورباوە لە کەچەڵییەکەی یان لە ڕووتاوییەکەی وەک نەخۆشی گواستراوەی پێست،
٤٤ئەوە کەسێکی نەخۆش و گڵاوە. کاهینەکەش ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، سەری تووش بووە.
٤٥«ئەو کەسە تووش بووە، جلی دڕاو لەبەر دەکات و سەری دانەپۆشراو دەبێت و سمێڵی دادەپۆشێت و هاوار دەکات: ”گڵاو! گڵاو!“
٤٦هەموو ئەو ڕۆژانەی نەخۆشییەکەی پێوەیە گڵاو دەبێت، گڵاوە و بە تەنها دەژیێت، دەرەوەی ئۆردوگا دەبێتە جێی مانەوەی.
٤٧«بەڵام ئەگەر جلوبەرگێک کەڕوو لێی دابوو، جلوبەرگی خوری یان کەتان،
٤٨ئەوەی ڕستراو بێت یان چنراو، لە کەتان و لە خوری، یان لە چەرم، یان لە هەر دروستکراوێک لە چەرم،
٤٩لێدانەکەش سەوزباو یان سوورباو بوو، لە جلەکە یان لە چەرمەکە، لە ڕستراو یان لە چنراو یان لە هەر شتێک لە چەرم بێت، ئەوە لێدانی کەڕووە، جا پیشانی کاهین دەدرێت.
٥٠کاهینەکەش کەڕووەکە دەپشکنێت و لێدراوە تووشبووەکە حەوت ڕۆژ جیا دەکاتەوە.
٥١جا کە لە ڕۆژی حەوتەم لێدانەکەی پشکنی وا لە جلەکە بڵاوبووەتەوە، لە ڕستراو یان لە چنراو یان لە چەرم، لە هەموو ئەوانەی لە چەرم دروستدەکرێت بۆ بەکارهێنان، ئەوا لێدانەکە کەڕووە و زیان بەخشە، گڵاوە.
٥٢جا جلەکە یان ڕستراوەکە یان چنراوەکە لە خوری بێت یان کەتان یان لە هەر شتێکی چەرم دەیسووتێنێت، ئەوەی لێدانەکەی تێدایە، چونکە کەڕووی زیان بەخشە بە ئاگر دەسووتێنرێ.
٥٣«بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی وا کەڕووەکە لە جلەکە یان ڕستراوەکە یان چنراوەکە یان شتە چەرمەکە بڵاونەبووەتەوە،
٥٤ئەوا کاهینەکە فەرمان دەدات ئەوەی لێدانەکەی تێدایە بشۆن و حەوت ڕۆژی دیکە جیای دەکاتەوە.
٥٥ئەگەر کاهینەکە دوای شوشتنی لێدانەکە پشکنی کەڕووەکە دیمەنی نەگۆڕاوە و بڵاونەبووەتەوە، ئەوا گڵاوە. دەبێت بە ئاگر بیسووتێنیت، جا لەناوەوەی بێت یان لە دەرەوەی.
٥٦بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی شوێنی کەڕووەکە ڕەنگی ئاساییە پاش شوشتنی، ئەوا لە جلەکە یان چەرمەکە، ڕستراوەکە یان چنراوەکە دەیدڕێنێت.
٥٧بەڵام ئەگەر لە جلەکە، لە ڕستراوەکە یان چنراوەکە یان لە شتە چەرمەکە دەرکەوتەوە، ئەوا بڵاوبووەتەوە، ئەوەی کەڕووەکەی تێدایە بە ئاگر دەیسووتێنێت.
٥٨بەڵام هەر جلێک، ڕستراو یان چنراو، یان شتێکی چەرم، ئەوەی دەیشۆیت و کەڕووەکەی تێدا نامێنێت، ئەوا دووبارە دەشۆردرێتەوە و پاک دەبێتەوە.»
٥٩ئەوانە ڕێنماییەکان بوون دەربارەی کەڕوولێدان، لە جلی خوری یان لە کەتان، لە ڕستراو یان لە چنراو یان هەر شتێکی چەرم، بۆ ڕاگەیاندن کە پاکە یان گڵاوە.