١«”بت بۆ خۆتان دروستمەکەن و پەیکەری تاشراو و بەردی تەرخانکراو دامەمەزرێنن، لە خاکەکەتان بەردی وێنە لەسەر کێشراو دامەنێن، هەتا کڕنۆشی بۆ ببەن، چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم.
٢«”شەممەکانم بپارێزن و ڕێز لە پیرۆزگاکەم بگرن، من یەزدانم.
٣«”ئەگەر فەرزەکانم بەجێبهێنن و فەرمانەکانم بەجێبگەیەنن و کاری پێ بکەن،
٤ئەوا لە کاتی خۆی بارانتان دەدەمێ و زەویش بەری خۆی دەدات و درەختەکانی کێڵگەش بەروبووم دەدات.
٥گێرەکردنتان بەردەوام دەبێت هەتا چنینەوەی ترێ و چنینەوەی ترێ بەردەوام دەبێت هەتا چاندن، جا هەر خواردنێکتان حەز لێبوو، دەیخۆن و بە ئاسوودەیی لە خاکەکەتان نیشتەجێ دەبن.
٦«”ئاشتیش لە خاکەکەدا دەنێمەوە، جا دەخەون و کەس ناتانترسێنێت، گیانلەبەرە دڕندەکانیش لە خاکەکەدا لادەبەم و شمشێر بە خاکەکەتاندا تێناپەرێت.
٧دوژمنەکانتان ڕاودەنێن و لەبەردەمتان بە شمشێر دەکوژرێن.
٨پێنج لە ئێوە سەد ڕاودەنێن و سەد لە ئێوە ڕاوی دە هەزار دەنێن و دوژمنەکانتان لەبەردەمتان بە شمشێر دەکوژرێن.
٩«”ئاوڕتان لێ دەدەمەوە و بە بەروبوومتان دەکەم و زیادتان دەکەم و پەیمانم لەگەڵتان دەبەمەسەر،
١٠جا لە بەروبوومی دروێنەی ساڵی پێشوو دەخۆن و بۆ ئەمبارکردنی بەروبوومی نوێ، کۆنەکە دەردەهێنن.
١١نشینگەکەم لەنێوتان دادەنێم و قێزتان لێ ناکەمەوە،
١٢لەنێوتان هاتوچۆ دەکەم و دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من.
١٣من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان، لەوەی کە کۆیلەی ئەوان بوون و کۆتی نیری ئێوەی شکاند و بە سەربەرزییەوە بەڕێی کردن.
١٤«”بەڵام ئەگەر گوێم لێ نەگرن و هەموو ئەم فەرمانانە جێبەجێ نەکەن،
١٥ئەگەر فەرزەکانم ڕەت بکەنەوە و قێزتان لە یاساکانم ببێتەوە و فەرمانەکانم بەجێنەهێنن، بەڵکو پەیمانەکەم بشکێنن،
١٦ئەوا من ئەمەتان پێ دەکەم، ترس و تۆقین و نەخۆشی سیل و تایەکتان دەهێنمە سەر کە چاوتان کوێر بکات و گیانتان بشێوێنێت، بێهوودە کشتوکاڵەکەتان دەچێنن، چونکە دوژمنەکانتان دەیخۆن.
١٧من ڕووتان لێ وەردەگێڕم، جا دوژمنەکانتان دەتانشکێنن و ناحەزەکانتان بەسەرتاندا زاڵ دەبن و کەسیش بەدواتانەوە نەبێت هەر هەڵدێن.
١٨«”ئەگەر لەگەڵ ئەوەش هەر گوێم لێ نەگرن، ئەوا حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم.
١٩جا لەخۆبایی کەللەڕەقیتان دەشکێنم و ئاسمانتان وەک ئاسن لێ دەکەم و زەویتان وەک بڕۆنز،
٢٠بێهوودە ماندوو دەبن و زەویتان بەری خۆی نادات و درەختی زەوی بەروبوومی نادات.
٢١«”ئەگەر بە پێچەوانە لەگەڵم جوڵانەوە و نەتانویست گوێم لێ بگرن، ئەوا جارێکی دیکە حەوت قات کارەساتەکەتان لەسەر زیاد دەکەم، بەگوێرەی گوناهەکانتان.
٢٢دڕندەی کێویتان بۆ بەڕەڵا دەکەم و بێ منداڵتان دەکات و مەڕوماڵاتتان قڕ دەکات و کەمتان دەکاتەوە، جا ڕێگاتان چۆڵ دەبێت.
٢٣«”ئەگەر بەوەش تەمبێ نەبوون و بەڵکو بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە،
٢٤ئینجا منیش بە پێچەوانەوە لەگەڵتان دەجوڵێمەوە و حەوت قات بۆ گوناهەکانتان ئازارتان دەدەم.
٢٥شمشێرێکتان دەهێنمە سەر، تۆڵەی تووڕەیی پەیمانەکەتان لێ دەکاتەوە، جا لە شارۆچکەکانتان کۆدەبنەوە و دەرد دەنێرمە نێوانتان و دەدرێنە دەست دوژمن.
٢٦کە نان بڕاوتان دەکەم، هەموو نانەکەتان بە دە ژن و لە یەک تەنوور دەکرێت، بە پێوانەش بەشی دەکەن و دەیخۆن، بەڵام تێر نابن.
٢٧«”ئەگەر بەوەش گوێم لێ نەگرن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە،
٢٨ئەوا بە پێچەوانەوە لەگەڵتان دەجوڵێمەوە بە تووڕەییم و حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم.
٢٩جا گۆشتی کوڕ و کچەکانتان دەخۆن.
٣٠نزرگەکانی سەر بەرزاییتان وێران دەکەم و قوربانگاکانی بخوورتان تەخت دەکەم، لاشەکانتان فڕێدەدەمە سەر لاشەی بتەکانتان و قێزتان لێ دەکەمەوە.
٣١شارۆچکەکانتان وێران دەکەم و شوێنە پیرۆزەکانتان دەکەمە چۆڵەوانی، بۆنەکانی خۆشی قوربانی ئێوە دڵخۆشم ناکات.
٣٢خاکەکە دەکەمە چۆڵەوانی و دوژمنەکانتان کە تێیدا نیشتەجێ دەبن، سەرسام دەبن.
٣٣بەناو نەتەوەکاندا پەرشوبڵاوتان دەکەمەوە و شمشێرەکەم هەڵدەکێشم و ڕاوتان دەنێم. جا خاکەکەتان دەبێتە چۆڵەوانی و شارۆچکەکانتان وێران دەبێت.
٣٤پاشان هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی، زەوییەکە پشووی ساڵەکانی خۆی وەردەگرێت، ئێوەش لە خاکی دوژمنەکانتان دەبن؛ ئەوسا زەوییەکە پشوو دەدات و سوود لە پشووەکانی وەردەگرێت.
٣٥هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی پشوو دەدات، ئەو پشووانەی کە ئێوە پێتان نەدەدا، کاتێک تێیدا نیشتەجێ بوون.
٣٦«”ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە، ئەوا ترسنۆکی دەخەمە دڵیان لە خاکی دوژمنانیان و دەنگی گەڵایەکی هەڵوەریو دەیانبەزێنێت، جا وەک لە شمشێر هەڵبێن ئاوا هەڵدێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت دەکەون.
٣٧بەسەر یەکتردا دەکەون هەروەک لە شمشێر هەڵبێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت، لەبەردەم دوژمنەکانتان هەستانەوەتان نابێت،
٣٨جا لەنێو گەلان لەناودەچن و خاکی دوژمنانتان دەتانخوات.
٣٩ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە ئەوا لە خاکی دوژمنانتان بە گوناهەکانیانەوە لەناودەچن، هەروەها بە گوناهی باوکانیشیانەوە لەناودەچن.
٤٠«”بەڵام ئەگەر دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و باوک و باپیرانیاندا نا، لەو ناپاکییەی لەگەڵ من کردیان کە بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە،
٤١لەبەر ئەوە منیش بە پێچەوانەوە لەگەڵیاندا جوڵامەوە و ئەوانم بردە خاکی دوژمنانیان هەتا دڵە خەتەنەنەکراوەکانیان بێفیز بێت و باجی گوناهەکانیان بدەنەوە،
٤٢ئەوا پەیمانەکەم لەگەڵ یاقوب بەبیر دێتەوە. هەروەها پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاق و پەیمانەکەم لەگەڵ ئیبراهیم و خاکەکەشم بەبیر دێتەوە.
٤٣خاکەکەش لەلایەن ئەوانەوە چۆڵ دەکرێت و سوود لە پشووەکانی وەردەگرێت کاتێک بەبێ ئەوان چۆڵەوانییە. ئەوانیش باجی گوناهەکانیان دەدەنەوە، چونکە یاساکانی منیان ڕەتکردەوە و لە ناخەوە قێزیان لە فەرزەکانم بووەوە.
٤٤بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک لە خاکی دوژمنانیان بوون، ڕەتم نەکردنەوە و قێزم لێیان نەکردەوە، هەتا بە تەواوی لەناویان ببەم و پەیمانم لەگەڵیان بشکێنم، چونکە من یەزدانی پەروەردگاریانم.
٤٥بەڵکو لە پێناویان یادی ئەو پەیمانەیان بۆ دەکەمەوە کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم، ئەوانەی لەبەرچاوی نەتەوەکان لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا ببمە خودای خۆیان. من یەزدانم.“»
٤٦ئەوانە فەرز و یاسا و ڕێنماییەکانن کە یەزدان لەنێوان خۆی و نەوەی ئیسرائیلدا داینا، لە شاخی سینا لەسەر دەستی موسا.