کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزلێڤییەکان

لێڤییەکان ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی هاوبەشی بوو، لە گاگەل پێشکەشی کرد، نێر یان مێ دەبێت ساغ بێت و بیهێنێتە بەردەم یەزدان.

٢دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن.

٣لە قوربانی هاوبەشیش، بەم جۆرە قوربانی بە ئاگر پێشکەشی یەزدان دەکرێت: هەموو هەناوی و ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە،

٤لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە، هەروەها ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکرێتەوە.

٥نەوەی هارونیش لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنن، لەسەر ئەو قوربانی سووتاندنەی لەسەر دارەکانی سەر ئاگرەکەیە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

٦«”ئەگەر قوربانییەکەی لە مەڕوماڵات بوو، قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، نێر یان مێی ساغ پێشکەش دەکات.

٧ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات.

٨دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت و نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن.

٩لە قوربانی هاوبەشییەکەش پیوەکەی وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. دوگەکەی بە تەواوی لەلای دوا بڕبڕەی پشتەوە لێ دەکاتەوە لەگەڵ ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی بەسەر هەناویەوەیە،

١٠لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە.

١١کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

١٢«”ئەگەر قوربانییەکەشی گیسک بوو، نێر یان مێ، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات،

١٣دەستی لەسەر سەری دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن،

١٤لەوەوە قوربانی بە ئاگرەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە،

١٥لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە،

١٦کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە، بۆنی خۆشییە، هەموو پیوەکە هی یەزدانە.

١٧«”ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە لە هەموو نشینگەکانتاندا، نە پیو و نە خوێن مەخۆن.“»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.