کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزلۆقا

لۆقا ١٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١عیسا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە کە پێویستە هەمیشە نوێژ بکەن و ورە بەرنەدەن.

٢فەرمووی: «لە شارێک دادوەرێک هەبوو لە خودا نەدەترسا و ڕێزی مرۆڤیشی نەدەگرت.

٣لەو شارەدا بێوەژنێک هەبوو، دەهاتە لای و دەیگوت: ”مافم لە نەیارەکەم بستێنەوە.“

٤«ئەویش ماوەیەک نەیدەویست، بەڵام دواتر لە دڵی خۆیدا گوتی: ”هەرچەندە لە خودا ناترسم و ڕێزیش لە مرۆڤ ناگرم،

٥بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بێوەژنە بێزارم نەکات، مافەکەی بۆ وەردەگرمەوە، ئەگینا وازناهێنێت و وەڕسم دەکات.“»

٦مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: «گوێ بگرن لەوەی دادوەرە زۆردارەکە دەیڵێت.

٧باشە خودا مافی هەڵبژێردراوەکانی خۆی کە شەو و ڕۆژ لێی دەپاڕێنەوە وەرناگرێت؟ ئایا درەنگ وەڵامیان دەداتەوە؟

٨پێتان دەڵێم: خێرا مافیان بۆ وەردەگرێت. بەڵام کاتێک کوڕی مرۆڤ دێتەوە، ئایا باوەڕ لەسەر زەوی دەدۆزێتەوە؟»

٩بۆ ئەوانەی کە لە بێتاوانبوونی خۆیان دڵنیا بوون و خەڵکیان بە سووک سەیر دەکرد، ئەم نموونەیەی هێنایەوە:

١٠«دوو کەس بۆ نوێژکردن چوونە پەرستگا، یەکێکیان فەریسی و ئەوەی دیکە باجگر.

١١فەریسییەکە وەستا، لە دڵی خۆیدا ئەم نوێژەی دەکرد: ”خودایە سوپاست دەکەم وەک خەڵکی دیکە نیم، کە قۆڵبڕ و خراپەکار و داوێنپیسن، وەک ئەم باجگرەش نیم.

١٢هەفتەی دوو جار بەڕۆژوو دەبم، ئەوەی دەستم دەکەوێت دەیەکی دەبەخشم.“

١٣«بەڵام باجگرەکە لە دوورەوە ڕاوەستا، نەیدەویست چاوی بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، سنگی خۆی دەکوتا و دەیگوت: ”ئەی خودایە بەزەییت بە منی گوناهباردا بێتەوە.“

١٤«پێتان دەڵێم، ئەمە گەڕایەوە ماڵی خۆی بێتاوان کرابوو، پێچەوانەی ئەوی دیکە، چونکە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»

١٥خەڵک منداڵی ساوایان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی سەرزەنشتیان کردن.

١٦بەڵام عیسا بانگی منداڵەکانی کرد و فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە.

١٧ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»

١٨کابرایەکی دەسەڵاتدار پرسیاری لێکرد: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»

١٩عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە.

٢٠ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿داوێنپیسی مەکە، مەکوژە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾»

٢١ئەویش گوتی: «لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.»

٢٢عیساش گوێی لەمە بوو، پێی فەرموو: «هێشتا شتێکت کەمە. هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بەسەر هەژاران دابەشی بکە، گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت. ئینجا وەرە دوام بکەوە.»

٢٣کاتێک ئەمەی بیست، زۆر دڵتەنگ بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو.

٢٤کاتێک عیسا ئەوی بە خەمناکی بینی، فەرمووی: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە!

٢٥ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»

٢٦ئەوانەی گوێیان لێبوو گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»

٢٧عیسا فەرمووی: «ئەوەی لەلای خەڵکی مەحاڵە، لای خودا دەبێت.»

٢٨پەترۆس گوتی: «ئەوەتا هەموو شتێکمان بەجێهێشتووە و دوات کەوتووین.»

٢٩ئەویش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، ژن، برا، دایک، باوک یان منداڵی لەبەر شانشینی خودا بەجێهێشتبێت،

٣٠لەم دنیایە چەند ئەوەندە لە بەرامبەری وەرنەگرێتەوە و لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.»

٣١عیسا دوازدە قوتابییەکەی برد و پێی فەرموون: «ئەوا بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوین، هەرچی پێغەمبەران لەبارەی کوڕی مرۆڤەوە نووسیویانە دێتە دی.

٣٢دەدرێتە دەستی ناجولەکەکان، گاڵتەی پێ دەکرێت و جنێوی پێدەدرێت و تفی لێ دەکرێت،

٣٣بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە.»

٣٤بەڵام هیچ لەمە تێنەگەیشتن و ئەم باسە لێیان شاراوە بوو، ئەوەی گوترا درکیان پێی نەکرد.

٣٥کاتێک عیسا لە ئەریحا نزیک بووەوە، کەسێکی نابینا لەسەر ڕێگا دانیشتبوو سواڵی دەکرد.

٣٦کە گوێی لە خەڵکەکە بوو دەڕۆیشتن، پرسیاری کرد ئەمە چییە.

٣٧پێیان گوت: «عیسای ناسیرەیی لێرەوە تێدەپەڕێت.»

٣٨جا هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»

٣٩ئەوانەی لەپێشەوە دەڕۆیشتن سەرزەنشتیان کرد بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت، بەڵام ئەو زۆر زیاتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»

٤٠عیسا ڕاوەستا و فەرمانی دا بیهێننە لای. کاتێک نزیک بووەوە، لێی پرسی:

٤١«چیت دەوێ بۆت بکەم؟» گوتی: «گەورەم، دەمەوێ ببینم.»

٤٢عیساش پێی فەرموو: «ببینە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.»

٤٣دەستبەجێ بینی، دوای کەوت و ستایشی خودای دەکرد. هەروەها هەموو خەڵکەکەش کە بینییان ستایشی خودایان کرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.