کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزلۆقا

لۆقا ٢٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا هەموو کۆمەڵەکە هەستان و عیسایان بردە لای پیلاتۆس.

٢دەستیان بە سکاڵا لێکردنی کرد و دەیانگوت: «بینیمان ئەمە گەلەکەمان چەواشە دەکات، هەروەها هانی خەڵکەکە دەدات کە سەرانە بە قەیسەر نەدەن و خۆی بە مەسیحی پاشا ناودەبات.»

٣پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت.»

٤پیلاتۆسیش بە کاهینانی باڵا و خەڵکەکەی گوت: «هیچ تاوانێک لەم پیاوە نابینم.»

٥بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و گوتیان: «گەل دەوروژێنێت، لە هەموو یەهودیا خەڵک فێردەکات، دەستپێک لە جەلیلەوە هەتا ئێرە.»

٦کاتێک پیلاتۆس ئەمەی بیست، پرسیاری کرد ئاخۆ پیاوەکە جەلیلییە.

٧کە زانی عیسا سەر بەو ناوچەیە کە هێرۆدس حوکمڕانی دەکرد، ناردی بۆ لای هێرۆدس، کە لەو ڕۆژانەدا ئەویش لە ئۆرشەلیم بوو.

٨کاتێک هێرۆدس عیسای بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونکە دەمێک بوو دەیویست بیبینێت لەبەر ئەوەی زۆر شتی لەبارەیەوە بیستبوو و بەو هیوایە بوو کە یەکێک لە پەرجووەکانی ببینێت.

٩جۆرەها پرسیاری لێکرد، بەڵام هیچ وەڵامی نەدایەوە.

١٠کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتیش ڕاوەستان و بە توندی سکاڵایان لێی دەکرد.

١١هێرۆدس و سەربازەکانی سووکایەتی و گاڵتەیان پێی دەکرد. کەوایەکی بریسکەداریان لەبەری کرد و ناردیانەوە بۆ لای پیلاتۆس.

١٢پیلاتۆس و هێرۆدس پێشتر دوژمنی یەکتری بوون، بەڵام لەو ڕۆژەدا لەگەڵ یەکتری بوونە دۆست.

١٣پیلاتۆس کاهینانی باڵا و پێشەوایان و گەلی بانگکرد و

١٤پێی گوتن: «ئەم پیاوەتان هێنایە لام وەک یەکێک خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات. ئەوەتا منیش لەبەردەمتان لێم کۆڵییەوە و هیچ تاوانێکم لەم پیاوەدا نەبینی لەوەی سکاڵای لێدەکەن.

١٥نە هێرۆدسیش، چونکە بۆ لای ئێمەی ناردووەتەوە. هەروەک دەبینن، هیچ شتێکی وای نەکردووە کە شایانی سزای مردن بێت.

١٦لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.» [

١٧ناچار بوو لە هەموو جەژنێکدا کەسێکیان بۆ ئازاد بکات.]

١٨بەڵام تێکڕا هاواریان کرد، «ئەمە ببە! باراباسمان بۆ ئازاد بکە!»

١٩ئەوەی لەبەر ڕاپەڕینێک کە لە شاردا ڕوویدابوو و لەبەر کوشتن فڕێدرابووە بەندیخانەوە.

٢٠پیلاتۆس دیسان بانگی کردن، دەیویست عیسا ئازاد بکات.

٢١بەڵام هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!»

٢٢بۆ جاری سێیەم پێی گوتن: «بۆ؟ ئەمە چ خراپەیەکی کردووە؟ من تاوانێکی تێدا نابینم کە سزایەکەی مردن بێت. لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.»

٢٣بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و بە دەنگی بەرز داوایان دەکرد لە خاچ بدرێت، جا بەمە قسەکەیان سەرکەوت.

٢٤پیلاتۆسیش بڕیاری دا داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت.

٢٥ئەوەی لەبەر ڕاپەڕین و کوشتن فڕێدرابووە زیندانەوە ئازادی کرد، ئەوەی داوایان کرد، عیساشی دایە دەست خواستی ئەوان.

٢٦کاتێک بردیان، شیمۆنی کورێنییان گرت کە لە کێڵگە دەهاتەوە، خاچەکەیان خستە سەر شانی تاکو بەدوای عیساوە هەڵیبگرێت.

٢٧خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆر دوای کەوتبوون، هەروەها چەند ژنێک شینیان دەکرد و دەگریان‏.

٢٨عیسا ئاوڕی لێ دانەوە، فەرمووی: «کچانی ئۆرشەلیم بۆ من مەگریێن، بۆ خۆتان و منداڵەکانتان بگریێن.

٢٩ئەوەتا ڕۆژانێک دێت، تێیدا دەڵێن، خۆزگە دەخوازرێت بە نەزۆک و بەو سکانەی منداڵیان نەبووە و بەو مەمکانەی شیریان نەداوە.

٣٠ئەو کاتە «﴿بە چیاکان دەڵێن، ”بەسەرماندا بڕووخێن!“ بە گردەکانیش دەڵێن، ”دامانپۆشن!“﴾

٣١ئەگەر ئەم شتانە بە داری سەوز بکەن، ئەی کە وشک بێت، چی دەبێت؟»

٣٢دوو تاوانباری دیکەشیان هێنا تاکو لەگەڵ ئەودا بکوژرێن.

٣٣کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی بە کاسەسەر ناودەبردرا، لەوێ لەگەڵ تاوانبارەکان لە خاچیان دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی.

٣٤عیساش فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن.» ئینجا بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد.

٣٥خەڵکەکە ڕاوەستابوون سەیریان دەکرد، ڕابەرەکان گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، ئەگەر ئەمە مەسیحی خودایە، هەڵبژێردراوی خودایە، با خۆی ڕزگار بکات!»

٣٦سەربازانیش دەهاتنە لای و گاڵتەیان پێ دەکرد، سرکەیان پێدەدا و

٣٧دەیانگوت: «ئەگەر تۆ پاشای جولەکەیت، خۆت ڕزگار بکە!»

٣٨تەختەیەکیش لەژوور سەرییەوە داکوترابوو کە لەسەری نووسرابوو، «ئەمە پاشای جولەکەیە.»

٣٩یەکێک لە تاوانبارە هەڵواسراوەکان، کفری لە دژی دەکرد و دەیگوت: «ئایا تۆ مەسیح نیت؟ دەی خۆت و ئێمەش ڕزگار بکە.»

٤٠بەڵام ئەوی دیکە وەڵامی دایەوە و سەرزەنشتی کرد: «لە خودا ناترسی، کە تۆش هەمان سزات بەسەردا دراوە؟

٤١سزای ئێمە دادپەروەرانەیە، لە جیاتی کردارەکانمان وەریدەگرین، بەڵام ئەم پیاوە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە.»

٤٢ئینجا گوتی: «عیسا منت لەیاد بێت کاتێک وەک پاشا دێیتە ناو شانشینەکەتەوە.»

٤٣پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە بەهەشتدا دەبیت.»

٤٤نزیکی کاتژمێر دوازدە، هەتا کاتژمێر سێ تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا،

٤٥چونکە ڕۆژ تاریک بوو. پەردەی پەرستگاش شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە.

٤٦عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «باوکە، ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» ئەمەی فەرموو و گیانی سپارد.

٤٧سەرپەلەکە ئەم شتانەی بینی کە ڕوویدا، ستایشی خودای کرد و گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە بێتاوان بوو.»

٤٨هەموو ئەو خەڵکەی بۆ ئەم دیمەنە کۆببوونەوە، کاتێک ئەوەیان بینی کە ڕوویدا، بە سنگکوتانەوە دەگەڕانەوە.

٤٩بەڵام هەموو ناسیاوەکانی و ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە دوای کەوتبوون، لە دوور ڕاوەستابوون و تەماشای ئەم شتانەیان دەکرد.

٥٠ئەوە بوو ئەندامێکی ئەنجومەن ناوی یوسف بوو، کابرایەکی چاک و ڕاستودروست بوو،

٥١لە ئەنجومەن و کردارەکەیان ڕازی نەبوو. خەڵکی ڕامە بوو کە شارێکی یەهودیایە، چاوەڕوانی شانشینی خودا بوو.

٥٢ئەم چووە لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد.

٥٣دایگرت و بە کەتان پێچایەوە، لە گۆڕێکی لە تاشەبەرد هەڵکەنراو داینا کە هەرگیز کەسی تێدا دانەنرابوو.

٥٤ئەو ڕۆژە خۆ ئامادەکردن بوو، ئەوەندەی نەمابوو بۆ ڕۆژی شەممە.

٥٥ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە لەگەڵ عیسا هاتبوون، دوای یوسف کەوتن، گۆڕەکە و تەرمەکەیان بینی چۆن دانرا.

٥٦ئینجا گەڕانەوە و بۆنوبەرامیان ئامادە کرد، بەڵام لە ڕۆژی شەممە بەگوێرەی ڕاسپاردەکە پشوویان دا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.