کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزلۆقا

لۆقا ٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ڕۆژێکیان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەنیسارەت ڕاوەستابوو، خەڵکی پاڵەپەستۆیان دەکرد تاکو گوێ لە پەیامی خودا بگرن.

٢عیسا دوو بەلەمی لە کەناری دەریاچەکە بینی کە ماسیگرەکان بەجێیان هێشتبوو و تۆڕەکانیان دەشوشت.

٣چووە ناو یەکێکیان، هی شیمۆن بوو، داوای لێکرد کەمێک لە وشکانی دووری بخاتەوە، ئینجا دانیشت و لەناو بەلەمەکەوە خەڵکەکەی فێردەکرد.

٤کاتێک وتەکانی تەواو کرد بە شیمۆنی فەرموو: «دووری بخەرەوە بۆ قووڵایی و تۆڕەکانتان بۆ ڕاوکردن فڕێبدەن.»

٥شیمۆن وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بە درێژایی شەو زۆر هەوڵمان دا و هیچمان نەگرت. بەڵام لەبەر قسەی تۆ، تۆڕەکان فڕێدەدەم.»

٦کاتێک ئەمەیان کرد ماسییەکی زۆریان گرت، خەریک بوو تۆڕەکانیان بدڕێت.

٧جا ئیشارەتیان بۆ هاوکارانی ناو بەلەمەکەی دیکە کرد، تاکو بێن و یارمەتییان بدەن، ئیتر هاتن و هەردوو بەلەمەکەیان پڕکرد، هەتا وای لێهات خەریک بوو نوقوم ببن.

٨شیمۆن پەترۆس کە ئەمەی بینی، خۆی خستە بەرپێی عیسا و گوتی: «گەورەم، لێم دووربکەوە، چونکە مرۆڤێکی گوناهبارم!»

٩پەترۆس و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە زۆری ئەو ماسییانەی گرتبوویان سەریان سوڕمابوو،

١٠یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدیش، هاوبەشی شیمۆن بوون. عیسا بە شیمۆنی فەرموو: «مەترسە! ئیتر تۆ لە ئێستاوە مرۆڤ ڕاو دەکەیت.»

١١لەدوای ئەوەی بەلەمەکانیان هێنایە وشکانی، هەموو شتێکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.

١٢کاتێک عیسا لە یەکێک لە شارەکان بوو، پیاوێک هات کە بە تەواوی تووشی نەخۆشی گولی ببوو. کە عیسای بینی خۆی بە زەویدا دا و لێی پاڕایەوە: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»

١٣عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە.» ئیتر یەکسەر گولییەکەی لێبووەوە.

١٤عیسا ڕایسپارد: «بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»

١٥لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵی عیسا زیاتر بڵاو بووەوە، جا خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە تاکو گوێ بگرن و نەخۆشییەکانیان چاک بێتەوە.

١٦بەڵام ئەو دووردەکەوتەوە بۆ چۆڵەوانی و نوێژی دەکرد.

١٧ڕۆژێکیان عیسا خەریکی فێرکردن بوو، فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش کە لە هەموو گوندەکانی جەلیل و یەهودیا و ئۆرشەلیمەوە هاتبوون دانیشتبوون، توانایەکی خودایی هەبوو بۆ چاککردنەوە.

١٨چەند پیاوێک هاتن کابرایەکی ئیفلیجیان بە جێگاکەیەوە هێنا و دەیانویست بیبەنە ژوورەوە و لەبەردەمی دایبنێن.

١٩کاتێک لەبەر زۆری خەڵکەکە ڕێیان نەبوو بیبەنە ژوورەوە، سەرکەوتنە سەربان و بە جێگاکەیەوە بە نێوان خشتەکاندا شۆڕیان کردەوە بۆ ناوەڕاستیان بۆ بەردەم عیسا.

٢٠کە عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، فەرمووی: «کابرا، گوناهەکانت بەخشران.»

٢١مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان بیریان کردەوە و لە خۆیان پرسی: «ئەمە کێیە کفر دەکات؟ بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»

٢٢بەڵام عیسا زانی بیر لە چی دەکەنەوە، وەڵامی دانەوە: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟

٢٣کامیان ئاسانترە، بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە و بڕۆ“؟

٢٤بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.»

٢٥دەستبەجێ لەبەرچاویان هەستا، ئەوەی لەسەری ڕاکشابوو هەڵیگرت و چووەوە ماڵی خۆی، ستایشی خوداشی دەکرد.

٢٦هەموویان سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد، ترس دایگرتن‏ و گوتیان: «ئەمڕۆ شتی سەرسوڕهێنەرمان بینی.»

٢٧لەدوای ئەمانە عیسا ئەوێی بەجێهێشت، باجگرێکی بینی ناوی لێڤی بوو، لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.»

٢٨ئەویش هەموو شتێکی بەجێهێشت، هەستا و دوای کەوت.

٢٩لێڤی لە ماڵی خۆیدا میواندارییەکی گەورەی بۆ کرد، زۆر لە باجگران و خەڵکی دیکە لەگەڵیان لەسەر خوان بوون.

٣٠بەڵام فەریسی و مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون بۆڵەبۆڵیان بەسەر قوتابییەکانیدا کرد و گوتیان: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران دەخۆن و دەخۆنەوە؟»

٣١عیساش وەڵامی دانەوە: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش.

٣٢نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران بۆ تۆبەکردن.»

٣٣ئینجا پێیان گوت: «قوتابییەکانی یەحیا زۆر ڕۆژوو دەگرن و نوێژ دەکەن، هەروەها ئەوانەی فەریسییەکان، بەڵام ئەوانەی تۆ دەخۆن و دەخۆنەوە.»

٣٤عیساش پێی فەرموون: «ئایا دەتوانن وا بکەن بانگهێشتکراوانی زەماوەند بەڕۆژوو بن، کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟

٣٥بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.»

٣٦هەروەها نموونەیەکی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «هیچ کەس پارچەیەک لە جلوبەرگێکی نوێ ناکاتەوە بۆ ئەوەی جلوبەرگێکی کۆنی پێ پینە بکات، چونکە جلوبەرگە نوێیەکە دەدڕێت و پینە نوێیەکەش لەگەڵ جلوبەرگە کۆنەکە ناگونجێت.

٣٧کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا شەرابە نوێیەکە مەشکەکە دەدڕێنێت و دەڕژێت، مەشکەکەش لەناودەچێت.

٣٨کەواتە پێویستە شەرابی نوێ بکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.

٣٩کەسیش نییە شەرابی کۆن بخواتەوە و ئارەزووی نوێ بکات، چونکە دەڵێت ”کۆنەکە خۆشترە.“»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.