١لەدوای ئەوەی عیسا لە وتەکانی بووەوە بۆ ئەو خەڵکەی کە گوێیان لێدەگرت، چووە ناو کەفەرناحوم.
٢سەرپەلێک کۆیلەیەکی هەبوو زۆری خۆشدەویست، نەخۆش بوو و لە سەرەمەرگدا بوو.
٣کاتێک سەرپەلەکە هەواڵی عیسای بیست، پیرانی جولەکەی ناردە لای بۆ ئەوەی داوای لێ بکەن کە بێت و کۆیلەکەی چاک بکاتەوە.
٤ئەوانیش هاتنە لای عیسا و بە دڵ لێی پاڕانەوە و گوتیان: «شایانی ئەوەیە کە ئەمەی بۆ بکەیت،
٥چونکە گەلی ئێمەی خۆشدەوێت و کەنیشتی بۆمان دروستکردووە.»
٦عیساش لەگەڵیان چوو. بەڵام زۆری نەمابوو بگاتە ماڵەکە کە سەرپەلەکە هاوڕێکانی نارد پێی بڵێن: «گەورەم، ئەزیەت مەکێشە، شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم،
٧لەبەر ئەوە خۆمم بە شایانی ئەوە نەزانی کە بێمە لات. تەنها وشەیەک بفەرموو، خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە،
٨چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.»
٩کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، پێی سەرسام بوو، ئینجا ئاوڕی لەو خەڵکە دایەوە کە دوای کەوتبوون، فەرمووی: «پێتان دەڵێم، لە ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە.»
١٠ئەوانەی نێردرابوون گەڕانەوە ماڵەکە، بینییان کۆیلەکە چاک بووەتەوە.
١١بۆ ڕۆژی پاشتر، عیسا بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆری لەگەڵ چوون.
١٢کاتێک لە دەروازەی شارەکە نزیک بووەوە، تەرمێکی بینی بەسەر شانی خەڵکەوە، ئەویش کوڕە تاقانەی بێوەژنێک بوو، خەڵکێکی زۆری شارەکەی لەگەڵ بوو.
١٣کاتێک مەسیح ژنەکەی بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فەرموو: «مەگریێ.»
١٤ئینجا هاتە پێشەوە و دەستی لە دارەمەیتەکە دا، هەڵگرانی ڕاوەستان. فەرمووی: «ئەی کوڕی گەنج، پێت دەڵێم، هەستە!»
١٥مردووەکە ڕاستبووەوە و دەستی کرد بە قسەکردن، عیساش دایەوە دەست دایکی.
١٦هەموو ترسیان لێ نیشت، ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «لەناوماندا پێغەمبەرێکی مەزن دەرکەوتووە، خوداش گەلەکەی خۆی بەسەرکردەوە!»
١٧ئەم هەواڵەی ئەو لە هەموو یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە.
١٨قوتابییەکانی یەحیا هەموو ئەمانەیان بە یەحیا ڕاگەیاند. ئەویش دووان لە قوتابییەکانی بانگکرد و
١٩ناردنی بۆ لای مەسیحی خاوەن شکۆ بۆ ئەوەی لێی بپرسن: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»
٢٠پیاوەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «یەحیای لەئاوهەڵکێش ئێمەی بۆ لات ناردووە، دەڵێت: ”ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟“»
٢١لەو کاتەدا عیسا زۆر کەسی لە نەخۆشی و دەرد و ڕۆحە پیسەکان چاککردەوە، بینایی بە چاوی زۆر لە کوێرەکان بەخشی.
٢٢ئینجا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن چیتان بینی و بیستتان بە یەحیای ڕابگەیەنن، کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت.
٢٣خۆزگە دەخوازرێ بەوەی گومانم لێ ناکات.»
٢٤کاتێک نێردراوانی یەحیا ڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟
٢٥ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن و خۆش ڕادەبوێرن لە کۆشکەکان دەژین.
٢٦ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر.
٢٧یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: «﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.﴾
٢٨من پێتان دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیا پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی خودایە لەو پایەبەرزترە.»
٢٩هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، تەنانەت باجگرانیش دانیان بە دادپەروەری خودا نا، چونکە بە دەستی یەحیا لە ئاو هەڵکێشرا بوون.
٣٠بەڵام فەریسی و تەوراتناس خواستی خودایان دەرهەق بە خۆیان ڕەتکردەوە، چونکە لەسەر دەستی ئەو لە ئاو هەڵنەکێشرابوون.
٣١عیسا بەردەوام بوو و فەرمووی: «ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لە چی دەچن؟
٣٢لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕدا دانیشتوون و یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن: «”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین، شینمان بۆ گێڕان و نەگریان.“
٣٣یەحیای لەئاوهەڵکێش هات، نە نان دەخوات و نە شەراب دەخواتەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“
٣٤کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“
٣٥بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە بەرهەمیەوە دەردەکەوێت.»
٣٦یەکێک لە فەریسییەکان داوای لە عیسا کرد نانی لەگەڵ بخوات، ئەویش چووە ماڵی فەریسییەکە و لەسەر خوان دانیشت.
٣٧لە شارەکە ئافرەتێکی گوناهبار هەبوو، زانی عیسا لە ماڵی فەریسییەکە دانیشتووە، بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی هێنا،
٣٨لە دواوە بە گریانەوە لەلای پێی ڕاوەستا، پێیەکانی بە فرمێسک تەڕ کرد و بە قژی بۆی سڕییەوە، پێیەکانی ماچکرد و بە بۆنەکە چەوری کردن.
٣٩ئەو فەریسییەی کە عیسای داوەت کردبوو، کاتێک ئەمەی بینی، لە دڵیدا گوتی: «ئەگەر ئەمە پێغەمبەر بووایە، دەیزانی ئەم ئافرەتەی دەستی لێدەدات کێیە و چییە، چونکە گوناهبارە.»
٤٠عیسا وەڵامی دایەوە: «شیمۆن، دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.» گوتی: «بفەرموو مامۆستا.»
٤١«کابرایەک قەرزی دابوو بە دوو کەس، بە یەکێکیان پێنج سەد دینار، ئەوەی دیکەیان پەنجا.
٤٢هیچ کامیان نەیانبوو بیدەنەوە، کابرا لە هەردووکیان خۆشبوو. کامیان زیاتر کابرای خۆشدەوێت؟»
٤٣شیمۆن وەڵامی دایەوە: «لەو باوەڕەدام ئەوەی پارە زۆرەکەی لەلابوو.» پێی فەرموو: «حوکمەکەت ڕاستە.»
٤٤ئینجا ڕووی کردە ئافرەتەکە و بە شیمۆنی فەرموو: «ئەم ئافرەتە دەبینیت؟ هاتمە ماڵەکەت و ئاوت نەدامێ بۆ ئەوەی پێیەکانم بشۆم، بەڵام ئەم بە فرمێسک پێی تەڕ کردم و بە قژی سڕییەوە.
٤٥تۆ ماچت نەکردم، بەڵام ئەم لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە لە ماچکردنی پێیەکانم نەوەستاوە.
٤٦تۆ زەیتت لە سەرم نەدا، بەڵام ئەم بە بۆن پێیەکانمی چەورکرد.
٤٧لەبەر ئەم هۆیە پێت دەڵێم، گوناهە زۆرەکانی بەخشران و ئاوا خۆشەویستییە زۆرەکەی دەردەبڕێت. بەڵام ئەوەی کەم بەخشراوە، کەم خۆشەویستی دەردەبڕێت.»
٤٨ئینجا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «گوناهەکانت بەخشران.»
٤٩ئەوانەی لەگەڵی دانیشتبوون لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کێیە تەنانەت گوناهیش دەبەخشێت؟»
٥٠عیسا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «باوەڕت ڕزگاری کردیت. بڕۆ بە سەلامەت.»