١کاتێک عیسا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، هێز و دەسەڵاتی پێدان بۆ دەرکردنی هەموو ڕۆحە پیسەکان و چاککردنەوەی نەخۆشییەکان،
٢ناردنی تاکو مزگێنی پاشایەتی خودا بدەن و نەخۆش چاک بکەنەوە.
٣پێی فەرموون: «بۆ ڕێگا هیچ هەڵمەگرن، نە گۆچان و نە توورەکە، نە نان و نە پارە، کەسیش کراسی زیادەی پێ نەبێت.
٤چوونە هەر ماڵێک لەوێ بمێننەوە هەتا ئەو کاتەی ئەوێ بەجێدەهێڵن.
٥ئەگەر خەڵکەکەی پێشوازییان لێ نەکردن، لە شارۆچکەکەیان بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.»
٦جا بەڕێکەوتن و بە گوندەکاندا دەگەڕان، مزگێنییان دەدا و لە هەموو لایەک خەڵکیان چاک دەکردەوە.
٧هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای جەلیل بوو، هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە ڕوویدەدا و سەری سوڕما، چونکە هەندێک دەیانگوت: «یەحیا لەناو مردووان هەستاوەتەوە.»
٨هەندێکی دیکەش دەیانگوت: «ئەلیاس دەرکەوتووە.» کەسانی دیکەش: «یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆن زیندووبووەتەوە.»
٩هێرۆدسیش گوتی: «خۆم سەری یەحیام لێکردەوە، ئەی ئەمە کێیە شتی وای لێ دەبیستم؟» لەبەر ئەوە هەوڵی دەدا بیبینێت.
١٠نێردراوان گەڕانەوە و ئەوەی کردبوویان بۆ عیسایان گێڕایەوە، ئەویش ئەوانی برد و بە تەنها چوون بۆ شارۆچکەیەک کە ناوی بێتسەیدا بوو.
١١بەڵام خەڵکەکە زانییان و دوای کەوتن، ئەویش پێشوازی لێکردن و باسی پاشایەتی خودای بۆ کردن، ئەوانەی پێویستییان بە چاکبوونەوە بوو چاکیکردنەوە.
١٢کاتێک ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو، دوازدە قوتابییەکە هاتن و پێیان گوت: «خەڵکەکە بەڕێبکە با بڕۆنە گوند و کێڵگەکانی دەوروبەر، تاکو لەوێ بمێننەوە و خواردنیش پەیدا بکەن، چونکە ئێمە لێرە لە شوێنێکی چۆڵداین.»
١٣پێی فەرموون: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» وەڵامیان دایەوە: «لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە، مەگەر بڕۆین نان بۆ هەموو خەڵکەکە بکڕین،»
١٤چونکە نزیکەی پێنج هەزار پیاو دەبوون. ئینجا بە قوتابییەکانی فەرموو: «بە کۆمەڵ دایاننیشێنن، هەر کۆمەڵێک نزیکەی پەنجا کەس بێت.»
١٥جا بەم جۆرەیان کرد و هەموویان دانیشاندن.
١٦ئینجا عیسا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن، دایە قوتابییەکان تاکو لەبەردەمی خەڵکەکەی دابنێن.
١٧هەموو خواردیان و تێر بوون. لەو پەلکەنانەی لێیان مایەوە دوازدە سەبەتە هەڵگیرایەوە.
١٨کاتێک عیسا بە تەنها نوێژی دەکرد، قوتابییەکان لەگەڵی بوون، لێی پرسین: «خەڵکەکە دەڵێن من کێم؟»
١٩وەڵامیان دایەوە: «یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش ئەلیاس، خەڵکی دیکەش دەڵێن کە یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆنە زیندووبووەتەوە.»
٢٠پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «مەسیحی خودایت.»
٢١ئەویش ئاگاداری کردنەوە و ڕایسپاردن ئەمە بە کەس نەڵێن.
٢٢هەروەها فەرمووی: «کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.»
٢٣ئینجا بە هەمووانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و ڕۆژانە خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت،
٢٤چونکە ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات.
٢٥چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە، بەڵام خۆی بدۆڕێنێت یان خۆی لە دەست بدات؟
٢٦ئەوەی شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆمەندی خۆی و باوک و فریشتە پیرۆزەکانەوە دێتەوە.
٢٧«بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن.»
٢٨نزیکەی هەشت ڕۆژ لەدوای ئەم وتانە، عیسا پەترۆس و یۆحەنا و یاقوبی برد و سەرکەوتە سەر چیایەک تاکو نوێژ بکات.
٢٩کاتێک نوێژی دەکرد، ڕوخساری گۆڕا و جلەکانی سپی بریسکەدار هەڵگەڕان.
٣٠دوو پیاویش لەگەڵی دەدوان، موسا و ئەلیاس بوون.
٣١بە شکۆوە دەرکەوتن و لەبارەی ڕووداوی بەجێهێشتنی جیهان کە دەبووایە بەم نزیکانە لە ئۆرشەلیم بێتە دی، گفتوگۆیان کرد.
٣٢بەڵام پەترۆس و هاوڕێیانی خەو چاوی قورس کردبوون، کاتێک بە تەواوی خەبەریان بووەوە شکۆی ئەویان بینی و هەروەها ئەو دوو پیاوەشیان بینی کە لەگەڵی ڕاوەستابوون.
٣٣کاتێک پیاوەکان لە عیسا جیا دەبوونەوە، پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» ئەمەی گوت بێ ئەوەی بزانێت باسی چی دەکات.
٣٤کاتێک لەم قسانەدا بوو، هەورێک هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، کە کەوتنە ناو هەورەکە، ترسان.
٣٥دەنگێک لەناو هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی منە، ئەوەی هەڵمبژاردووە، گوێی لێ بگرن.»
٣٦کە دەنگەکە نەما، عیسا بە تەنها بینرا. ئەوانیش بێدەنگ بوون و لەو ڕۆژانەدا لەلای کەس باسی ئەو شتانەیان نەکرد کە بینییان.
٣٧بۆ بەیانی، کە لە کێوەکە هاتنە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر بەرەوپیریان هاتن.
٣٨لەنێو خەڵکەکەدا پیاوێک هاواری کرد: «مامۆستا، لێت دەپاڕێمەوە تەماشای کوڕەکەم بکە، چونکە تاقە کوڕمە.
٣٩ڕۆحی پیس دەستی لێ دەوەشێنێت، کوڕەکەشم لەناکاو هاوار دەکات و فێی لێ دێت و دەمی کەف دەکات، بە زەحمەت وازی لێ دەهێنێت و شلوکوتی دەکات.
٤٠لە قوتابییەکانت پاڕامەوە تاکو دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
٤١عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم و بەرگەتان بگرم؟ کوڕەکەت بهێنە ئێرە.»
٤٢کاتێک کوڕەکە دەهات، ڕۆحە پیسەکە ڕایتەکاند و فێی لێ هێنا، عیساش لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و کوڕەکەی چاککردەوە، دایەوە دەست باوکی.
٤٣هەموو لە گەورەیی خودا سەرسام بوون. کاتێک هەمووان لە تەواوی کارەکانی عیسا سەرسام ببوون، عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو:
٤٤«بە باشی گوێ لە قسەکانم بگرن: کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک.»
٤٥بەڵام لەم قسەیە تێنەگەیشتن، لێیان شاردرابووەوە تاکو حاڵی نەبن، ترسان لەبارەی ئەم قسەیە پرسیاریشی لێ بکەن.
٤٦دەمەقاڵەیەک لەنێوان قوتابییەکاندا دروست بوو لەسەر ئەوەی کە کامیان پایەبەرزترە.
٤٧عیسا بە نیازی دڵیانی زانی، منداڵێکی هێنا و لەلای خۆی ڕایگرت،
٤٨پێی فەرموون: «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لەم منداڵە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازی لە من بکات، ئەوا پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی، چونکە بچووکترینی هەمووتان پایەبەرزترە.»
٤٩یۆحەنا گوتی: «گەورەم، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ڕێمان لێ گرت، چونکە لەگەڵمان دوات ناکەوێت.»
٥٠عیساش پێی فەرموون: «ڕێی لێ مەگرن، چونکە ئەوەی دژتان نییە لەگەڵتانە.»
٥١کە ڕۆژانی بەرزکردنەوەی عیسا نزیک بووەوە، پێداگری کرد لەسەر ڕۆیشتنی بۆ ئۆرشەلیم.
٥٢نێردراوی لەپێش خۆی نارد، ئەوانیش ڕۆیشتن و چوونە گوندێکی سامیرەییەکان تاکو شوێنی بۆ ئامادە بکەن،
٥٣بەڵام پێشوازییان لێ نەکرد، چونکە بەرەو ئۆرشەلیم دەچوو.
٥٤کاتێک یاقوب و یۆحەنای قوتابییانی عیسا ئەمەیان بینی، گوتیان: «گەورەم، دەتەوێ داوا بکەین لە ئاسمانەوە ئاگر بێتە خوارەوە و لەناویان ببات؟»
٥٥بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەرزەنشتی کردن.
٥٦ئینجا چوونە گوندێکی دیکە.
٥٧کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیشتن، یەکێک پێی گوت: «بۆ هەرکوێ بچیت دوات دەکەوم.»
٥٨عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ جێیەکی نییە کە سەری لەسەر دابنێت.»
٥٩بە یەکێکی دیکەی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەمەیان گوتی: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.»
٦٠عیساش پێی فەرموو: «واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن، بەڵام تۆ بڕۆ مزگێنی پاشایەتی خودا بدە.»
٦١یەکێکی دیکە گوتی: «گەورەم، دوات دەکەوم، بەڵام جارێ لێمگەڕێ با ماڵئاوایی لە خانەوادەکەم بکەم.»
٦٢عیساش پێی فەرموو: «هەرکەسێک دەست لەسەر گاسن دابنێت و ئاوڕ لە دواوە بداتەوە، بەکەڵکی شانشینی خودا نایەت.»