کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمەتا

مەتا ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەمە ڕەچەڵەکی عیسای مەسیحە، کوڕی داود، کوڕی ئیبراهیم:

٢ئیبراهیم باوکی ئیسحاق بوو، ئیسحاق باوکی یاقوب بوو، یاقوب باوکی یەهودا و براکانی بوو،

٣یەهودا باوکی پێرێز و زەرەح بوو کە تامار دایکیان بوو، پێرێز باوکی حەسرۆن بوو، حەسرۆن باوکی ڕام بوو،

٤ڕام باوکی عەمیناداب بوو، عەمیناداب باوکی نەحشۆن بوو، نەحشۆن باوکی سەلمۆن بوو،

٥سەلمۆن باوکی بۆعەز بوو کە ڕاحاب دایکی بوو، بۆعەز باوکی عوبێد بوو کە ڕائووس دایکی بوو، عوبێد باوکی یەسا بوو،

٦یەسا باوکی داودی پاشا بوو. داود باوکی سلێمان بوو لەو ژنەی کە پێشتر ژنی ئوریا بوو،

٧سلێمان باوکی ڕەحەڤەعام بوو، ڕەحەڤەعام باوکی ئەبیا بوو، ئەبیا باوکی ئاسا بوو،

٨ئاسا باوکی یەهۆشافات بوو، یەهۆشافات باوکی یەهۆرام بوو، یەهۆرام باوکی عوزیا بوو،

٩عوزیا باوکی یۆتام بوو، یۆتام باوکی ئاحاز بوو، ئاحاز باوکی حەزقیا بوو،

١٠حەزقیا باوکی مەنەشە بوو، مەنەشە باوکی ئامۆن بوو، ئامۆن باوکی یۆشیا بوو،

١١یۆشیا باوکی یەهۆیاکین و براکانی بوو، لە کاتی ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل.

١٢لەدوای ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل، یەهۆیاکین باوکی شەئەلتیێل بوو، شەئەلتیێل باوکی زروبابل بوو،

١٣زروبابل باوکی ئەبیهود بوو، ئەبیهود باوکی ئەلیاقیم بوو، ئەلیاقیم باوکی ئازور بوو،

١٤ئازور باوکی سادۆق بوو، سادۆق باوکی ئەکیم بوو، ئەکیم باوکی ئەلیهود بوو،

١٥ئەلیهود باوکی ئەلعازار بوو، ئەلعازار باوکی مەتان بوو، مەتان باوکی یاقوب بوو،

١٦یاقوب باوکی یوسفی مێردی مریەم بوو، ئەوەی عیسای لێبوو، کە بە مەسیح ناودەبردرێت.

١٧بەم شێوەیە هەموو نەوەکان لە ئیبراهیمەوە هەتا داود چواردە نەوەن، لە داودەوە هەتا ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل چواردە نەوەن، لە ڕاپێچکردنەکەشەوە بۆ بابل هەتا مەسیح چواردە نەوەن.

١٨لەدایکبوونی عیسای مەسیح بەم شێوەیە بوو: کاتێک مریەمی دایکی دەستگیرانی یوسف بوو، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە، دەرکەوت کە بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە سکی پڕبووە.

١٩یوسفی دەستگیرانی کە پیاوێکی چاک بوو، نەیویست ئابڕووی ببات، بڕیاری دا بە نهێنی دەستی لێ هەڵبگرێت.

٢٠کاتێک بیری لەم شتانە دەکردەوە، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی و پێی فەرموو: «ئەی یوسفی نەوەی داود، مەترسە لەوەی مریەم بهێنیت، چونکە ئەوەی ئەو سکی پێی هەیە لە ڕۆحی پیرۆزە.

٢١کوڕێکی دەبێت ناوی دەنێیت عیسا، چونکە گەلەکەی لە گوناهەکانیان ڕزگار دەکات.»

٢٢ئەمانە هەمووی ڕوویدا تاکو ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە فەرموویەتی بێتە دی:

٢٣﴿ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێن ئیمانوێل،﴾ کە بە واتای خودا لەگەڵمانە دێت.

٢٤کاتێک یوسف لە خەو هەستا، ئەوەی فریشتەکەی یەزدان فەرمانی پێدابوو ئەنجامی دا و ژنەکەی گواستەوە.

٢٥بەڵام هەتا کوڕەکەی نەبوو لەگەڵی جووت نەبوو، ئینجا ناوی لێنا عیسا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.