کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمەتا

مەتا ١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک عیسا لەم قسانە بووەوە، جەلیلی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا، لەبەری ئەوبەری ڕووباری ئوردون.

٢خەڵکێکی زۆر دوای کەوت، ئەویش لەوێ چاکیکردنەوە.

٣هەندێک فەریسی هاتنە لای بۆ ئەوەی تاقیی بکەنەوە و گوتیان: «ئایا دروستە مێرد لەبەر هەر هۆیەک بێت ژنەکەی تەڵاق بدات؟»

٤عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە، ئەوەی لە سەرەتاوە بەدیهێناوە ﴿بە نێر و مێ بەدیهێنان﴾؟

٥هەروەها فەرمووی: ﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾

٦کەواتە چیتر دوو نین بەڵکو یەک جەستەن. لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»

٧لێیان پرسی: «ئەی بۆچی موسا فەرمانی داوە پیاو تەڵاقنامە بە ژنەکەی بدات و لێی جودا ببێتەوە؟»

٨پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان موسا ڕێی پێدان ژنەکانتان تەڵاق بدەن، ئەگینا لە سەرەتاوە وا نەبوو.

٩بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.»

١٠قوتابییەکانی پێیان گوت: «ئەگەر حاڵی پیاو لەگەڵ ژن وابێت، باشترە ژن نەهێنێت!»

١١عیسا پێی فەرموون: «هەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن، تەنها ئەوانەی پێیان دراوە.

١٢خەساو هەن زگماکن، خەساویش هەن مرۆڤ خەساندویانن، خەڵکیش هەیە بڕیاریان داوە لە پێناوی شانشینی ئاسمان وەک خەساو بژین. کێ دەتوانێت پەسەندی بکات، با پەسەندی بکات.»

١٣ئینجا خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت و لە پێناویاندا نوێژ بکات، بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن.

١٤بەڵام عیسا فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی ئاسمان هی وەک ئەمانەیە.»

١٥دەستی لەسەر دانان و لەوێ ڕۆیشت.

١٦ئینجا یەکێک هاتە لای و گوتی: «مامۆستا، چ چاکەیەک بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بەدەست بهێنم؟»

١٧عیسا وەڵامی دایەوە: «بۆچی لەبارەی چاکەوە پرسیارم لێ دەکەیت؟ تەنها یەکێک چاکە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو ژیانەوە، ڕاسپاردەکان بەجێبگەیەنە.»

١٨پێی گوت: «کامیان؟» عیساش فەرمووی: «﴿مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە،

١٩ڕێزی دایک و باوکت بگرە،﴾ هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾»

٢٠گەنجەکەش پێی گوت: «هەموو ئەمانەم بەجێگەیاندووە، ئیتر لە چیم کەمە؟»

٢١عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر دەتەوێت کامڵ و تەواو بیت، بڕۆ هەرچیت هەیە بیفرۆشە و بیدە هەژاران، ئیتر گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت و وەرە دوام بکەوە.»

٢٢بەڵام گەنجەکە کە ئەم قسەیەی بیست، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.

٢٣عیساش بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: بە زەحمەت دەوڵەمەند دەچێتە ناو شانشینی ئاسمانەوە.

٢٤دیسان پێتان دەڵێم: ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»

٢٥قوتابییەکان کە گوێیان لەمە بوو زۆر سەرسام بوون و گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»

٢٦عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «ئەمە بۆ مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»

٢٧ئینجا پەترۆس وەڵامی دایەوە و پێی گوت: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین، ئێمە چیمان بۆ دەبێت؟»

٢٨عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە نوێبوونەوەدا، کاتێک کوڕی مرۆڤ لەسەر تەختی شکۆمەندی خۆی دادەنیشێت، ئێوەش کە دوام کەوتوون لەسەر دوازدە تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن.

٢٩هەرکەسێکیش لەبەر ناوی من، ماڵ، برا، خوشک، دایک، باوک، ژن، منداڵ یان کێڵگەی بەجێهێشتووە، سەد ئەوەندە وەردەگرێتەوە و ژیانی هەتاهەتاییش بە میرات وەردەگرێت.

٣٠بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.