کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمەتا

مەتا ٢٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١عیسا دووبارە بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی:

٢«پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا.

٣کۆیلەکانی نارد تاکو بانگهێشتکراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست بێن.

٤«دیسان کۆیلەی دیکەی نارد و گوتی: ”بە بانگهێشتکراوان بڵێن، ئەوەتا خوانم ئامادە کردووە، گا و دابەستەکانیشم سەربڕیوە و هەموو شتێک ئامادەیە. وەرنە زەماوەندەکە!“

٥«بەڵام گوێیان نەدایێ و ڕۆیشتن، یەکێک بۆ کێڵگەکەی و ئەوی دیکە بۆ بازرگانییەکەی.

٦ئەوانی دیکە کۆیلەکانی ئەویان گرت و سووکایەتییان پێ کردن و کوشتیانن.

٧جا پاشا زۆر تووڕە بوو، سوپاکەی نارد و بکوژەکانی لەناوبرد و شارەکەیانی سووتاند.

٨«ئینجا بە کۆیلەکانی گوت: ”زەماوەند ئامادەیە، بەڵام ئەوانەی کە بانگهێشتم کردن شایستە نەبوون،

٩کەواتە بڕۆنە سەر ڕێگاکان و ئەوەی بینیتان بۆ زەماوەندەکە بانگهێشتی بکەن.“

١٠ئەو کۆیلانەش چوونە دەرەوە بۆ سەر ڕێگاوبانەکان و هەموو ئەوانەی لە باش و خراپ بینییان کۆیان کردنەوە، تاکو زەماوەندەکە پڕبوو لە میوان.

١١«کاتێک پاشا هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی میوانەکان ببینێت، لەوێ یەکێکی بینی جلی زەماوەندی لەبەر نەکردبوو.

١٢پێی دەڵێت: ”برادەر، چۆن بێ جلی زەماوەند هاتییە ژوورەوە؟“ ئەو بێدەنگ بوو.

١٣«ئینجا پاشا بە خزمەتکارانی گوت: ”پەلبەستی بکەن و فڕێیبدەنە تاریکیی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.“

١٤«چونکە بانگهێشتکراوان زۆرن، بەڵام هەڵبژێردراوان کەمن.»

١٥ئینجا فەریسییەکان ڕۆیشتن و تەگبیریان کرد کە چۆن عیسا بە قسەکانی خۆی تووش بکەن.

١٦قوتابییەکانی خۆیان و هێرۆدسییەکانیان ناردە لای و گوتیان: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و بە ڕاستی خەڵکی فێری ڕێگای خودا دەکەیت و سڵ لە کەس ناکەیتەوە، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت.

١٧کەواتە پێمان بفەرموو ڕات چییە؟ دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟»

١٨عیسا کە بە نیازخراپی ئەوانی دەزانی، فەرمووی: «ئەی دووڕووان، بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟

١٩پارەی سەرانەم پیشان بدەن.» ئەوانیش دینارێکیان بۆ هێنا.

٢٠پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟»

٢١وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەرە.» پاشان پێی فەرموون: «کەواتە ئەوەی هی قەیسەرە بیدەنە قەیسەر و ئەوەش هی خودایە بیدەنە خودا.»

٢٢کە گوێیان لێبوو سەرسام بوون، ئینجا بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن.

٢٣لە هەمان ڕۆژدا سەدوقییەکان کە دەڵێن زیندووبوونەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد:

٢٤«مامۆستا، موسا فەرمووی، ئەگەر پیاوێکی وەجاخکوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە.

٢٥جا لەلای ئێمە حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت،

٢٦بە هەمان شێوە دووەم و سێیەم هەتا گەیشتە حەوتەم.

٢٧لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد.

٢٨ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کام لە حەوتەکە، چونکە هی هەموویان بووە؟»

٢٩عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «ئێوە بە هەڵەدا چوونە، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا.

٣٠لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن.

٣١بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە؟ دەفەرموێ:

٣٢﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.»

٣٣کاتێک خەڵکەکە گوێیان لێی بوو، لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون.

٣٤کاتێک فەریسییەکان بیستیان کە عیسا سەدوقییەکانی بێدەنگ کردووە، پێکەوە کۆبوونەوە.

٣٥یەکێکیان تەوراتناس بوو، پرسیاری لێکرد تاکو تاقی بکاتەوە:

٣٦«مامۆستا، گرنگترین ڕاسپاردەی تەورات چییە؟»

٣٧عیسا پێی فەرموو: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.﴾

٣٨ئەمە گرنگترین و یەکەم ڕاسپاردەیە.

٣٩دووەمیشیان وەک ئەو وایە: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾

٤٠جا هەموو تەورات و پەیامی پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە بەندن.»

٤١کاتێک فەریسییەکان پێکەوە کۆببوونەوە، عیسا لێی پرسین:

٤٢«دەربارەی مەسیح چی دەڵێن؟ کوڕی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «کوڕی داودە.»

٤٣ئەویش پێی فەرموون: «کەواتە، چۆن داود بە سروشی ڕۆحی پیرۆز پێی دەڵێ، ”خاوەن شکۆ“؟ چونکە دەڵێ:

٤٤«﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“﴾

٤٥بۆیە ئەگەر داود پێی بڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»

٤٦جا کەسیان نەیانتوانی بە وشەیەکیش وەڵامی بدەنەوە، لەو ڕۆژەشەوە ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.