١پەیامی یەزدان کە لە سەردەمی یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ میخای مۆرەشەتی هات، ئەو بینینەی سەبارەت بە سامیرە و ئۆرشەلیم بوو:
٢ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن، زەوی و هەموو ئەوانەی تێیدان، سەرنج بدەن: پەروەردگار لە پەرستگای پیرۆزیەوە، یەزدانی باڵادەست ببێتە شایەت بەسەرتانەوە.
٣ئەوەتا، یەزدان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە دێتە دەرەوە، دادەبەزێت و بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات.
٤چیاکان لە ژێری دەتوێنەوە و دۆڵەکان شەق دەبەن، وەک مۆم لەبەردەم ئاگردا، وەک ئاوی ڕۆیشتوو بە لێژاییدا.
٥هەموو ئەمە لەبەر یاخیبوونی یاقوب، لەبەر گوناهی بنەماڵەی ئیسرائیل. چی هۆکاری یاخیبوونی یاقوبە؟ ئایا سامیرە نییە؟ ئەی هۆکاری بتپەرستی بەرزاییەکانی یەهودا چییە؟ ئایا ئۆرشەلیم نییە؟
٦«لەبەر ئەوە سامیرە کاول و وێران دەکەم، دەیکەمە کێڵگەی مێو چاندن. بەردەکانی فڕێدەدەمە ناو دۆڵەکەوە و بناغەکانی دەردەخەم.
٧هەموو بتەکانی تێکدەشکێنرێن و هەموو کرێی داوێنپیسییەکەی بە ئاگر دەسووتێنرێت، هەموو بتەکانی وێران دەکەم. لەبەر ئەوەی بە کرێی لەشفرۆشی کۆی کردووەتەوە، دەدرێتەوە لەشفرۆش.»
٨لەبەر ئەوە دەلورێنم و دەلاوێنمەوە، بەپێی پەتی و بە ڕووتی هاتوچۆ دەکەم. وەک چەقەڵ دەلورێنم و وەک کوندەپەپوو شیوەن دەگێڕم،
٩چونکە برینەکەی ساڕێژ نابێت، بەڵکو یەهوداش تووش بوو، گەیشتە دەروازەی گەلەکەم، هەتا ئۆرشەلیم هات.
١٠ئەوە لە گەت ڕامەگەیەنن، بە هیچ شێوەیەک مەگریێن، لە بێتعۆفرادا خۆت لە خۆڵ بگەوزێنە.
١١ئەی دانیشتووانی شافیر بە ڕووتی و شەرمەزاری بپەڕنەوە، دانیشتووانی چەئەنان دەرنەچن. بێتئێچەل دەگریێت بەڵام ناتانپارێزێت.
١٢دانیشتووانی مارۆت بە ئازارەوە دەتلێنەوە، بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی چارەسەر دەکەن، چونکە لەلایەن یەزدانەوە بەڵا بۆ دەروازەی ئۆرشەلیم دابەزی.
١٣ئەی دانیشتووانی لاخیش، گالیسکە بە ئەسپەوە ببەستن، ئێوە یەکەمین شار بوون دوای یاخیبوونەکانی ئیسرائیل کەوتن، هەروەها سییۆنی کچتان تووشی گوناه کرد.
١٤لەبەر ئەوە دیاری ماڵئاوایی دەدەن بە مۆرەشەت گەت. یارمەتی لە شارۆچکەکانی ئەکزیڤەوە جێی متمانە نییە بۆ پاشاکانی ئیسرائیل.
١٥داگیرکەرتان دەهێنمە سەر، ئەی دانیشتووانی مارێشا، ئەوەی شکۆی ئیسرائیلە دێتە عەدولام.
١٦سەرتان بتاشن بۆ شیوەنگێڕان لەسەر منداڵە نازدارەکانتان، وەک سیسارکە کەچەڵ بن و مووتان بە سەرەوە نەبێ، چونکە منداڵی ئێوە بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکەن.