کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمەرقۆس

مەرقۆس ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١سەرەتای مزگێنی عیسای مەسیحی کوڕی خودا.

٢لە پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە: ﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات،﴾

٣﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»﴾

٤یەحیا هات، لە چۆڵەوانیدا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا و جاڕی لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین.

٥خەڵکی هەموو گوندەکانی یەهودیا و هەموو ئۆرشەلیم دەهاتنە لای، دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران.

٦جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەدی دەبەست، کوللە و هەنگوینی کێویی دەخوارد.

٧ئەمە پەیامەکەی ئەو بوو: «لەدوای من کەسێک دێت کە زۆر لە من بەتواناترە، تەنانەت شایانی ئەوە نیم دابنەوێمەوە و قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە.

٨من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت.»

٩لەو ڕۆژانەدا عیسا لە ناسیرەوە هات، کە سەر بە ناوچەی جەلیلە و لەسەر دەستی یەحیا لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵکێشرا.

١٠هەرکە عیسا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە، بینی ئاسمان شەق بوو، ڕۆحی پیرۆزیش وەک کۆترێک لەسەری نیشتەوە.

١١دەنگێکیش لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»

١٢دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆز عیسای بەرەو چۆڵەوانی برد.

١٣چل ڕۆژ لە چۆڵەوانیدا لەنێوان ئاژەڵانی کێویدا بوو، شەیتان تاقی دەکردەوە، فریشتەکانیش خزمەتیان دەکرد.

١٤دوای دەستگیرکردنی یەحیا، عیسا هاتە جەلیل و مزگێنی خودای ڕادەگەیاند و

١٥دەیفەرموو: «کاتەکە هاتووەتە دی و پاشایەتی خودا نزیک بووەتەوە. تۆبە بکەن، باوەڕ بەم مزگێنییە بهێنن.»

١٦کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت، شیمۆن و ئەندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون.

١٧عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ.»

١٨دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.

١٩ئینجا کەمێک دوور کەوتەوە، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای بینی، لەناو بەلەمێکدا تۆڕەکەی خۆیان چاک دەکردەوە.

٢٠یەکسەر بانگی کردن، ئەوانیش زەبدی باوکیان لەگەڵ کرێکاران لەناو بەلەمەکە بەجێهێشت و دوای کەوتن.

٢١ئینجا عیسا و شوێنکەوتووانی چوونە شاری کەفەرناحوم. لە ڕۆژی شەممەدا عیسا چووە کەنیشت و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک.

٢٢خەڵکی لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.

٢٣لە کەنیشتەکەیاندا یەکێکی لێبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەپڕ هاواری کرد،

٢٤گوتی: «عیسای ناسیرەیی، چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت!»

٢٥عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!»

٢٦ڕۆحە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێنا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد و لێی هاتە دەرەوە.

٢٧هەموو سەرسام بوون و کەوتنە پرسیار لە یەکتری: «ئەمە چییە؟ فێرکردنێکی نوێیە بە دەسەڵاتەوە! فەرمان بە ڕۆحە پیسەکانیش دەدات و گوێڕایەڵی دەبن.»

٢٨یەکسەر ناوبانگی عیسا بە هەموو ناوچەی دەوروبەری جەلیلدا بڵاو بووەوە.

٢٩کاتێک عیسا لەگەڵ یاقوب و یۆحەنا کەنیشتەکەیان بەجێهێشت، چوونە ماڵی شیمۆن و ئەندراوس.

٣٠خەسووی شیمۆن لەناو جێگادا کەوتبوو، تای هەبوو، خێرا باسی ئەویان بۆ عیسا کرد.

٣١ئەویش هات، دەستی گرت و هەڵیستاندەوە. تایەکە بەریدا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان.

٣٢ئەو ئێوارەیە لەپاش ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆش و ئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو.

٣٣هەموو دانیشتووانی شارەکە لەبەر دەرگا کۆبوونەوە،

٣٤عیسا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی بە جۆرەها دەردەوە چاککردەوە و زۆر ڕۆحی پیسیشی دەرکرد و نەیهێشت ڕۆحە پیسەکان بدوێن، چونکە دەیانزانی کێیە.

٣٥بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر کە هێشتا تاریک بوو، عیسا هەستا و چووە شوێنێکی چۆڵ و لەوێ دەستی کرد بە نوێژکردن.

٣٦شیمۆن و هاوڕێکانی بە شوێنیدا گەڕان،

٣٧کە دۆزییانەوە پێیان گوت: «هەموو خەڵکەکە بەدواتدا دەگەڕێن.»

٣٨عیسا پێی فەرموون: «وەرن، با بڕۆین بۆ دێیەکانی دەوروپشت، تاکو لەوێش پەیامەکەم ڕابگەیەنم، چونکە من بۆ ئەمە هاتووم.»

٣٩ئینجا ڕۆیشت و لە هەموو جەلیلدا لە کەنیشتەکانیان پەیامی خودای ڕادەگەیاند و ڕۆحی پیسی دەردەکرد.

٤٠پیاوێک هاتە لای عیسا کە نەخۆشی گولی هەبوو، لێی پاڕایەوە و چۆکی دادا و پێی گوت: «ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»

٤١عیسا دڵی پێی سووتا و دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و پێی فەرموو: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!»

٤٢دەستبەجێ گولییەکەی لێبووەوە و پاک بووەوە.

٤٣دوای ئەوەی کە عیسا پیاوەکەی بە توندی ئاگادار کردەوە، دەستبەجێ بەڕێی کرد،

٤٤پێی فەرموو: «ئاگاداربە، هیچ شتێک بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»

٤٥بەڵام ئەو ڕۆیشت و دەستی بە جاڕدان و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە کرد، لەبەر ئەوە عیسا نەیتوانی بە ئاشکرا بچێتە ناو شار، بەڵکو لە دەرەوە لە شوێنە چۆڵەکاندا بوو و خەڵکیش لە هەموو لایەکەوە دەهاتنە لای.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.