کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمەرقۆس

مەرقۆس ٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١فەریسی و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لەلای عیسا کۆبوونەوە.

٢بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن، واتا بێ دەست شوشتن،

٣چونکە فەریسی و هەموو جولەکەکان نان ناخۆن ئەگەر بە باشی دەستیان نەشۆن، لەبەر ئەوەی پەیوەست بوون بە نەریتی پیرانەوە،

٤هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن. زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن، وەکو شوشتنی کاسە و چاپەست و دۆلکەی مس.

٥فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لە عیسایان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن و بە دەستی پیس نان دەخۆن؟»

٦ئەویش پێی فەرموون: «ئیشایای پێغەمبەر سەبارەت بە ئێوەی دووڕوو پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە: «﴿ئەم گەلە هەر بە دەم ڕێزم لێ دەگرن، بەڵام دڵیان لێم دوورە.

٧بەخۆڕایی دەمپەرستن، تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.﴾

٨ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوە گرتووە.»

٩دیسان پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن.

١٠ئەوەتا موسا گوتوویەتی: ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن﴾، ﴿ئەوەی نەفرەت لە دایکی یان باوکی بکات، دەبێت بکوژرێت.﴾

١١بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت، دەیکەمە قوربانی،“ کە دیارییە بۆ خودا،

١٢ئیتر نایەڵن هیچ شتێک بۆ دایک یان باوکی بکات.

١٣بەو نەریتەتان کە لە یەکتری وەردەگرن، دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن.»

١٤دیسان عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «هەموو گوێم لێ بگرن و تێبگەن.

١٥شت نییە لە دەرەوەی مرۆڤەوە بێتە ناوی و گڵاوی بکات. بەڵام ئەوەی لە مرۆڤەوە دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات.

١٦[ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن با گوێ بگرێت.]»

١٧کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی بۆ نموونەکە پرسیاریان لێکرد.

١٨پێی فەرموون: «ئایا ئێوەش تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت گڵاوی بکات؟

١٩چونکە ناچێتە دڵییەوە، بەڵکو سکی، پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستەی.» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە.

٢٠ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات،

٢١چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی، کوشتن،

٢٢داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی، گێلی.

٢٣هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن.»

٢٤عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت، بەڵام نەیتوانی خۆی بشارێتەوە.

٢٥لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت.

٢٦ژنەکەش یۆنانی بوو، لە ڕەگەزی فینیکیای سوریا بوو، داوای لێکرد ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات.

٢٧ئەویش پێی فەرموو: «جارێ با منداڵان تێر بن، چونکە ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»

٢٨بەڵام ژنەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات.»

٢٩پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ، ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو.»

٣٠کاتێک ژنەکە گەڕایەوە ماڵەوە، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و ڕۆحە پیسەکەی لێ دەرچووبوو.

٣١ئینجا عیسا هەرێمی سوری بەجێهێشت و بە سەیدادا بەرەو دەریاچەی جەلیل هات، بە هەرێمی دە شارەکەدا.

٣٢کەڕێکی لاڵەپەتەیان بۆ هێنا و لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت.

٣٣عیسا بردییە لایەکەوە، دوور لە خەڵکەکە، پەنجەکانی خستە ناو گوێی کابراوە و تفی دا بە دەستی خۆی و پاشان دەستی لە زمانی دا.

٣٤چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشا و پێی فەرموو: «ئێففەسا!» واتا بکرێوە.

٣٥دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و گرێی زمانی شلبووەوە و بە ڕەوانی قسەی کرد.

٣٦ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن، بەڵام چەند ڕایدەسپاردن ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە.

٣٧زۆر سەرسام بوون و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە! وا دەکات کەڕ ببیستێت و لاڵ قسە بکات.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.