١هاواری ژن و پیاوەکان لەدەست برا جولەکەکانیان بەرزبووەوە.
٢هەبوو دەیانگوت: «کوڕ و کچەکانمان زۆرن و لێمانگەڕێن دانەوێڵە ببەین، هەتا بخۆین و بژین.»
٣هەبوو دەیانگوت: «لەو قاتوقڕییەدا کێڵگە و ڕەز و ماڵەکانمان بە بارمتە دەدەین بۆ وەرگرتنی دانەوێڵە.»
٤هەروەها هەبوو دەیانگوت: «زیومان قەرز کردووە هەتا باجی کێڵگە و ڕەزەکانمان بدەینە پاشا.
٥ئێستاش هەرچەندە ئێمە لە گۆشت و خوێنی یەکین و منداڵەکانی ئەوان و ئێمە وەک یەکن، بەڵام ئێمە زۆر لە کوڕ و کچەکانمان دەکەین ببن بە کۆیلە، هەندێک لە کچەکانمان بوونەتە کۆیلە و ئێمەش هیچ دەسەڵاتێکمان نییە، چونکە کێڵگە و ڕەزەکانمان هی کەسانی دیکەن.»
٦زۆر تووڕە بووم کاتێک گوێم لە هاوارەکەیان و ئەو قسانە بوو،
٧لەبیری خۆمدا لێکم دایەوە و مشتومڕم لەگەڵ خانەدان و کاربەدەستەکان کرد و پێم گوتن: «ئێوە سوو لە براکانتان وەردەگرن!» ئینجا کۆمەڵێکی گەورەم لە دژیان کۆکردەوە و
٨پێم گوتن: «ئێمە بەپێی توانامان برا جولەکەکانمان ئەوانەی بە ناجولەکەکان فرۆشرا بوون کڕیونەتەوە، کەچی ئێوە براکانتان دەفرۆشن و پاشان بە ئێمە دەفرۆشرێنەوە!» ئینجا لاڵ بوون و یەک وشەیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە.
٩گوتم: «ئەوەی ئێوە دەیکەن کارێکی باش نییە. ئایا پێویست نییە ئێوە بە لەخواترسییەوە هەڵسوکەوت بکەن بۆ ئەوەی ئەو نەتەوە ناجولەکانەی کە دوژمنمانن گاڵتەمان پێ نەکەن؟
١٠من و براکانم و خزمەتکارەکانم بە هەمان شێوە زیو و دانەوێڵەمان بە قەرز داونەتێ، تکایە ئیتر با واز لەم سووە بهێنین!
١١هەر ئەمڕۆ کێڵگە و ڕەز و باخە زەیتوون و ماڵەکانیان و یەک لە سەدی ئەو زیو و دانەوێڵە و شەرابە نوێیە و ئەو زەیتەی کە لێتان وەرگرتوون، بۆیانی بگێڕنەوە.»
١٢ئەوانیش گوتیان: «دەیگەڕێنینەوە و داوایان لێ ناکەین، ئاوا دەکەین وەک ئەوەی تۆ گوتت.» ئینجا کاهینەکانم بانگکرد، خانەدان و کاربەدەستەکانیشم سوێند دا کە ئەم بەڵێنە جێبەجێ بکەن.
١٣پاشان پشتێنەکەمم تەکاند و گوتم: «خودا هەرکەسێک ئاوا بتەکێنێت کە ئەم بەڵێنە نەهێنێتە دی، با ئاوا لە ماڵەکەی و لە ڕەنجەکەی تەکێنراو و بەتاڵ بێت.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە گوتیان: «ئامین» و ستایشی یەزدانیان کرد، گەل ئەم بەڵێنەیان پەیڕەو کرد.
١٤هەروەها لەو ڕۆژەوە کە فەرمانم پێ کرا ببمە پارێزگاریان لە خاکی یەهودا، لە بیستەمین ساڵەوە هەتا سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشا، دوازدە ساڵ نە من و نە براکانم ئەو نانەمان نەخوارد کە بەشی پارێزگارە.
١٥بەڵام پارێزگارەکانی پێشوو، ئەوانەی لەپێش من بوون باری گەلیان گران کردبوو، چل شاقل زیویان لێ دەسەندن، بێجگە لە نان و شەراب، هەروەها خزمەتکارەکانیشیان بەسەر گەلدا زاڵ ببوون. بەڵام من لە ترسی خودا وام نەکرد،
١٦هەروەها لە کاری ئەم شوورایە بەشدار بووم و کێڵگەمان نەکڕی، هەموو خزمەتکارەکانیشم لەوێ لەسەر کارەکە کۆببوونەوە.
١٧هەروەها سەد و پەنجا جولەکە و کاربەدەست لەسەر خوانەکەم بوون، لەگەڵ ئەوانەی لە نەتەوەکانی دەوروبەرمانەوە دەهاتن بۆ لامان.
١٨ڕۆژانە گایەک و شەش مەڕی تایبەت و ژمارەیەک پەلەوەرم بۆ ئامادە دەکرا، هەروەها هەموو دە ڕۆژ جارێکیش بڕێکی زۆر لە هەموو جۆرە شەرابێک. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا داوای بەشەنانی پارێزگارم نەکرد، چونکە کۆیلایەتییەکە لەسەر ئەم گەلە زۆر گران بوو.
١٩خودایە هەرچیم بۆ ئەم گەلە کردووە بۆ من بە چاکە بەبیر خۆتی بهێنەرەوە.