١قۆرەحی کوڕی یەسهار کوڕی قەهات کوڕی لێڤی و داتان و ئەبیرامی کوڕانی ئەلیاب و ئۆنی کوڕی پەلەت لە نەوەی ڕەئوبێن
٢لە دژی موسا هەستانەوە. چەند کەسێکیش لە نەوەی ئیسرائیل لەگەڵیان بوون، دوو سەد و پەنجا کەس لە ڕابەرەکانی کۆمەڵ لە ئەنجومەن هەڵبژێردرابوون، کە زۆر ناسراو بوون،
٣جا لەسەر موسا و هارون کۆبوونەوە و پێیان گوتن: «ئێوە زیادەڕۆییتان کردووە! هەموو کۆمەڵ پیرۆزن و یەزدانیش لەنێوانیاندایە، ئیتر بۆچی خۆتان لەسەر کۆمەڵی یەزدان بەرز دەکەنەوە؟»
٤جا موسا گوێی لێبوو و بەسەر ڕوودا کەوت.
٥ئینجا بە قۆرەح و هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «بەیانی یەزدان پیشانی دەدات کێ بۆ ئەوە و کێ پیرۆزە تاکو لە خۆی نزیکی بکاتەوە، جا هەرکەسێک هەڵبژێرێت ئەو لە خۆی نزیک دەکاتەوە.
٦ئەمە بکەن، بخووردان بۆ خۆتان ببەن، قۆرەح و هەموو کۆمەڵەکەی،
٧بەیانی ئاگری لەناو دابنێن و لەبەردەم یەزدان بخووری بەسەردا بکەن، جا ئەو پیاوەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت ئەو پیرۆزە، ئیتر ئەی نەوەی لێڤی ئەمەتان بەس بێت!»
٨هەروەها موسا بە قۆرەحی گوت: «ئەی نەوەی لێڤی گوێ بگرن،
٩ئایا بە کەمی دەزانن کە خودای ئیسرائیل لەنێو کۆمەڵی ئیسرائیل جیای کردنەوە بۆ ئەوەی لە خۆی نزیکتان بکاتەوە، تاکو خزمەتی چادری پەرستنی یەزدان بکەن و لەبەردەم کۆمەڵ بوەستن بۆ خزمەتکردنی؟
١٠جا تۆ و هەموو براکانت لە نەوەی لێڤی لە خۆی نزیک کردەوە و داوای کاهینیێتیش دەکەن؟
١١کەواتە تۆ و هەموو کۆمەڵەکەت لەسەر دژایەتیکردنی یەزدان ڕێک کەوتوون، بەڵام هارون کێیە هەتا بۆڵەبۆڵی لەسەر بکەن؟»
١٢جا موسا ناردی هەتا بانگی داتان و ئەبیرامی کوڕانی ئەلیاب بکەن، بەڵام ئەوان گوتیان: «نایەین!
١٣ئایا ئەمە بەس نییە کە تۆ لە خاکێک دەرتهێناین کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت هەتا لە چۆڵەوانی بمانمرێنیت و ئێستاش خۆت بکەیت بە میر بەسەرمانەوە،
١٤هەروەها ئێمەت نەهێناوەتە خاکێک شیر و هەنگوینی لێ بڕژێت و کێڵگە و ڕەزت بە میرات پێنەداین. ئایا چاوی ئەو کەسانە دەردەهێنیت؟ ئێمە نایەین!»
١٥جا موسا زۆر تووڕە بوو و بە یەزدانی گوت: «ئاوڕ لە قوربانییەکەیان مەدەوە. نە گوێدرێژێکم لێ بردوون و نە خراپەم لەگەڵ کەسیان کردووە.»
١٦ئینجا موسا بە قۆرەحی گوت: «بەیانی تۆ و هەموو کۆمەڵەکەت لەبەردەم یەزدان بن، تۆ و ئەوان و هارونیش.
١٧هەریەکە بخووردانەکەی ببات و بخووری تێبکات و لەبەردەم یەزدان بخووردانەکەی پێشکەش بکات، دوو سەد و پەنجا بخووردان، تۆ و هارونیش هەریەکە و بخووردانی خۆتان.»
١٨جا هەریەکە بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێکرد و بخووریان بەسەردا کرد و لەگەڵ موسا و هارون لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕاوەستان.
١٩قۆرەحیش هەموو کۆمەڵی لە دژی ئەوان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆکردەوە، جا شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو کۆمەڵ دەرکەوت.
٢٠ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
٢١«خۆتان لەم کۆمەڵە جیا بکەنەوە، وا من دەستبەجێ لەناویان دەبەم.»
٢٢بەڵام موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن و گوتیان: «خودایە، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، ئایا یەک پیاو گوناه بکات، تۆ لە هەموو کۆمەڵ تووڕە دەبیت؟»
٢٣جا یەزدان بە موسای فەرموو:
٢٤«لەگەڵ کۆمەڵ بدوێ و بڵێ: ”لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوور بکەونەوە.“»
٢٥موسا هەستا و چوو بۆ لای داتان و ئەبیرام، پیرەکانی ئیسرائیلیش دوای کەوتن،
٢٦ئینجا موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «لە چادرەکانی ئەو کەسە بەدکارانە دوور بکەونەوە و دەست لە هیچ شتێکی ئەوان مەدەن، نەوەک بە هەموو گوناهەکانی ئەوانەوە لەناوبچن.»
٢٧ئیتر ئەوانیش لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوورکەوتنەوە و داتان و ئەبیرامیش هاتنە دەرەوە و لەگەڵ ژن و کوڕ و منداڵەکانیان لە دەرگای چادرەکانیان وەستان.
٢٨ئینجا موسا گوتی: «بەمە دەزانن کە یەزدان ناردوومی بۆ ئەوەی ئەم هەموو کارانە بکەم و ئەمەش لە خۆمەوە نییە.
٢٩ئەگەر ئەم پیاوانە وەک مردنێکی سروشتی بمرن و وەک هەموو مرۆڤێک بە مەرگی ئاسایی مردن، ئەوا یەزدان منی نەناردووە.
٣٠بەڵام ئەگەر یەزدان شتێکی نوێی داهێنا و زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ هەموو ئەوەی هەیانە و بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان، ئەوا دەزانن کە ئەو کۆمەڵە سووکایەتییان بە یەزدان کردووە.»
٣١کاتێک لە هەموو ئەم قسانە بووەوە، زەوییەکەی ژێریان شەق بوو و
٣٢زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ ماڵەکانیان و هەموو پیاوەکانی قۆرەح و لەگەڵ هەموو سامانەکانیان.
٣٣جا خۆیان و هەموو ئەوەی هەیان بوو بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان و زەوی بەسەریاندا هاتەوە یەک و لەنێو کۆمەڵدا لەناوچوون.
٣٤هەموو ئیسرائیلیش کە لە چواردەوریان بوون لە هاواریان هەڵاتن و گوتیان: «نەوەک زەوی قووتمان بدات!»
٣٥ئاگرێکیش لەلایەن یەزدانەوە هات و دوو سەد و پەنجا پیاوەکەی هەڵلووشی کە بخووریان پێشکەش کرد.
٣٦ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو:
٣٧«بە ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین بڵێ، با بخووردانەکان لەناو ئاگرەکە هەڵبگرێت و پاشماوەی ئاگرەکە لە دوور و بە فراوانی بڵاو بکاتەوە،
٣٨چونکە بخووردانەکانی ئەوانەی لە دژی نرخی ژیانی خۆیان گوناهبارن پیرۆزکراون. با بخووردانەکان بکوتن و بیکەنە چەند پلێتێک و قوربانگاکەی پێ دابپۆشرێت، چونکە لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان کرد و پیرۆز بوو. با نەوەی ئیسرائیل پەند لەمە وەربگرن.»
٣٩ئینجا ئەلعازاری کاهین بخووردانە بڕۆنزییەکانی برد کە ئەوانەی سووتێنرابوون پێشکەشیان کردبوو و کوتایان و کردیانە پۆشەر بۆ قوربانگاکە،
٤٠وەک یەزدان پێی فەرموو لەسەر دەستی موسا. ئەمە وەک بەبیرهێنانەوەیەک بوو بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەگەر پیاوێکی بێگانە کە لە نەوەی هارون نەبێت لەبەردەم یەزدان بۆ بخوور سووتاندن نزیک بکەوێتەوە، ئەوا وەک قۆرەح و کۆمەڵەکەی لێدێت.
٤١جا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بۆ بەیانی دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد لەسەر موسا و هارون و گوتیان: «ئێوە گەلی یەزدانتان کوشت.»
٤٢کاتێک کۆمەڵ لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە ئەوان چوونە لای چادری چاوپێکەوتن، لەپڕ هەورێک دایپۆشی و شکۆمەندی یەزدان دەرکەوت.
٤٣جا موسا و هارون هاتنە بەردەم چادری چاوپێکەوتن.
٤٤یەزدانیش بە موسای فەرموو:
٤٥«لەنێو ئەم کۆمەڵە بچنە دەرەوە، من بە ساتێک لەناویان دەبەم.» جا بەسەر ڕوویاندا کەوتن.
٤٦ئینجا موسا بە هارونی گوت: «بخووردانەکە ببە و لەسەر قوربانگاکەوە ئاگری تێبکە، بخووری لەسەر دابنێ، بە خێرایی بیبە لای کۆمەڵ و کەفارەتیان بۆ بکە. لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدان جۆشاوە، وا دەردەکە دەستی پێکرد.»
٤٧ئیتر هارون لەسەر قسەی موسا ڕایکرد بۆ ناو کۆمەڵ، بەڵام دەردەکە لەنێو گەلدا دەستی پێکردبوو، ئەویش بخوورەکەی پێشکەش کرد و کەفارەتی بۆ گەل کرد.
٤٨هارون لەناوەندی مردووان و زیندوواندا ڕاوەستا، دەردەکەش وەستا،
٤٩جا ئەوانەی بە دەردەکە مردن چواردە هەزار و حەوت سەد بوون، بێجگە لەوانەی بەهۆی قۆرەحەوە مردن.
٥٠ئینجا هارون گەڕایەوە لای موسا بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، لەبەر ئەوەی دەردەکە وەستابوو.