١یەزدان بە هارونی فەرموو: «تۆ و کوڕەکانت و بنەماڵەکەت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە پیرۆزگا دەکرێت، تۆ و کوڕەکانت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە کاهینیێتییەکەتان دەکرێت.
٢هەروەها براکانت، هۆزی لێڤی، هۆزی باوکت، لە خۆت نزیک بکەوە، ئینجا بە تۆوە پابەند دەبن و پاڵپشتی تۆ و کوڕەکانت دەکەن لەبەردەم چادری پەیمان.
٣ئەوان بەردەستی خۆت و هەموو کاروباری چادرەکە دەکەن، بەڵام لە قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە و لە قوربانگاکە نزیک ناکەونەوە، نەوەک ئەوان و ئێوەش، هەمووتان بمرن.
٤پابەندت دەبن و بەرپرسیاریش دەبن لە پارێزگاری چادری چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو خزمەتی چادرەکە، هیچ کەسێکی دیکەش لێتان نزیک ناکەوێتەوە.
٥«بەڵکو ئێوە بەرپرسیار دەبن لە پارێزگاری پیرۆزگاکە و قوربانگاکە، تاکو جارێکی دیکە تووڕەیی نەیەتە سەر نەوەی ئیسرائیل.
٦من خۆم لێڤییەکانی براتانم لەنێو نەوەی ئیسرائیل هەڵبژارد و دامەوە ئێوە، بۆ یەزدان تەرخانکراون تاکو خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بەجێبگەیەنن.
٧تەنها تۆ و کوڕەکانت لەگەڵت خزمەتی کاهینیێتی دەکەن، لەگەڵ هەموو ئەوەی پەیوەندی بە قوربانگاکە هەیە و ئەوەی لەناو پەردەکەیە دەپارێزن. کاهینیێتی پێدراوێکی تایبەت بە ئێوەیە و پێمداون و هەرکەسێکی دیکە ئەوەی لە پیرۆزگا نزیک بکەوێتەوە دەکوژرێت.»
٨یەزدان بە هارونی فەرموو: «ئێستا من بەرپرسیاریێتی پێشکەشکراوەکان کە بۆ منی بەرز دەکەنەوە داومەتە تۆ، هەموو پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل، دەیدەمە خۆت و کوڕەکانت وەک بەشە کاهینیێتیتان و بەشێکی چەسپاوە.
٩ئەم بەشە بۆ تۆ دەبێت لە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان ئەوەی لە ئاگر دەپارێزرێت. لە هەموو قوربانییەکانیان و هەموو پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەیان و هەموو قوربانییەکانی گوناهیان و هەموو قوربانییەکانی تاوانیان کە بۆ منی دەهێنن، ئەو بەشە هەرەپیرۆزە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانتە.
١٠وەک شتێکی هەرەپیرۆز دەیخۆیت، هەموو نێرینەیەک لێی دەخوات، بۆ تۆ پیرۆز دەبێت.
١١«ئەوەی لە بەخشین و قوربانی بەرزکردنەوەی ئیسرائیلییەکان بەلاوەدەنرێت، بۆ تۆیە. بەشێکی چەسپاوە داومەتە تۆ و کوڕ و کچەکانت. ئیتر هەموو کەسێک لە ماڵەکەت کە بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.
١٢«باشترین زەیت و باشترین شەراب و باشترین دانەوێڵە، یەکەمین بەرهەمەکانیان کە بە یەزدانی دەدەن، من هەموویم داوەتە تۆ،
١٣یەکەمین بەرهەمی هەموو شتێکی زەوییەکەیان کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن بۆ تۆ دەبێت، هەموو کەسێک لە ماڵەکەت ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.
١٤«هەموو تەرخانکراوێک بۆ یەزدان لە ئیسرائیل بۆ تۆ دەبێت،
١٥هەر نۆبەرەیەکی سک کە پێشکەشی یەزدانی دەکەن لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، بۆ تۆ دەبێت، بەڵام پێویستە کوڕە نۆبەرەی مرۆڤ و نۆبەرە نێرینەی ئاژەڵی گڵاویش بکڕیتەوە.
١٦پێویستە لە تەمەنی یەک مانگییەوە بیانکڕیتەوە، نرخی کڕینەوەش پێنج شاقل لە زیو بەگوێرەی خەمڵاندنی شاقلی پیرۆزگا، کە بیست گێرایە.
١٧«بەڵام پێویستە نۆبەرەی مانگا و مەڕ و بزن نەکڕیتەوە، ئەوان پیرۆزن و خوێنەکەیان بەسەر قوربانگاکەدا دەڕژێنیت و پیوەکەیان دەسووتێنیت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
١٨گۆشتەکەشی بۆ تۆ دەبێت وەک سنگی قوربانی بەرزکردنەوە و ڕانی ڕاستە.
١٩هەرچییەک کە بەلاوە دەنرێت لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەشێکی چەسپاو داومە بە تۆ و کوڕ و کچەکانت، دەبێتە پەیمانی نمەک بۆ تۆ و نەوەکەت کە هەتاهەتایە لەبەردەم یەزدان دەچەسپێت.»
٢٠هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو: «لە زەوییەکەیان هیچ میراتت بەرناکەوێت و لەنێویان بەشت نابێت، لەنێو نەوەی ئیسرائیل من بەش و میراتی تۆم.
٢١«بەڵام نەوەی لێڤی لەبری ئەو خزمەتەی دەیکەن، خزمەتی چادری چاوپێکەوتن، ئەوا من لە ئیسرائیل وەک میرات هەموو دەیەکێکم پێداون.
٢٢لە ئێستا بەدواوە نەوەی ئیسرائیل لە چادری چاوپێکەوتن نزیک ناکەونەوە، هەتا گوناهێک هەڵبگرن کە بۆ مردن بێت،
٢٣بەڵکو لێڤییەکان خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دەکەن، ئەوان بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرن وەک فەرزێکی هەتاهەتایی نەوە دوای نەوە، لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.
٢٤دەیەکەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەخشینی بەرزکراوە، من داومە بە لێڤییەکان، میراتی ئەوانە، بۆیە پێیانم فەرموو کە لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.»
٢٥یەزدان بە موسای فەرموو:
٢٦«لەگەڵ لێڤییەکان دەدوێیت و پێیان دەڵێیت: ”کاتێک دەیەکەکە وەردەگرن لە نەوەی ئیسرائیل کە من وەک میرات بە ئێوەم داوە، بەخشینی بەرزکراوەی یەزدانی لێ پێشکەش دەکەن، دەیەک لە دەیەک.
٢٧جا بە بەخشینی بەرزکراوەتان دادەنرێت، وەک دانەوێڵەی جۆخین و پڕی بەرهەمی گوشەرەکە.
٢٨بەم شێوەیە ئێوەش بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان لە هەموو دەیەکەکانتان پێشکەش دەکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلی وەردەگرن، لەوە بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان بە هارونی کاهین دەدەن.
٢٩لە هەموو بەخشینەکانتان هەموو بەرزکراوەیەک بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن کە لە هەرە باشترین و پیرۆزترین بێت.“
٣٠«پێیان دەڵێیت: ”کاتێک باشترینەکەی پێشکەش دەکەن، وەک بەرهەمی جۆخین و گوشەر بۆ لێڤییەکان هەژمارد دەکرێت.
٣١ئێوە و ماڵەکانتان لە هەموو شوێنێک دەیخۆن، چونکە کرێی ئێوەیە لەبری خزمەتتان لە چادری چاوپێکەوتن.
٣٢بەهۆیەوە گوناهباریش نابن ئەگەر لە باشترینەکەی پێشکەش بکەن، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو مەکەن نەوەک بمرن.“»