کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزسەرژمێری

سەرژمێری ٣٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بەڵام نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد گاوگۆتاڵی زۆریان هەبوو، کاتێک بینییان خاکی یەعزێر و خاکی گلعاد شوێنی مەڕوماڵاتە،

٢ئیتر نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن هاتن و بە موسا و ئەلعازاری کاهین و ڕابەرەکانی کۆمەڵیان گوت:

٣«عەتەرۆت و دیڤۆن و یەعزێر و نیمرا و حەشبۆن و ئەلعالێ و سەڤام و نیبۆ و بەعۆن،

٤ئەو خاکەی یەزدان لەبەردەم کۆمەڵی ئیسرائیل بەزاندی، ئەوە خاکی مەڕوماڵاتە و خزمەتکارەکانیشت مەڕوماڵاتیان هەیە.»

٥هەروەها گوتیان: «ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندین، با ئەو خاکە بدرێت بە خزمەتکارەکانت و ببێت بە موڵکمان و لە ڕووباری ئوردون مەمانپەڕێنەوە.»

٦موساش بە نەوەی گاد و ڕەئوبێنی گوت: «ئایا دەبێت براکانتان بۆ جەنگ بڕۆن و ئێوەش لێرە دانیشن؟

٧بۆچی دڵی نەوەی ئیسرائیل سارد دەکەنەوە لە پەڕینەوەیان بۆ ئەو خاکەی یەزدان پێیداون؟

٨باوکانتان ئاوایان کرد کاتێک لە قادێش بەرنێعەوە ئەوانم نارد بۆ ئەوەی تەماشای خاکەکە بکەن،

٩بە دۆڵی ئەشکۆلدا سەرکەوتن و تەماشای خاکەکەیان کرد و دڵی نەوەی ئیسرائیلیان سارد کردەوە لە چوونە ناو ئەو خاکەی یەزدان پێیداون.

١٠لەو ڕۆژەدا تووڕەیی یەزدان جۆشا و سوێندی خوارد و فەرمووی:

١١”ئەو خەڵکەی کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، ناچنە ناو ئەو خاکەی سوێندم لەسەری خوارد بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوام نەکەوتن،

١٢تەنها کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی و یەشوعی کوڕی نون نەبێت، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوای یەزدان کەوتن.“

١٣تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و چل ساڵ لە چۆڵەوانی وێڵی کردن، هەتا هەموو ئەو نەوەیە لەناوچوون کە لەبەرچاوی یەزدان خراپەیان کرد.

١٤«ئەوەتا ئێوەش لە جیاتی باوکانتان هەستاون، کۆمەڵە خەڵکێکی گوناهبارن، تاکو کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل زیاتر بکەن.

١٥ئەگەر لێی هەڵگەڕێنەوە، ئەوا دیسان لەم چۆڵەوانییە وازیان لێ دەهێنێت، ئیتر دەبنە هۆی لەناوچوونی هەموو ئەم گەلە.»

١٦ئەوانیش لێی هاتنە پێش و گوتیان: «لێرە پشتیر بۆ ماڵاتەکانمان و چەند شارێک بۆ ژن و منداڵەکانمان بنیاد دەنێین،

١٧بەڵام خۆمان چەک هەڵدەگرین و بە خێرایی پێش نەوەی ئیسرائیل دەکەوین هەتا دەیانبەینە شوێنەکەیان. هەروەها ژن و منداڵەکانیشمان لەبەر دانیشتووانی ئەم خاکە لە شاری قەڵابەند دەبن.

١٨ناگەڕێینەوە ماڵەکانمان هەتا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە میراتگری میراتەکەی خۆی نەبێت،

١٩ئێمە لە پشتی ڕووباری ئوردون و بەو لاوە میراتمان لەگەڵیان نابێت، چونکە میراتی خۆمان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت.»

٢٠موساش پێی گوتن: «ئەگەر ئەمەتان کرد، ئەگەر لەبەردەم یەزدان چەکتان بۆ جەنگ هەڵگرت و

٢١هەموو چەکدارەکانتان لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، هەتا هەموو دوژمنەکانی لەبەردەمی خۆی دەرکرد و

٢٢خاکەکە لەبەردەم یەزدان ژێردەستە کرا و لەدوای ئەمە گەڕانەوە، ئەوا سەبارەت بە یەزدان و بە ئیسرائیل ئازاد دەبن لە پابەندییەکەتان و لەبەردەم یەزدان ئەم خاکە دەبێتە موڵکتان.

٢٣«بەڵام ئەگەر وا نەکەن، ئەوا گوناه لە دژی یەزدان دەکەن و باش دەزانن کە گوناهەکەتان چیتان بەسەردەهێنێت.

٢٤بۆ خۆتان چەند شارێک بۆ ژن و منداڵەکانتان و پشتیر بۆ ماڵاتەکانتان بنیاد بنێن، ئەوەی بەڵێنتان دا بیکەن.»

٢٥نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن بە موسایان گوت: «خزمەتکارەکانت ئاوا دەکەن، وەک گەورەم فەرمانی دا،

٢٦ژن و منداڵ و گاوگۆتاڵەکانمان لەوێ لە شارەکانی گلعاد دەبن.

٢٧بەڵام خزمەتکارەکانت، هەموو چەک هەڵگرەکان لەبەردەم یەزدان بۆ جەنگ دەپەڕنەوە، وەک گەورەمان گوتی.»

٢٨موساش لەبارەی ئەوانەوە فەرمانی بە ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و گەورەی بنەماڵەکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کرد و

٢٩پێی گوتن: «ئەگەر نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن، هەموو چەک هەڵگرەکان بۆ جەنگ، لەبەردەم یەزدان لەگەڵتان لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، کاتێک خاکەکە کەوتە ژێر دەستتان، ئەوا دەبێت خاکی گلعادیان وەک موڵک پێبدەن.

٣٠بەڵام ئەگەر بە چەکەوە لەگەڵتان نەپەڕینەوە، ئەوا لەنێوتان لە خاکی کەنعان موڵکیان دەبێت.»

٣١نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «ئەوەی یەزدان سەبارەت بە خزمەتکارەکانت فەرمووی، ئاوا دەکەین.

٣٢ئێمە بە چەکەوە لەبەردەم یەزدان بۆ خاکی کەنعان دەپەڕینەوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بەشە میراتمان دەدرێتێ.»

٣٣ئینجا موسا پاشایەتییەکەی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و پاشایەتییەکەی عۆگی پاشای باشان، تەواوی خاکەکە لەگەڵ شارەکانی و بە سنوورەکانی دەوروبەریەوە دایە نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەی کوڕی یوسف.

٣٤نەوەی گاد دیڤۆن و عەتەرۆت، عەرۆعێر،

٣٥عەترۆت شۆفان، یەعزێر، یۆگبەها،

٣٦بێت‌نیمرا و بێت‌هارانیان کردە شاری قەڵابەند، پشتیری مەڕیشیان بنیاد نا،

٣٧نەوەی ڕەئوبێنیش حەشبۆن و ئەلعالێ و قیریاتەیم و

٣٨نیبۆ و بەعل‌مەعۆن کە ناوەکەیان گۆڕیوە و هەروەها سیڤما، ناویشیان لەو شارانە نا کە بنیادیان ناوە.

٣٩نەوەی ماکیری کوڕی مەنەشەش چوونە گلعاد و گرتیان، ئەو ئەمۆرییانەیان دەرکرد کە تێیدا بوون.

٤٠ئینجا موساش گلعادی دا بە ماکیرییەکان، کە نەوەی مەنەشەن، ئەوانیش تێیدا نیشتەجێ بوون.

٤١یائیری نەوەی مەنەشەش چوو و دەستی بەسەر ئاوەدانییەکانیاندا گرت و ناوی لێنان حەڤۆت یائیر.

٤٢نۆڤەحیش چوو و دەستی بەسەر قەنات و ئاوەدانییەکانیدا گرت و بە ناوی خۆیەوە ناوی لێنا نۆڤەح.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.