١یەزدان بە موسای فەرموو:
٢«لەگەڵ هارون بدوێ و پێی بڵێ: ”کاتێک چراکانت بەرزکردەوە، با ڕووناکی حەوت چراکە بۆ پێش چرادانەکە بێت.“»
٣هارون چراکانی وا بەرزکردەوە هەتا ڕووناکی بە پێشی چرادانەکە بدات وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
٤ئەمەش دروستکردنی چرادانەکەیە، لە زێڕی کوتراو، لە قەدەکەیەوە هەتا خونچەکانی کوتران، چرادانەکەی بەگوێرەی ئەو شێوەیە دروستکرد کە یەزدان پیشانی موسای دا.
٥یەزدان قسەی بۆ موسا کرد و فەرمووی:
٦«لێڤییەکان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ببە و بەپێی ڕێوڕەسم پاکیان بکەرەوە.
٧ئاواش دەکەیت بۆ پاککردنەوەیان: ئاوی پاککردنەوەیان بەسەردا بپرژێنە، با هەموو لەشیان بتاشن و جلەکانیان بشۆن. بەم شێوەیە خۆیان پاک بکەنەوە.
٨ئینجا جوانەگایەک لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی کە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراوە ببەن و جوانەگایەکی دیکەش بۆ قوربانی گوناه ببە.
٩جا لێڤییەکان دەبەیتە پێش چادری چاوپێکەوتن و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کۆدەکەیتەوە،
١٠لێڤییەکان دەبەیتە بەردەم یەزدان و نەوەی ئیسرائیل دەستیان دەخەنە سەر.
١١جا هارون لێڤییەکان لەبەردەم یەزدان پێشکەش دەکات وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ پەرستنی یەزدان.
١٢«ئینجا لێڤییەکان دەستیان دەخەنە سەر دوو جوانەگاکە، یەکێکیان وەک قوربانی گوناه پێشکەش دەکرێت و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان، بۆ کەفارەتکردن بۆ لێڤییەکان.
١٣جا لێڤییەکان لەبەردەم هارون و کوڕەکانی ڕادەگریت و وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان پێشکەشیان دەکەیت.
١٤بەم شێوەیە لێڤییەکان لەنێو نەوەی ئیسرائیل جیا دەکەیتەوە، لێڤییەکان بۆ من دەبن.
١٥«لەدوای ئەوەی لێڤییەکانت پاک کردەوە و وەک قوربانی بەرزکردنەوە پێشکەشت کردن، دێن بۆ ئەوەی خزمەتی چادری چاوپێکەوتن بکەن،
١٦چونکە ئەوان لەنێو نەوەی ئیسرائیلەوە بە تەواوی بە من دراون، لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەکی نێری سک لە نەوەی ئیسرائیلدا من بۆ خۆمم داناون.
١٧هەموو نۆبەرەیەکی نێر، خەڵک یان ئاژەڵ لە نەوەی ئیسرائیلدا بۆ منە. ئەو ڕۆژەی لە هەموو نۆبەرەیەکم دا لە خاکی میسر، بۆ خۆمم تەرخان کردن.
١٨ئینجا لێڤییەکانم بۆ خۆم دانا لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە نەوەی ئیسرائیل.
١٩لێڤییەکانم بە تەواوی بە هارون و کوڕەکانی بەخشیوە لەنێو نەوەی ئیسرائیل، هەتا لە چادری چاوپێکەوتندا لە جیاتی نەوەی ئیسرائیل خزمەت بکەن، هەروەها بۆ کەفارەتکردن بۆ نەوەی ئیسرائیل تاکو نەوەی ئیسرائیل تووشی هیچ دەردێک نەبێت لە کاتی نزیککەوتنەوەیان لە پیرۆزگا.»
٢٠موسا و هارون و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل ئاوایان بۆ لێڤییەکان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد سەبارەت بە لێڤییەکان.
٢١جا لێڤییەکان خۆیان پاککردەوە و جلەکانیان شوشت، هارون لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە پێشکەشی کردن، هارون کەفارەتی بۆ کردن بۆ پاکبوونەوەیان.
٢٢لەدوای ئەوە لێڤییەکان هاتن هەتا لە چادری چاوپێکەوتندا لەبەردەم هارون و لەبەردەم کوڕەکانی خزمەتەکەیان بکەن، وەک چۆن یەزدان فەرمانی بە موسا کرد سەبارەت بە لێڤییەکان، ئاوایان لەگەڵدا کردن.
٢٣یەزدان بە موسای فەرموو:
٢٤«ئەمە بۆ لێڤییەکانە، لە گەنجی بیست و پێنج ساڵ بەرەو سەرەوە دێنە ناو خزمەتەوە بۆ خزمەتی چادری چاوپێکەوتن.
٢٥لە تەمەنی پەنجا ساڵەشەوە دەست لە خزمەت هەڵدەگرن و ئیتر خزمەت ناکەن.
٢٦یارمەتی براکانیان دەدەن لە چادری چاوپێکەوتن لە پارێزگاری، بەڵام هیچ خزمەتێک ناکەن. ئاوا بۆ لێڤییەکان دەکەیت لە پارێزگارییەکانیان.»