کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزعۆبەدیا

عۆبەدیا ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بینینەکەی عۆبەدیا. یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئەدۆم ئەمە دەفەرموێت، هەواڵێکمان لەلایەن یەزدانەوە بیست، نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت: «هەستن! هەستن بۆ جەنگ.»

٢«ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە، تۆ زۆر ڕیسوا دەبیت.

٣فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی، ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد، ئەوەی نشینگەکەت لە بەرزاییدایە، ئەوەی لە دڵی خۆتدا دەڵێیت: ”کێ دامدەگرێتە سەر زەوی؟“

٤ئەگەر وەک هەڵۆ بەرز بیتەوە و ئەگەر هێلانەت لەناو ئەستێرەکان دابنێیت، لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٥«ئەگەر دز یان چەتەی شەوانت بۆ بێت، ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟ ئەگەر ڕەزبڕت بۆ بێت ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟ ئای چۆن بە تەواوی بڕایتەوە!

٦ئای عیسۆ چۆن دەپشکێنرێت! گەنجینە شاردراوەکانی تاڵان دەکرێن!

٧هەموو هاوپەیمانەکانت هەتا سنوور ڕاویان نای، هەڵیانخەڵەتاندی و بەسەرتدا زاڵبوون، ئەوانەی نمەکی تۆیان کردبوو داوت بۆ دەنێنەوە، بەڵام تۆ تێناگەیت.»

٨یەزدان دەفەرموێت: «ئایا لەو ڕۆژەدا، دانایان لە ئەدۆم لەناو نابەم، تێگەیشتووانیش لە چیای عیسۆ؟

٩ئەی تێمان، پاڵەوانەکانت دەتۆقن، هەموو ئەوانەی لە چیای عیسۆن بە کوشتن لەناودەچن.

١٠لەبەر ستەمی تۆ لە یاقوبی برات، ڕیسوایی داتدەپۆشێت، بۆ هەتاهەتایە لەناودەچیت.

١١ئەو ڕۆژەی تەماشات دەکرد کاتێک بیانییەکان سامانەکەیان داگیر کرد و نامۆکان هاتنە ناو دەروازەکانی و لەسەر ئۆرشەلیم تیروپشکیان کرد، هەروەها تۆش وەک یەکێک بووی لەوان.

١٢بەڵام نابێت بە ڕۆژی کارەساتی براکەت دڵخۆش بیت، یان لە ڕۆژی لەناوچوونی نەوەی یەهودا شادمان بیت، یان لە ڕۆژی تەنگانەیاندا شانازی بکەیت.

١٣نابێت بچیتە ناو دەروازەی گەلەکەم لە ڕۆژی کارەساتیان، یان بە ناخۆشییەکەیان دڵخۆش بیت لە ڕۆژی کارەساتیان، یان دەستت بۆ سامانەکەیان درێژ بکەیت لە ڕۆژی کارەساتیان.

١٤نابێت لەسەر دووڕیانەکان بوەستیت بۆ کوشتنی دەربازبووەکانیان، نابێت هەڵاتووەکانیان ڕادەست بکەیت لە ڕۆژی تەنگانەیاندا.

١٥«ڕۆژی یەزدان بۆ هەموو گەلان نزیکە. هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە، کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە.

١٦هەروەک لەسەر کێوی پیرۆزم خواردتانەوە، هەموو گەلان بەردەوام جامی سزا دەخۆنەوە؛ دەخۆنەوە و دەخۆنەوە و وەک ئەوەیان لێدێت کە هەرگیز نەبووبن.

١٧بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت، پیرۆز دەبێت، بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن.

١٨بنەماڵەی یاقوب دەبێتە ئاگر و بنەماڵەی یوسف دەبێتە گڕ؛ بنەماڵەی عیسۆش دەبێتە پووش، جا گڕیان تێبەردەدەن و دەیانخۆن. بنەماڵەی عیسۆ کەسیان لێ دەرباز نابێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

١٩خەڵکی نەقەب چیای عیسۆ داگیر دەکەن، خەڵکی زوورگەکانیش خاکی فەلەستییەکان. دەبنە خاوەنی کێڵگەکانی ئەفرایم و سامیرە، بنیامینیش دەبێتە خاوەنی گلعاد.

٢٠ئەو کۆمەڵەی ڕاپێچکراوانی ئیسرائیل کە لە کەنعانن هەتا سەرەفەند دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؛ ڕاپێچکراوانی ئۆرشەلیمیش کە لە سفارەدن دەست بەسەر شارۆچکەکانی نەقەبدا دەگرن.

٢١ڕزگارکەرانی خاکەکەش سەردەکەونە سەر کێوی سییۆن بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر چیای عیسۆ. پاشایەتیش بۆ یەزدان دەبێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.