١کە یەزدان ڕاپێچکراوانی سییۆنی گەڕاندەوە، وامان لێهات وەک خەون ببینین.
٢ئەو کاتە دەممان پڕ پێکەنین و زمانمان پڕ هەلهەلە بوو، ئەوسا لەنێو نەتەوەکان گوتیان: «یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئەوان کرد!»
٣یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئێمە کرد، شادمان بووین.
٤ئەی یەزدان، ڕاپێچکراوانمان بگەڕێنەوە، وەک جۆگەکانی نەقەب.
٥ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن، بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن.
٦ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و تۆو بۆ چاندن بار دەکات، بە هەلهەلەوە دێتەوە و بەرهەمەکەی بە مەڵۆ بار دەکات.