کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٢٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟ بۆ وا دووری لە ڕزگارکردنم، لە بیستنی ناڵەم؟

٢ئەی خودای من، بە ڕۆژ لێت دەپاڕێمەوە، وەڵامم نادەیتەوە، بە شەویش ئارامیم نییە.

٣لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ خودای پیرۆزیت، لەنێو ستایشی ئیسرائیل دانیشتوویت.

٤باوباپیرانمان پشتیان بە تۆ بەست، پشتیان بە تۆ بەست و تۆش ڕزگارت کردن.

٥هاواریان بۆ تۆ هێنا و تۆش دەربازت کردن، پشتیان بە تۆ بەست و شەرمەزار نەبوون.

٦بەڵام من سەگم نەک مرۆڤ، مایەی ڕیسوایی ئادەمیزاد و سووکایەتی خەڵک.

٧هەموو ئەوانەی دەمبینن گاڵتەم پێ دەکەن، توانجم لێ دەگرن و بە بزەوە سەر بادەدەن و دەڵێن:

٨«پشتی بە یەزدان بەست، با یەزدان ڕزگاری بکات. با فریای بکەوێت، ئەگەر یەزدان پێی دڵخۆشە.»

٩بەڵام تۆ لەناو سکی دایکم دەرتهێنام، کاتێک لەبەر مەمکی دایکم بووم، دڵنیات کردم.

١٠من لە کاتی لەدایکبوونمەوە بە تۆ سپێردراوم، لە سکی دایکمەوە تۆ خودای منی.

١١لێم دوور مەبە، چونکە تەنگانە نزیک بووەتەوە و کەس نییە یارمەتیم بدات.

١٢گای زۆر دەوریان داوم، گایە بەهێزەکانی باشان ئابڵوقەیان داوم.

١٣وەک شێری دڕندەی بە نەڕەنەڕ، ددانیان لێ تیژکردوومەتەوە.

١٤وەک ئاو ڕژام، هەموو ئێسقانەکانم لێک جیا بوونەتەوە. دڵم بووە بە مۆم، لە ناخمدا تواوەتەوە.

١٥هێزم وەک پارچە گۆزە وشک بووە، زمانم بە مەڵاشوومەوە نووساوە، منت خستە ناو خاکی مەرگ.

١٦سەگ دەوریان داوم، تاقمێک بەدکار ئابڵوقەیان داوم، دەست و پێیان کون کردووم.

١٧هەموو ئێسقانەکانم دەژمێرم، ئەمانە تەماشام دەکەن و سەرنجیان لەسەرمە.

١٨جلوبەرگەکەم لەنێو خۆیان بەش دەکەن، تیروپشک لەسەر کراسەکەم دەکەن.

١٩بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لێم دوور مەبە، ئەی هێزی من، زوو بگە فریام.

٢٠ژیانم لە شمشێر دەرباز بکە، ژیانی بەهادارم لە چنگی سەگ.

٢١لە دەمی شێر ڕزگارم بکە، لە قۆچی گای کێوی، دەربازم بکە.

٢٢ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم، لەناو کۆمەڵدا ستایشت دەکەم.

٢٣ئەی لەخواترسەکان، ستایشی بکەن! ئەی هەموو نەوەکانی یاقوب، شکۆداری بکەن! ئەی هەموو نەوەکانی ئیسرائیل، لێی بترسن!

٢٤لەبەر ئەوەی بە سووکییەوە نەیڕوانییە ستەمی ستەملێکراوەکە و پشتی لێ ناکات، ڕووی لێ وەرناگێڕێت، بەڵکو گوێ لە هاواری دەگرێت.

٢٥لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی، نەزرەکانم بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە.

٢٦هەژارەکان دەخۆن و تێر دەبن، ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن، دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت.

٢٧سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو، هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،

٢٨چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات.

٢٩هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن، هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن، ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.

٣٠نەوەکان دەیپەرستن، باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت.

٣١ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە، چونکە ئەم کارەی کردووە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.