١ئاشکراکردنی عیسای مەسیح کە خودا پێیداوە، تاکو ئەو شتانەی دەبێت زوو ڕووبدەن بە بەندەکانی پیشان بدات. خودا لە ڕێگەی ناردنی فریشتەکەیەوە بۆ لای یۆحەنای بەندەی، ئەو شتانەی دەرخست،
٢کە شایەتیی دا بۆ هەموو ئەو شتانەی کە بینی، واتا وشەی خودا و شایەتیی عیسای مەسیح.
٣خۆزگە دەخوازرێت بەوەی وتەکانی ئەم پێشبینییە دەخوێنێتەوە، هەروەها خۆزگە بەو کەسانەش دەخوازرێت کە دەیبیستن و ئەوەی تێیدا نووسراوە پەیڕەوی دەکەن، چونکە کاتەکە نزیکە.
٤لە یۆحەناوە، بۆ حەوت کڵێساکەی هەرێمی ئاسیا: با نیعمەت و ئاشتیتان بۆ ببێت لەوەوەی کە هەیە و هەبووە و دێت و لەو حەوت ڕۆحەوەی لەبەردەم تەختەکەیدان،
٥هەروەها لە عیسای مەسیحیشەوە کە شایەتیدەری دڵسۆزە، نۆبەرەی هەستانەوەی نێو مردووانە و سەرۆکی پاشاکانی سەر زەوییە. ئەو کە ئێمەی خۆشدەوێت و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان ئازادی کردین و
٦ئێمەی کردە شانشین و کاهین بۆ خودای باوکی، هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە! ئامین.
٧ئەوەتا لەگەڵ هەوردا دێت و هەموو چاوێک دەیبینێت، ئەوانەش کە ڕمیان لێیداوە، هەموو خێڵەکانی زەویش شیوەنی بۆ دەگێڕن. بێگومان بەم جۆرە دەبێت، ئامین.
٨یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بەتوانا.»
٩من یۆحەنای براتانم، کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا هاوبەشتانم لە تەنگانە و شانشین و دانبەخۆداگرتن، لە پێناوی پەیامی خودا و شایەتی بۆ عیسا لە دوورگەی پەتمۆس بووم.
١٠لە ڕۆژی یەزداندا ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و لە پشتمەوە گوێم لە دەنگێکی بەرزی وەک کەڕەنا بوو،
١١دەیفەرموو: «ئەوەی دەیبینی لە پەڕتووکێک بینووسەوە و بۆ حەوت کڵێساکەی بنێرە، واتا ئەفەسۆس و سمیرنا و پرگامۆس و سیاتیرا و ساردس و فیلادەلفیا و لاودیکییا.»
١٢ئاوڕم دایەوە تاکو ئەو دەنگە ببینم کە لەگەڵم دەدوا. کاتێک ئاوڕم دایەوە حەوت چرادانی زێڕینم بینی،
١٣لە ناوەڕاستی چرادانەکاندا یەکێکم وەک کوڕی مرۆڤ بینی، جلێکی شۆڕی لەبەردا بوو هەتا بەرپێی، پشتێنێکی زێڕینی بە سنگییەوە بەستبوو.
١٤سەر و قژی سپی وەک خوری و وەک بەفر سپی بوون و چاوەکانی وەک گڕی ئاگر بوون.
١٥پێیەکانی وەک بڕۆنزێکی بریقەدار کە لە کوورە پوختە کرابێت وابوون، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو.
١٦حەوت ئەستێرە لە دەستی ڕاستی بوون، شمشێرێکی دوودەمیش لە دەمیەوە دەردەچوو، ڕوخساری وەک تیشکی بەتینی ڕۆژ دەدرەوشایەوە.
١٧کاتێک بینیم وەک مردوو لەبەرپێی کەوتم، دەستی ڕاستی خستە سەرم و فەرمووی: «مەترسە، من سەرەتا و کۆتاییم.
١٨منم زیندووەکە! مردبووم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم پێیە.
١٩«بۆیە ئەمانە بنووسە لەوەی بینیت و ئەوەی هەیە و ئەوەی پاش ئەمەش دەبێت.
٢٠نهێنی ئەو حەوت ئەستێرەیەی لە دەستی ڕاستم بینیت و حەوت چرادانە زێڕینەکە ئەمەیە: حەوت ئەستێرەکە فریشتەی حەوت کڵێساکانن و حەوت چرادانەکەش حەوت کڵێساکەن.»