کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئاشکراکردن

ئاشکراکردن ١٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١پاشان نیشانەیەکی گەورە و سەیری دیکەم لە ئاسماندا بینی: حەوت فریشتە حەوت دەردی کۆتاییان پێبوو، چونکە تووڕەیی خودا لەوانەدا تەواو دەبێت.

٢پاشان شتێکی وەک دەریای شووشەیی تێکەڵ بە ئاگرم بینی و ئەوانەی دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان بەزاندبوو لەسەر دەریا شووشەییەکە ڕاوەستابوون و قیسارەی خودایان پێبوو.

٣سروودی موسای بەندەی خودا و سروودی بەرخەکەیان دەچڕی و دەیانگوت: «ئەی یەزدان، خودای هەرە بەتوانا، کارەکانت گەورە و سەیرە! ئەی پاشای نەتەوەکان، ڕێگاکانت ڕاست و دادپەروەرە.

٤ئەی یەزدان، کێ لە تۆ ناترسێت و ناوت شکۆدار ناکات؟ چونکە تۆ تاقە پیرۆزیت. هەموو نەتەوەکان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن، چونکە دادپەروەرییەکانت دەرکەوتوون.»

٥پاش ئەوە تەماشام کرد و بینیم لە ئاسماندا شوێنی هەرەپیرۆز لە چادری پەیمان کرایەوە.

٦حەوت فریشتەکە لە پەرستگاکە هاتنە دەرەوە و حەوت دەردەکەیان پێبوو. کەتانی پاک و پرشنگداریان پۆشیبوو و چەند پشتێنێکی زێڕینیان لە سنگ بەستبوو.

٧یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە حەوت جامی زێڕینی پڕ لە تووڕەیی خودای هەمیشە زیندووی دا بە حەوت فریشتەکە.

٨پەرستگاکەش پڕبوو لە دووکەڵی شکۆ و هێزی خودا و هەتا حەوت دەردەکەی حەوت فریشتەکە تەواو نەبوون، کەس نەیتوانی بچێتە ناو پەرستگاکەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.