١ئینجا یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو پێی گوتم: «وەرە با سزای لەشفرۆشە گەورەکەت پیشان بدەم کە لەسەر ڕووبارێکی زۆر دانیشتووە.
٢ئەوەی پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵ کردووە و دانیشتووانی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسییەکەی سەرخۆش بوون.»
٣پاشان فریشتەکە بە ڕۆحی پیرۆز بردمییە چۆڵەوانی. بینیم ژنێک لەسەر دڕندەیەکی قرمزی دانیشتووە کە بە ناوی کفر داپۆشرابوو. دڕندەکە حەوت سەر و دە شاخی هەبوو.
٤ژنەکە جلوبەرگی ئەرخەوانی و قرمزی لەبەر کرابوو، هەروەها بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازێنرابووەوە. جامێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو، پڕ لە قێز و گڵاوی داوێنپیسییەکەی.
٥لەسەر ناوچەوانیشی ناوێکی نهێنی نووسرابوو: «بابلی گەورە، دایکی لەشفرۆشان و قێزەونانی زەوی.»
٦هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو. بە بینینی زۆر سەرسام بووم.
٧فریشتەکە پێی گوتم: «بۆ سەرسام بوویت؟ نهێنی ژنەکە و ئەو دڕندەیەشت پێ دەڵێم کە هەڵیگرتووە و حەوت سەر و دە شاخی هەیە.
٨ئەو دڕندەیەی بینیت هەبووە و ئێستا نییە، خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات. دانیشتووانی سەر زەوی، ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەڕتووکی ژیاندا نەنووسراوە، کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن، چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە، بەڵام لە داهاتوودا دێتەوە.
٩«ئەمە بانگەوازە بۆ مێشکی دانا: حەوت سەرەکە حەوت گردن کە ژنەکە لەسەریان دانیشتووە.
١٠حەوت پاشاکەش، پێنجیان کەوتن و یەکێکیان هەیە و ئەوی دیکە هێشتا نەهاتووە، کاتێکیش دێت پێویستە کەمێک بمێنێتەوە.
١١ئەو دڕندەیەی هەبووە و ئێستا نییە هەشتەمینە، بەڵام لە حەوتەکەیە و بۆ لەناوچوون دەڕوات.
١٢«ئەو دە شاخەی بینیت دە پاشان، هێشتا شانشینیان وەرنەگرتووە، بەڵام بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵ دڕندەکە وەکو پاشا دەسەڵات وەردەگرن.
١٣ئەوانە یەک مەبەستیان هەیە، هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەنە دڕندەکە.
١٤ئەوانە لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن و بەرخەکە دەیانبەزێنێت، چونکە گەورەی گەورانە و پاشای پاشایانە، ئەوانەی لەگەڵیدان بانگکراو و هەڵبژێردراو و دڵسۆزن.»
١٥ئینجا پێی گوتم: «ئەو ئاوانەی بینیت، کە لەشفرۆشەکە لەوێ دانیشتووە، گەل و خەڵک و نەتەوە و زمانن.
١٦دە شاخەکە و دڕندەکەی کە بینیت، ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن، وێران و ڕووتی دەکەنەوە، گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن،
١٧چونکە خودا خستوویەتییە دڵیان کە مەبەستی ئەو جێبەجێ بکەن و ڕێک بکەون، دەسەڵاتیان بدەنە دڕندەکە، هەتا وشەکانی خودا بێتە دی.
١٨ئەو ژنەی بینیشت ئەو شارە گەورەیە کە دەسەڵاتی بەسەر پاشاکانی زەویدا هەیە.»