١هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی ساردس بنووسە: ئەوەی حەوت ڕۆحی خودا و حەوت ئەستێرەکەی هەیە دەفەرموێ: «ئاگام لە کردارەکانتە، تۆ بە ناو زیندوویت، بەڵام مردوویت.
٢ئێشک بگرە! ئەوەی ماوە و خەریکە بمرێت بەهێزی بکە، چونکە لەبەردەم خودام کارەکانتم بە ناتەواوی بینی.
٣ئیتر ئەو شتەی کە فێری بوویت و بیستت بەبیر خۆتی بهێنەرەوە و بە باشی پێیەوە پابەند بە و تۆبە بکە. بەڵام ئەگەر ئێشک نەگریت ئەوا وەک دزێک دێم و نازانی لە چ کاتێکدا دێمە سەرت.
٤«کەچی خەڵکێکی کەمت لە ساردسدا هەیە بەرگەکانیان گڵاو نەکردووە. ئەوان بە بەرگی سپییەوە لەگەڵ من ڕێ دەکەن، چونکە شایانی ئەوەن.
٥ئەوەی سەربکەوێت، ئاوا بەرگی سپی دەپۆشێت و ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا ناسڕمەوە و لەبەردەم باوکم و لەبەردەم فریشتەکانی دان بە ناوەکەیدا دەنێم.
٦ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
٧هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی فیلادەلفیا بنووسە: ئەوەی پیرۆز و ڕاستە، کلیلەکەی داودی لە دەستە، ئەوەی دەیکاتەوە و کەس دایناخات، دایدەخات و کەس نایکاتەوە، دەفەرموێ:
٨«ئاگام لە کردارەکانتە. ئەوەتا دەرگایەکی کراوەم لەبەردەمت داناوە و کەس ناتوانێت دایبخات. دەزانم هێزێکی کەمت هەیە، بەڵام وشەی من دەپارێزیت، نکۆڵیت لە ناوی من نەکرد.
٩ئەوەتا ئاوا لەوانەی کەنیشتی شەیتان دەکەم، ئەوانەی دەڵێن جولەکەین و جولەکەش نین، بەڵکو درۆ دەکەن، وایان لێ دەکەم بێن و لەبەردەم پێیەکانتدا کڕنۆش ببەن و بزانن تۆم خۆشویستووە.
١٠لەبەر ئەوەی بەگوێرەی ڕاسپاردەکەم دانت بەخۆتداگرت، منیش لە کاتی تاقیکردنەوەدا دەتپارێزم کە بەسەر هەموو جیهاندا دێت بۆ ئەوەی دانیشتووانی جیهان تاقی بکرێنەوە.
١١«زوو دێم. دەست بگرە بەوەی هەتە، تاکو کەس تاجەکەت لێ نەستێنێت.
١٢ئەوەی سەربکەوێت، دەیکەمە کۆڵەکەیەک لەناو پەرستگای خودام و هەرگیز لێی دەرناچێت. ناوی خودای خۆم و ناوی شاری خودای خۆمی لەسەر دەنووسم، ئۆرشەلیمی نوێ، ئەوەی لەلایەن خودای خۆم لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، هەروەها ناوی نوێی خۆمی لەسەر دەنووسم.
١٣ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
١٤بۆ فریشتەی کڵێساکەی لاودیکییا بنووسە: ئەمە پەیامی ئەوەیە کە بە «ئامین» ناو دەبردرێت، کە شایەتیدەری دڵسۆز و ڕاستگۆیە و سەرچاوەی بەدیهێنراوەکانی خودایە:
١٥«ئاگام لە کردارەکانتە، تۆ نە سارد و نە گەرمیت. خۆزگە سارد یان گەرم بووای،
١٦بەڵام لەبەر ئەوەی شلەتێنیت، نە ساردیت و نە گەرمیت، بەتەمام لە دەممەوە بتتفێنمەوە.
١٧تۆ دەڵێی: ”دەوڵەمەندم و زەنگین بوومە، پێویستیم بە هیچ نییە.“ بەڵام بێئاگای لەوەی کە بەدبەخت و نەگبەت و هەژار و کوێر و ڕووتیت.
١٨ئامۆژگاریت دەکەم زێڕی بە ئاگر پوختەکراوم لێ بکڕیت تاکو دەوڵەمەند بیت، جلی سپیش تاکو لەبەری بکەیت بۆ ئەوەی شەرمەزاری ڕووتیت دەرنەکەوێت، هەروەها کلیش بۆ ئەوەی لە چاوتی بدەیت هەتا ببینیت.
١٩«ئەوانەی خۆشم بوێن سەرزەنشتیان دەکەم و تەمبێیان دەکەم. بۆیە دڵگەرم بە و تۆبە بکە.
٢٠ئەوەتا لە بەردەرگا وەستاوم و لە دەرگا دەدەم. ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگم بوو و دەرگاکەی کردەوە، لێی دێمە ژوورەوە و نانی لەگەڵ دەخۆم، ئەویش لەگەڵ من.
٢١«ئەوەی سەربکەوێت، لەگەڵ خۆم لەسەر تەختەکەم دایدەنیشێنم، وەک چۆن منیش سەرکەوتنم بەدەستهێنا و لەگەڵ باوکم لەسەر تەختەکەی دانیشتم.
٢٢ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»