١سەیرم کرد کە بەرخەکە یەکێک لە حەوت مۆرەکەی کردەوە. ئینجا گوێم لێبوو یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە بە دەنگێکی وەک هەورەگرمە گوتی: «وەرە!»
٢تەماشام کرد و ئەسپێکی سپیم بینی. سوارەکەی کەوانێکی بەدەستەوە بوو و تاجێکی پێدرابوو، بە سەرکەوتنەوە دەرچوو تاکو سەربکەوێت.
٣کاتێک بەرخەکە مۆری دووەمی کردەوە، گوێم لە بوونەوەری دووەم بوو گوتی: «وەرە!»
٤ئەسپێکی دیکەی سووری درەوشاوە هاتە پێشەوە، سوارەکەی دەسەڵاتی پێدرابوو ئاشتی لە زەویدا نەهێڵێت تاکو خەڵک یەکتری بکوژن. هەروەها شمشێرێکی گەورەی پێدرابوو.
٥کاتێک بەرخەکە مۆری سێیەمی کردەوە، گوێم لێبوو بوونەوەری سێیەم گوتی: «وەرە!» سەیرم کرد، ئەسپێکی ڕەشم بینی، سوارەکەی تەرازووێکی بەدەستەوە بوو.
٦گوێم لێبوو دەنگێک لە ناوەڕاستی چوار بوونەوەرەکەدا دەیگوت: «یەک مشت گەنم بە دینارێک، سێ مشت جۆ بە دینارێک، بەڵام زیان بە ڕۆن و شەرابەکە مەگەیەنە.»
٧کاتێک بەرخەکە مۆری چوارەمی کردەوە، گوێم لە دەنگی بوونەوەری چوارەم بوو گوتی: «وەرە!»
٨تەماشام کرد، ئەسپێکی زەردباوم بینی، سوارەکەی ناوی «مردن» بوو، یەکێکی دیکە بە ناوی «جیهانی مردووان» دوای کەوتبوو. هەردووکیان دەسەڵاتیان پێدرابوو کە چارەکی دانیشتووانی زەوی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد و بە دڕندە کێوییەکانی زەوی بکوژن.
٩کاتێک مۆری پێنجەمی کردەوە، لەژێر قوربانگادا ڕۆحی ئەوانەم بینی لەبەر پەیامی خودا و لەبەر ئەو شایەتییەی لەلایان بوو کوژرابوون.
١٠بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدانی باڵادەست، پیرۆز و ڕاست، هەتا کەی حوکمیان نادەیت و تۆڵەی خوێنی ئێمە لە دانیشتووانی سەر زەوی ناستێنی؟»
١١جا هەریەکەیان جلێکی سپییان درایێ و پێیان گوترا ماوەیەک بحەسێنەوە، هەتا بەندە هاوکارەکان و خوشک و براکانیان کە وەک ئەوان دەکوژرێن تەواو دەبن.
١٢تەماشام کرد کە مۆری شەشەمی کردەوە، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و خۆر وەک جلوبەرگی ماتەم ڕەش هەڵگەڕا، مانگیش وەک خوێن سوور هەڵگەڕا و
١٣ئەستێرەکانی ئاسمان کەوتنە زەوی، وەک دار هەنجیر کاتێک بایەکی توند دەیهەژێنێت، بەرەکەی دەکەوێت.
١٤ئاسمان وەک تۆمارێکی لوولکراو لەبەرچاو ون بوو، هیچ چیا و دوورگەیەک لە شوێنی خۆی نەما.
١٥پاشایانی سەر زەوی و گەورە و سوپاسالار و دەوڵەمەند و بەهێز و هەموو کۆیلە و ئازادێک، خۆیان لە ئەشکەوت و تاشەبەردی چیادا حەشار دا.
١٦بە چیا و بەردیان دەگوت: «بکەونە سەرمان تاکو لە ڕووی دانیشتووی سەر تەختەکە و تووڕەیی بەرخەکە بمانشارنەوە!
١٧چونکە ڕۆژی تووڕەبوونە گەورەکەیان هاتووە و کێ دەتوانێت خۆی ڕابگرێت؟»