کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕۆما

ڕۆما ١٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە.

٢شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە.

٣لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون.

٤بەڵام مەسیح تەواوکەری شەریعەتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن.

٥موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی شەریعەتی تەوراتە دەنووسێت: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾

٦بەڵام ئەو ڕاستودروستییەی بە باوەڕە، ئاوا دەفەرموێ: ﴿لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»﴾ بە واتای ئەوەی کە مەسیح بهێنێتە خوارەوە،

٧﴿یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»﴾ بە واتای ئەوەی کە مەسیح لەناو مردووان سەربخات.

٨بەڵام چی دەفەرموێ؟ ﴿پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،﴾ ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین:

٩ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت.

١٠لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە.

١١هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.﴾

١٢جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،

١٣چونکە ﴿هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.﴾

١٤ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟

١٥هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: ﴿چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!﴾

١٦بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: ﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟﴾

١٧کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە.

١٨بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بێگومان گوێیان لێ بوو! ﴿پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت، وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.﴾

١٩بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت: ﴿من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین، بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.﴾

٢٠بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت: ﴿دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان، دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.﴾

٢١بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت: ﴿بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.﴾

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.