کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕۆما

ڕۆما ١٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بۆیە ئەی خوشک و برایان، لەبەر میهرەبانی خودا لێتان دەپاڕێمەوە لەشتان وەک قوربانییەکی زیندوو پێشکەش بکەن، پیرۆز و پەسەندکراو لەلای خودا، کە پەرستنی هۆشمەندانەتانە.

٢شێوەی ئەم دنیایە وەرمەگرن، بەڵکو بە نوێکردنەوەی بیرتان بگۆڕێن، تاکو بە لێکدانەوە بتوانن دەریبخەن خواستی خودا چییە، کە باش و پەسەندکراو و تەواوە.

٣بەو نیعمەتەی پێم دراوە بە هەر یەکێک دەڵێم کە لەنێوتاندایە: با لە نرخ بۆ خۆ دانان زێدەڕۆیی نەکات، بەڵکو لە نرخاندن هۆشیار بێت، بەو بڕە باوەڕەی خودا بە هەر یەکێکی بەخشیوە.

٤وەک چۆن لە یەک جەستەدا ئەندامی زۆرمان هەیە، هەموو ئەندامەکانیش یەک کاریان نییە،

٥ئێمەش بە هەمان شێوە، هەرچەندە زۆرین، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح ئەندامی یەک جەستەین و هەر ئەندامێک پەیوەستە بە ئەندامەکانی دیکەوە.

٦بەڵام بەهرەی جیاوازمان هەیە، بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی پێمان دراوە: ئەگەر کەسێک بەهرەی ڕاگەیاندنی پەیامی خودای هەیە، با بەگوێرەی ڕێژەی باوەڕ بێت؛

٧ئەگەر بەهرەی خزمەتکردنی هەیە، با خزمەت بکات؛ ئەگەر بەهرەی فێرکردنی هەیە، با فێر بکات؛

٨ئەگەر بەهرەی هاندانی هەیە، با هانبدات؛ ئەگەر بەهرەی بەخشینی هەیە، با بە‏ دڵفراوانییەوە ببەخشێت‏؛ ئەگەر بەهرەی ڕابەرایەتیکردنی هەیە، با بە دڵگەرمییەوە بێت؛ ئەگەر بەهرەی بەزەیی هەیە، با‏ بە دڵخۆشییەوە بێت.

٩با خۆشەویستی بێ دووڕوویی بێت. ڕقتان لە خراپە بێت و بە چاکەوە بنووسێن.

١٠بە خۆشەویستی برایانە بە دڵ یەکتریتان خۆشبوێ، لە خۆتان زیاتر ڕێز لە یەکتری بگرن.

١١سست مەبن لە دڵگەرمی، لە ڕۆح گەرم بن، خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن.

١٢لە هیوا دڵشاد بن، لە تەنگانە ئارام بگرن، لە نوێژکردن پەیوەست بن،

١٣بەشداری بکەن لە پێویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا، میوانداری خوشک‏ و برا نامۆکان بکەن.

١٤ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن. داوای بەرەکەت بکەن و نەفرەت مەکەن.

١٥لەگەڵ دڵشادان دڵشاد بن، بگریێن لەگەڵ ئەوانەی دەگریێن.

١٦سەبارەت بە یەکتری هاوبیر بن، بیر لە بڵندی مەکەنەوە، بەڵکو تێکەڵاوی پایەنزمەکان بن. خۆتان بە دانا مەزانن.

١٧خراپەی کەس بە خراپە مەدەنەوە. وریا بن لەبەردەمی هەموو خەڵک ئەوە بکەن کە بە چاک دەزانرێت.

١٨بەپێی تواناتان هەوڵ بدەن کە لەگەڵ هەموو خەڵک بە ئاشتی بژین.

١٩خۆشەویستان، خۆتان تۆڵە مەستێنن، بەڵکو ڕێ بە تووڕەیی خودا بدەن، چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ، تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾

٢٠بەڵام: ﴿ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی بدەرێ، ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ. بەمە پشکۆی داگیرساو لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت.﴾

٢١با خراپە نەتبەزێنێت، بەڵکو بە چاکە خراپە ببەزێنە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.