کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕۆما

ڕۆما ٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کەواتە ئێستا تاوانبارکردن بۆ ئەوانە نییە کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن،

٢چونکە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە یاسای ڕۆحی ژیان لە یاسای گوناه و مردن ئازادی کردیت.

٣خودا ئەوەی کرد کە شەریعەت بەهۆی لاوازی سروشتی دنیایی نەیتوانی بیکات: کوڕەکەی خۆی لە شێوەی جەستەی مرۆڤی گوناهبار نارد بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی گوناه. لە جەستەی مرۆڤانەدا گوناهی تاوانبار کرد،

٤تاکو داواکارییە دروستەکانی شەریعەتی تەورات لە ئێمەدا بێتە دی، کە بەگوێرەی سروشتی دنیایی ناژین، بەڵکو بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز.

٥ئەوانەی بەگوێرەی سروشتی دنیایی دەژین، بایەخ بە کاروباری سروشتی دنیایی دەدەن، بەڵام ئەوانەی بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بایەخ بە کاروباری ڕۆحی پیرۆز دەدەن.

٦بایەخدان بە سروشتی دنیایی مردنە، بەڵام بایەخدان بە ڕۆحەکە ژیان و ئاشتییە.

٧بایەخدان بە سروشتی دنیایی دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، چونکە ملکەچی شەریعەتی خودا نابێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت.

٨جا ئەوانەی لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایین ناتوانن خودا ڕازی بکەن.

٩بەڵام ئێوە، ئەگەر ڕۆحی خودا لەناوتاندا نیشتەجێ بێت، ئەوا لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی نین، بەڵکو لە لەژێر کاریگەری ڕۆحدان. ئەگەر کەسێکیش ڕۆحی مەسیحی نەبێت، ئەوا هی مەسیح نییە.

١٠ئەگەر مەسیح لە ئێوەدا بێت، ئەوا جەستە بەهۆی گوناه مردووە، بەڵام ڕۆح بەهۆی ڕاستودروستی زیندووە.

١١ئەگەر ڕۆحی ئەوەی عیسای لەنێو مردووان هەستاندەوە لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، ئەوا ئەوەی مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە بە ڕۆحی خۆی کە لە ئێوەدا نیشتەجێیە لەشی مردووشتان زیندوو دەکاتەوە.

١٢بۆیە ئەی خوشک و برایان، ئێمە قەرزارین، بەڵام قەرزاری سروشتی دنیایی نین، تاکو بەگوێرەی ئەو بژین.

١٣ئەگەر بێتو ئێوە بەگوێرەی سروشتی دنیایی بژین دەمرن، بەڵام ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز کردارەکانی سروشتی دنیاییتان مراند، ئەوا دەژین،

١٤چونکە هەموو ئەوانەی ڕۆحی خودا بەڕێوەیان دەبات، ڕۆڵەی خودان.

١٥ئێوە ڕۆحی کۆیلەییتان وەرنەگرتووە تاکو بۆ ترس بتانگەڕێنێتەوە، بەڵکو ڕۆحی لەخۆگرتنەوەتان وەرگرتووە، بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «بابە! باوکە!»

١٦ڕۆحی پیرۆز خۆی شایەتی بۆ ڕۆحمان دەدات کە منداڵی خوداین.

١٧ئەگەر منداڵی بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مەسیح، ئەگەر لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو ئازار بچێژین، بۆ ئەوەیە لەگەڵ ئەو شکۆدار بین.

١٨پێم وایە ئازارەکانی ئێستا لەگەڵ شکۆی داهاتوو کە تیاماندا ئاشکرا دەکرێت بەراورد ناکرێت،

١٩چونکە بەدیهێنراو بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات ڕۆڵەکانی خودا ئاشکرا بکرێن.

٢٠بەدیهێنراو ملکەچی بێنرخبوون بوو، نەک بە ویستی خۆی، بەڵکو بە ویستی ئەوەی کە ملکەچی کرد، بە هیوای ئەوەی

٢١کە خودی بەدیهێنراو لە کۆیلایەتی گەندەڵی ئازاد بکرێت تاکو هاوبەش بێت لە سەربەستی شکۆمەندی منداڵانی خودا.

٢٢دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە.

٢٣تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتا ڕزگاریی جەستەمان،

٢٤چونکە بە هیواوە ڕزگارمان بوو. بەڵام هیوای بینراو هیوا نییە. ئەوەی دەیبینی هیوای چی پێ دەخوازیت؟

٢٥بەڵام ئەگەر هیوای شتێک بخوازین کە بینراو نییە، ئەوا بە دانبەخۆداگرتنەوە چاوەڕێی دەکەین.

٢٦بە هەمان شێوە ڕۆحی پیرۆز لە لاوازییەکانماندا یارمەتیمان دەدات. نازانین لە پێناوی چی نوێژ بکەین، بەڵام ڕۆحی پیرۆز خۆی بە ناڵەوە داکۆکیمان لێدەکات بە شێوەیەک کە باس ناکرێت.

٢٧ئەوەی دڵی مرۆڤ دەپشکنێت، دەزانێت ڕۆحی پیرۆز بایەخ بە چی دەدات، چونکە بەگوێرەی خواستی خودا داکۆکی لە گەلی پیرۆزی خودا دەکات.

٢٨ئێمە دەزانین خودا لە هەموو شتەکاندا کار دەکات بۆ چاکەی ئەوانەی ئەویان خۆشدەوێت، ئەوانەی بەگوێرەی مەبەستی ئەو بانگکراون،

٢٩چونکە ئەوانەی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری کردن بۆ ئەوەی وەک وێنەی کوڕەکەی ئەویان لێ بێت، تاکو لەنێو زۆرێک لە خوشک و برایاندا ئەو ببێتە نۆبەرە.

٣٠ئەوانەی پێشتر دیاری کردن بانگیشی کردن، ئەوانەی بانگی کردن بێتاوانیشی کردن، ئەوانەی بێتاوانی کردن شکۆداریشی کردن.

٣١ئیتر چی بەمانە بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت، کێ دژمانە؟

٣٢ئەوەی دەستی بە کوڕەکەی خۆیەوە نەگرت، بەڵکو لە پێناوی هەموومان پێشکەشی کرد، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان بەخۆڕایی ناداتێ؟

٣٣کێ سکاڵا لە هەڵبژێردراوانی خودا دەکات؟ خودایە ئەوەی بێتاوان دەکات.

٣٤کێیە تاوانبار دەکات؟ کەس نییە. عیسای مەسیحە کە مرد، بەڵکو لەمەش زیاتر هەستێنرایەوە، هەر ئەویش لە دەستەڕاستی خودایە و داکۆکیمان لێدەکات.

٣٥کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ناخۆشی یان تەنگانە یان چەوسانەوە یان قاتوقڕی یان ڕووتی یان مەترسی یاخود شمشێر؟

٣٦وەک نووسراوە: ﴿لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.﴾

٣٧بەڵام لە هەموو ئەمانەدا لە ڕادەبەدەر سەرکەوتووین لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆشیویستووین،

٣٨چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان،

٣٩نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە بۆمان دێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.