کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕائووس

ڕائووس ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی ڕابەرەکان، قاتوقڕییەک لە خاکەکە سەریهەڵدا. لە بێت‌لەحمی یەهوداوە پیاوێک خۆی و ژنەکەی و دوو کوڕەکەی کۆچیان کرد و پەنایان بۆ وڵاتی مۆئاب برد.

٢ناوی پیاوەکە ئەلیمەلەخ بوو، ناوی ژنەکەشی ناعۆمی بوو، ناوی دوو کوڕەکەشی مەحلۆن و کیلیۆن بوو، لە ئەفراتییەکانی بێت‌لەحمی یەهودا بوون. ئیتر هاتن بۆ وڵاتی مۆئاب و لەوێ ژیان.

٣لەوێ ئەلیمەلەخی مێردی ناعۆمی مرد، ناعۆمی و دوو کوڕەکەی مانەوە و

٤دوو ژنی مۆئابیان هێنا، یەکێکیان ناوی عۆرپا بوو ئەوەی دیکەیان ڕائووس. لەوێ بۆ ماوەی دە ساڵ مانەوە.

٥ئینجا مەحلۆن و کیلیۆن مردن، ئیتر ناعۆمی بەبێ کوڕ و مێرد مایەوە.

٦دوای ئەوەی ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابدا بیستی کە خودا گەلەکەی خۆی بەسەرکردووەتەوە و نانی داوە پێیان، خۆی و بووکەکانی هەستان و وڵاتی مۆئابیان بەجێهێشت.

٧لەگەڵ دوو بووکەکەی ئەو شوێنەی بەجێهێشت کە لێی دەژیا و ئەو ڕێگایەیان گرتەبەر کە دەیگەڕاندنەوە بۆ خاکی یەهودا.

٨ناعۆمی بە بووکەکانی گوت: «با هەریەکەتان بگەڕێتەوە بۆ ماڵی دایکی خۆی. خودا پاداشتی ئەو چاکەیەتان بداتەوە کە لەگەڵ من و کوڕەکانمدا کردتان.

٩خودا هەریەکەتان لە ماڵی مێردی خۆی بحەسێنێتەوە.» ئینجا ماچی کردن و ئەوانیش بە دەنگی بەرز گریان.

١٠پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین بۆ لای گەلەکەت.»

١١ناعۆمی گوتی: «کچەکانم بگەڕێنەوە. بۆچی لەگەڵ من دێن؟ ئایا سکم کوڕی تێدا ماوە بۆ ئەوەی ببن بە مێردتان؟

١٢بگەڕێنەوە و بڕۆن، چونکە پیر بووم و ناتوانم شوو بکەمەوە. وا گوتیشم ئومێدی ئەوە هەبوو کە ئەمشەو شوو بکەمەوە و چەند کوڕێکیشم بوو،

١٣ئایا چاوەڕێیان دەکەن هەتا گەورە دەبن؟ ئایا لەبەر ئەوان خۆتان دەبەستنەوە و شوو ناکەنەوە؟ نا کچەکانم. من لە ئێوە زیاتر خەفەت دەخۆم، چونکە خودا خراپەی بەسەرم هێنا.»

١٤ئینجا دیسان بە دەنگی بەرز گریان. عۆرپا خەسووی ماچکرد، بەڵام ڕائووس بە توندی لە باوەشی گرت.

١٥ناعۆمی گوتی: «ئەوەتا عۆرپای هێوەرژنت گەڕایەوە بۆ لای گەلەکەی و خوداوەندەکانی. تۆش لەگەڵ ئەو بگەڕێوە.»

١٦بەڵام ڕائووس گوتی: «زۆرم لێ مەکە بەجێت بهێڵم و وازت لێ بهێنم، چونکە بۆ کوێ بچیت دەچم و لە هەرکوێ بمێنیتەوە دەمێنمەوە. گەلی تۆ گەلی منە و خودای تۆ خودای منە.

١٧لەکوێ بمریت لەوێ دەمرم و هەر لەوێش بە خاک دەسپێردرێم. با یەزدان توندترین سزام بدات، ئەگەر جگە لە مردن شتێک من لە تۆ جیا دەکاتەوە.»

١٨کە بینی سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵیدا بڕوات، ئیتر زۆری لێ نەکرد.

١٩ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن هەتا چوونە ناو بێت‌لەحم. کاتێک گەیشتنە بێت‌لەحم شارۆچکەکە هەمووی لەبەر ئەوان خرۆشا و گوتیان: «ئایا ئەمە ناعۆمییە؟»

٢٠ئەویش پێی گوتن: «پێم مەڵێن ”ناعۆمی“، بەڵکو پێم بڵێن ”مارا“ چونکە خودای هەرە بەتوانا ژیانی زۆر تاڵ کردم.

٢١من بە پڕی ڕۆیشتم و خودا بە بەتاڵی منی هێنایەوە. بۆچی بە ناعۆمی بانگم دەکەن؟ ئەوەتا یەزدان کۆستی خستم، هەرە بەتوانا تووشی خراپەی کردم.»

٢٢ئیتر ناعۆمی و ڕائووسی مۆئابی بووکی، لە وڵاتی مۆئابەوە هاتنەوە و لە سەرەتای دروێنەی جۆ چوونە ناو بێت‌لەحمەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.