کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕائووس

ڕائووس ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ڕۆژێکیان ناعۆمی خەسووی بە ڕائووسی گوت: «کچم، ئایا هەوڵ نەدەم ماڵێکت بۆ پەیدا بکەم کە تێیدا بحەوێیتەوە؟

٢بۆعەز ئەوەی کە لەگەڵ کچە خزمەتکارەکانی بوویت خزممانە و ئەوەتا ئەمشەو لەسەر جۆخینەکە شەنی جۆ دەکات.

٣خۆت بشۆ و بۆن لە خۆت بدە و خۆت بگۆڕە. پاشان بڕۆ بۆ سەر جۆخینەکە، بەڵام خۆت بۆ پیاوەکە ئاشکرا مەکە هەتا لە خواردن و خواردنەوە دەبێتەوە.

٤هەرکە پاڵکەوت، بزانە شوێنی پاڵکەوتنەکەی کوێیە. بڕۆ لای پێی هەڵبدەوە و پاڵبکەوە، ئیتر خۆی پێت دەڵێت چی بکەیت.»

٥ئەویش پێی گوت: «هەرچییەکت گوت دەیکەم.»

٦ئیتر چووە سەر جۆخینەکە و هەموو ئەوەی کە خەسووی فەرمانی پێدا کردی.

٧بۆعەز خواردی و خواردیەوە و دڵی خۆش بوو و چووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لە قەراغی دانەوێڵە کۆکراوەکەدا پاڵ بکەوێت. ئەویش بەدزییەوە چووە ژوورەوە و لای پێیەکانی بۆعەزی هەڵدایەوە و پاڵکەوت.

٨لە نیوەشەودا بۆعەز پەشۆکا، ئاوڕی دایەوە و بینی ژنێک لەلای پێیەوە پاڵکەوتووە.

٩گوتی: «تۆ کێیت؟» ئەویش گوتی: «من ڕائووسی کارەکەری تۆم. دامێنی کراسەکەت بدە بەسەر خزمەتکارەکەتدا، چونکە تۆ خوێنگری منیت.»

١٠ئەویش گوتی: «کچەکەم، با تۆ لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بیت، چونکە ئەم چاکەیەی دواییت زیاترە لەوەی یەکەم جارت. تۆ هەوڵت نەداوە شوێن لاوان بکەویت، هەژار بن یان دەوڵەمەند.

١١ئێستاش کچی خۆم، مەترسە. هەرچییەک بڵێی بۆت دەکەم، چونکە هەموو خەڵکی شارۆچکەکەم دەزانن کە تۆ ژنێکی ڕەوشت بەرزیت.

١٢ڕاستە من خوێنگرم، بەڵام خوێنگرێکی دیکە هەیە کە لە من پێشترە.

١٣ئەمشەو بخەوە، بەیانی ئەگەر ئەو خزمە بە مافی پێشینەیی خزمایەتی هەستا ئەوا باشە، با بەجێی بهێنێت. بە یەزدانی زیندوو! ئەگەر ئەو نەیویست مافی پێشینەیی خزمایەتی بەجێبهێنێت، ئەوا من بەجێی دەهێنم. تۆ هەتا بەیانی پاڵبکەوە.»

١٤ئەویش لەلای پێیەوە پاڵکەوت هەتا بەرەبەیان، ئینجا پێش ئەوەی کەسێک بتوانێت بیناسێتەوە، هەستا. بۆعەز گوتی: «با کەس نەزانێت کە ئافرەتێک هاتووە بۆ سەر جۆخینەکە.»

١٥ئینجا بۆعەز بە ڕائووسی گوت: «چارۆکەکەی بەرت بهێنە و بیگرەوە.» ئەویش گرتییەوە و بۆعەزیش شەش پێوانە جۆی کردە ناوی و دای بەسەر شانیدا. ئینجا بۆعەز چووە ناو شارۆچکەکەوە.

١٦ڕائووسیش کە هات بۆ لای خەسووی، خەسووی لێی پرسی: «کچم چیت کرد؟» ئەویش پیاوەکە هەرچییەکی بۆ کردبوو بۆی گێڕایەوە.

١٧گوتی: «ئەم شەش پێوانە جۆیە ئەو پێیدام، چونکە گوتی: ”بە دەستبەتاڵی مەچووەوە لای خەسووت.“»

١٨ئینجا ناعۆمی گوتی: «کچم، دابنیشە هەتا دەزانیت کارەکە چی لێدێت، چونکە پیاوەکە هێور نابێتەوە هەتا ئەمڕۆ کارەکە تەواو نەکات.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.