١هاتمە ناو باخچەکەم، ئازیزم، بووکێ، موڕ و بۆنوبەرامی خۆمم کۆکردەوە، شانەی هەنگوین و هەنگوینی خۆمم خوارد، شەراب و شیری خۆمم خواردەوە. هاوڕێیەکان ئەی هاوڕێیان، بخۆن و بخۆنەوە؛ یاران، بە ئەوین مەست بن. ئەویندار
٢من خەوتووم، بەڵام دڵم بێدارە! دەنگی دڵدارەکەمە لە دەرگا دەدات: «دەرگام بۆ بکەرەوە، دڵداری ئازیزم، ئەی کۆترەکەم، ئەی بێ کەموکوڕییەکەم، سەرم پڕ ئاونگ بووە، ئەگریجەم پڕ شەونم.»
٣جلەکانم داکەندووە، ئایا دەبێ دیسان لەبەری بکەمەوە؟ پێیەکانم شوشتووە، ئایا دەبێ دیسان پیسیان بکەمەوە؟
٤دڵدارەکەم لە کونی دەرگاوە دەستی درێژکرد، هەناوم بۆی ڕاچەنی.
٥هەستام هەتا دەرگا لە دڵدارەکەم بکەمەوە، دەستەکانم موڕیان لێ دەچۆڕا، پەنجەکانم موڕی شل لەسەر دەسکی سورگییەکە.
٦دەرگام بۆ دڵدارەکەم کردەوە، بەڵام دڵدارەکەم بایدابووەوە و ڕۆیشتبوو. گیانم بەدوای ئەودا دەرچوو، بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە. بانگم کرد، وەڵامی نەدامەوە.
٧تووشی ئێشکگرەکان بووم کاتێک بەناو شاردا دەسووڕانەوە. لێیان دام و برینداریان کردم، چارۆکەکەیان لەبەر داکەندم، ئێشکگری شووراکان
٨ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم، ئەگەر تووشی دڵدارەکەم بوون، ئەمەی پێ بڵێن، من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم. دەستەخوشکەکان
٩دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران، ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟ دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران، کە ئاوا سوێندت داین؟ ئەویندار
١٠دڵدارەکەم سوور و گەشاوەیە، لەناو دە هەزار کەسدا دیارە.
١١سەری زێڕی بێگەردە، زولفی بەرداوەتەوە، ڕەشە وەک قەلەڕەش.
١٢چاوەکانی وەک کۆترن چاوەکانی وەک کۆترن لەسەر کانییەک، کۆترەکان هێندە سپین وەکو شیر، لە کەناری حەوزێک هەڵنیشتوون.
١٣گۆناکانی وەک باخچەی بۆندارن، بۆنیان خۆشە. لێوەکانی سەوسەنن، موڕی شلیان لێ دەتکێت.
١٤دەستەکانی لوولەی زێڕن، بە زەبەرجەد ڕازاونەتەوە، لەشی عاجی تاشراوە بە بەردی یاقووتی شین پێچراوەتەوە.
١٥قاچەکانی ستوونی مەڕمەڕن، لەسەر دوو بنکەی زێڕی بێگەرد دامەزراون. ڕوخساری وەک لوبنانە، هەڵبژاردە وەک ئورز.
١٦دەمی شیرینە، سەراپای خۆشەویستە. ئەمە دڵدارەکەمە، ئەو ئازیزی منە، ئەی کچانی ئۆرشەلیم!