کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم پوختەی مێژوو

یەکەم پوختەی مێژوو ١٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن.

٢فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکی‌شوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت.

٣جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و پێکایان.

٤شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنەنەکراوانە بێن و سووکایەتیم پێ بکەن.» بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا.

٥کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و مرد.

٦شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەموو ماڵەکەی پێکەوە مردن.

٧کاتێک هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی لەناو دۆڵەکەدا بوون، بینییان کە سوپاکە هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.

٨بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و کوڕەکانی ئەویان دۆزییەوە لە کێوی گلبۆع کەوتبوون.

٩ئینجا ڕووتیان کردەوە و کەللەسەر و زرێیەکەیان برد، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە بتەکانیان و گەلەکەیان.

١٠ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای خوداوەندەکانیاندا دانا و کەللەسەریشیان لەناو پەرستگای داگۆن هەڵواسی.

١١کاتێک هەموو دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو،

١٢هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانی ئەویان هەڵگرت و هێنایاننە یاڤێش. لەژێر دار بەڕووەکەی یاڤێش ئێسکەکانیان ناشت، حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.

١٣شاول مرد بەهۆی ناپاکییەکەی کە لە بەرامبەر یەزدان کردی، کە فەرمایشتی یەزدانی پەیڕەو نەکرد، تەنانەت پرسوڕای بە نێوانگر کرد بۆ ڕێنمایی و

١٤داوای ڕێنمایی لە یەزدان نەکرد، جا یەزدان کوشتی و پاشایەتییەکەشی دایە دەست داودی کوڕی یەسا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.