کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم پوختەی مێژوو

یەکەم پوختەی مێژوو ١١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١هەموو ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین.

٢لە ڕابردوودا و تەنانەت کاتێک کە شاولیش پاشامان بوو، تۆ هەر ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانی پەروەردگاریشت پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»

٣هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودیش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، ئەوانیش بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی ساموئێلەوە فەرمووبووی، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.

٤داود و هەموو ئیسرائیل چوونە ئۆرشەلیم (کە لەو کاتەدا پێی دەگوترا یەبوسە). یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکەش

٥بە داودیان گوت: «تۆ ناتوانیت بێیت بۆ ئێرە.» بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا گرت کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە.

٦داود پێشتر گوتبووی: «ئەوەی یەکەم جار لە یەبوسییەکان بدات دەبێتە فەرماندەی گشتی سوپا.» یۆئابی کوڕی چەرویا یەکەم جار سەرکەوت و بووە سەرکردە.

٧پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، لەبەر ئەوە ناویان نا شاری داود.

٨شارەکەی بە چواردەوریدا فراوان کرد، لە تەلانەکانەوە هەتا شووراکەی چواردەوری. یۆئابیش پاشماوەی شارەکەی نۆژەن کردەوە.

٩هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.

١٠ئەمانەش سەرکردە پاڵەوانەکانی داود بوون، ئەوانەی کە لەگەڵ هەموو ئیسرائیل پشتگیری بەهێزیان لە پاشایەتییەکەی دەکرد، بۆ ئەوەی هەموو خاکەکە بخەنە ژێر ڕکێفی داود، هەروەک چۆن یەزدان بەڵێنی پێدابوو.

١١ئەمەش لیستی پاڵەوانەکانی داودە: یاشۆڤەعامی کوڕی حەکمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا سێ سەد کەسی کوشت.

١٢پاش ئەویش، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە.

١٣ئەو لە پەس دەممیم لەگەڵ داود بوو، کاتێک فەلەستییەکان لەوێ بۆ جەنگ کۆببوونەوە. لە کێڵگەیەکی پڕ لە جۆ لەشکرەکە لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات،

١٤بەڵام ئەلعازار و داود لە ناوەڕاستی کێڵگەکەدا ڕاوەستان. بەرگرییان کرد و لە فەلەستییەکانیان دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشین.

١٥سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بۆ لای داود دابەزین، بۆ سەر گابەردەکە لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون.

١٦لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێت‌لەحم بوو.

١٧داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «خۆزگە کەسێک لە بیرەکەی لای دەروازەکەی بێت‌لەحم ئاوی بۆ دەهێنام!»

١٨ئیتر ئەو سێیە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێت‌لەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی.

١٩گوتی: «ئەی خودایە، لە من بەدوور بێت، ئەمە بکەم. ئایا خوێنی ئەم پیاوانە بخۆمەوە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە؟» لەبەر ئەوەی بە هێنانی ئەم ئاوە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە، داود نەیویست بیخواتەوە. ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.

٢٠ئەبیشەی برای یۆئاب ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو.

٢١ئەو دوو ئەوەندە زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ دەگیرا و بووە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.

٢٢بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت.

٢٣ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، باڵای پێنج باڵ بوو، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو وەک نۆردی جۆڵاکان بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی.

٢٤ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد.

٢٥لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.

٢٦ئەمانەش جەنگاوەرە قارەمانەکان بوون: عەساهێلی برای یۆئاب، ئێلحانانی کوڕی دۆدۆی بێت‌لەحمی،

٢٧شەمۆتی هەراری، حەلەچی پەلۆنی،

٢٨عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی، ئەبیعەزەری عەناتۆتی،

٢٩سیبەخەیی حوشاتی، عیلەیی ئەحۆحی،

٣٠مەهەرەیی نەتۆفایی، حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفایی،

٣١ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین بوو، بەنایای پیرعاتۆنی،

٣٢حورەیی لە شیوەکانی گاعەشەوە، ئەبیێلی عەرڤاتی،

٣٣عەزماڤێتی بەحەرومی، ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،

٣٤کوڕەکانی هاشێمی گیزۆنی، یۆناتانی کوڕی شاگێی هاراری،

٣٥ئەحیامی کوڕی ساکاری هاراری، ئەلیفەلی کوڕی ئوور،

٣٦حێفەری مەخێراتی، ئاحییای پەلۆنی،

٣٧حەسرۆی کارمەلی، نەعرەیی کوڕی ئەزبای،

٣٨یۆئێلی برای ناتان، میڤحاری کوڕی هەگری،

٣٩چەلەقی عەمۆنی، نەحەرەیی بئێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،

٤٠عیرای یەتری، گارێڤی یەتری،

٤١ئوریای حیتی، زاڤادی کوڕی ئەحلای،

٤٢عەدینای کوڕی شیزای ڕەئوبێنی کە سەرۆکی ڕەئوبێنییەکان بوو و سی پیاوی لەگەڵدا بوو،

٤٣حانانی کوڕی مەعکا، یۆشافاتی میسنی،

٤٤عوزییای عەشتەراتی، کوڕەکانی حۆتامی عەرۆعێری کە شاماع و یەعیێل بوون،

٤٥یەدیعێلی کوڕی شیمری و براکەشی بە ناوی یۆحای تیچی،

٤٦ئەلیێلی مەحەڤی، هەردوو کوڕەکەی ئەلناعەم کە یەریڤەی و یۆشەڤیا بوون، هەروەها یەتمای مۆئابی،

٤٧ئەلیێل، عوبێد و یەعسیێلی مەچۆڤایای.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.