کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم پوختەی مێژوو

یەکەم پوختەی مێژوو ١٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەمەش ناوی ئەو پیاوانەیە کە هاتنە لای داود بۆ چیقلەگ، کاتێک کە هێشتا لە ئامادەبوونی لەبەردەم شاولی کوڕی قیش دوورخرابووەوە. ئەوانە لەو پاڵەوانانە بوون کە لە جەنگدا یارمەتیدەری بوون.

٢لە خزم و کەسوکارە نزیکەکانی شاول و لە هۆزی بنیامین بوون، ئەوان دەیانتوانی بە دەستی ڕاست و دەستی چەپیشیان تیر بە کەوان بهاوێژن و بەردیش بە قۆچەقانی:

٣ئەمانە بە سەرکردایەتی ئەحیعەزەری هاتن لەگەڵ یۆئاشی برای، هەردوو کوڕەکەی شەماعای گیڤعایی بوون. هەردوو کوڕەکەی عەزماڤێت، یەزیێل و پالەت، بەراخا و یێهوی عەناتۆتی،

٤یەشمەعیای گبعۆنی پاڵەوانێک بوو لەنێو سی پاڵەوانەکە و فەرماندەیان بوو. هەروەها یەرمیا و یەحەزیێل و یۆحانان و یۆزاڤادی گەدێراتی و

٥ئەلعوزەی و یەریمۆت و بەعەلیاهو و شەمەریاهو و شەفەتیای حەروفی؛

٦ئەلقانە و ییشیا و عەزەرئێل و یۆعەزەر و یاشۆڤەعام لە بنەماڵەی قۆرەحییەکان؛

٧هەروەها یۆعێلە و زەڤەدیا کە هەردوو کوڕی یەرۆحامی خەڵکی گەدۆر بوون.

٨کاتێک داود لەو قەڵایە بوو کە لە چۆڵەوانی بوو، هەندێک لە گادییەکان هاتنە پاڵ داود کە پاڵەوانی ئازا و پیاوی مەشقپێکراو بۆ جەنگ و شارەزا لە بەکارهێنانی قەڵغان و ڕم، ڕوویان وەک ڕووی شێر و وەک ئاسک لەسەر چیادا خێرا بوون.

٩عێزەر فەرماندە بوو، عۆبەدیا دووەم و ئەلیاب سێیەم و

١٠میشمەنا چوارەم و یەرمیا پێنجەم و

١١عەتەی شەشەم و ئەلیێل حەوتەم و

١٢یۆحانان هەشتەم و ئەلزاڤاد نۆیەم و

١٣یەرمیا دەیەم و مەخبەنەی یازدەیەم بوو.

١٤ئەمانە لە نەوەی گاد بوون و هەموویان سەرکردەی سوپا بوون، بچووکەکەیان بەسەر سەد کەسدا زاڵ دەبوو، گەورەکەشیان بەسەر هەزار کەسدا زاڵ دەبوو.

١٥ئەمان بوون لە مانگی یەک لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، کاتێک ئاو هەتا هەموو کەنارەکانی هەڵچوو بوو، هەموو خەڵکی دۆڵەکانیان بەزاند، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.

١٦هەروەها هەندێک لە نەوەی بنیامین و یەهوداش بۆ لای داود هاتنە قەڵاکە.

١٧داود بۆ پێشوازییان چوو و پێی گوتن: «ئەگەر بۆ ئاشتی و یارمەتیدان هاتوونەتە لام، یەک دڵم دەبێت لەگەڵتان، بەڵام ئەگەر بۆ بەدەستەوەدانم بۆ دوژمنەکەم هاتوون لە کاتێکدا کە هیچ ستەمێکم نەکردووە، با خودای باوباپیرانمان تەماشا بکات و دادوەری بکات.»

١٨ئینجا ڕۆحی خودا ڕژایە سەر عەماسەیی سەرۆکی سییەکە و گوتی: «ئەی داود، ئێمە هی تۆین! ئەی کوڕەکەی یەسا، لەگەڵتداین! سەرکەوتن، سەرکەوتن بۆ تۆ بێت، با یارمەتیدەرانت سەرکەوتوو بن، چونکە خودات یارمەتیدەرتە.» ئینجا داود وەریگرتن و کردنییە سەرکردەی یەکەکانی سوپا.

١٩کاتێک کە داود لەگەڵ فەلەستییەکاندا لە دژی شاول بۆ جەنگ چوو، هەندێک لە پیاوانی نەوەی مەنەشەش چوونە پاڵی. بەڵام داود و پیاوەکانی یارمەتی فەلەستییەکانیان نەدا، چونکە حوکمڕانە فەلەستییەکان پاش ڕاوێژکردن، گەڕاندیانەوە و گوتیان: «بە کەللەسەری ئێمەوە دەگەڕێتەوە پاڵ شاولی گەورەی.»

٢٠ئەمە ناوی هەندێک لەو پیاوانەی نەوەی مەنەشەیە کە کاتێک داود چوو بۆ چیقلەگ، چوونە پاڵی: عەدنەح و یۆزاڤاد و یەدیعێل و میکائیل و یۆزاڤاد و ئەلیهو و چیلەتەی، هەموو ئەمانەش فەرماندەی یەکەی هەزارانی مەنەشە بوون.

٢١ئەوان یارمەتی داودیان دا لە دژی چەتەکان، چونکە هەموویان پاڵەوانی ئازا بوون و فەرماندەی سوپا بوون.

٢٢هەروەها ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیاوان بۆ یارمەتیدانی داود دەهاتن، هەتا بوونە سوپایەکی گەورە، وەک سوپای خودا.

٢٣ئەمەش ژمارەی ئەو پیاوە چەکدارانەیە کە هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، بۆ ئەوەی بەپێی فەرموودەی یەزدان پاشایەتییەکەی شاولی ڕادەست بکەن:

٢٤لە نەوەی یەهودا، شەش هەزار و هەشت سەد پیاوی چەکدار بە ڕم و قەڵغان.

٢٥لە نەوەی شیمۆن، حەوت هەزار و سەد پاڵەوانی ئازای ئامادەباش بۆ جەنگ.

٢٦لە نەوەی لێڤی چوار هەزار و شەش سەد پیاو،

٢٧لەوانە سێ هەزار و حەوت سەد پیاو لەگەڵ یەهۆیاداعی سەرۆکی بنەماڵەی هارونییەکان بوون.

٢٨سادۆقیش لاوێکی پاڵەوانی ئازا بوو، لەگەڵ بیست و دوو ئەفسەر کە لە بنەماڵەی ئەو بوون.

٢٩لە نەوەی بنیامینیش، لە خزم و کەسوکاری شاول، سێ هەزار کە زۆربەیان هەتا ئەو کاتەش دڵسۆز بوون لەگەڵ ماڵی شاول.

٣٠لە نەوەی ئەفرایم، بیست هەزار و هەشت سەد پاڵەوانی ئازا و ناوداری بنەماڵەکانیان.

٣١لە نیوەی هۆزی مەنەشەش، هەژدە هەزار پیاو کە بە ناو دیاری کرابوون هەتا بێن و داود بکەنە پاشا.

٣٢لە نەوەی یەساخار، دوو سەد سەرکردە کە شارەزای بارودۆخی ڕۆژگار بوون، دەیانزانی ئیسرائیل دەبێت چی بکات، هەروەها هەموو خزم و کەسەکانیشیان لەژێر فەرمانی ئەواندا بوون.

٣٣لە زەبولونیش، پەنجا هەزار پیاوی مەشقپێکراو هەبوون لەسەر شەڕ و هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ، کە بەبێ دوو دڵی ئامادە بوون بۆ یارمەتیدانی داود.

٣٤لە نەفتالی، هەزار سەرکردە و سی و حەوت هەزار پیاوی چەکدار بە قەڵغان و ڕمیان لەگەڵ بوو.

٣٥لە دانیش، بیست و هەشت هەزار و شەش سەد پیاوی ئامادەباش بۆ جەنگ.

٣٦لە ئاشێریش، چل هەزار ڕاهێنراو لەسەر شەڕ و ئامادەکراو بۆ جەنگ.

٣٧لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیشەوە، لە ڕەئوبێن و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە، سەد و بیست هەزار پیاوی پڕچەککراو بە هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ.

٣٨هەموو ئەمانە جەنگاوەری خۆبەخش بوون لە ڕیزی لەشکرەکانی و بە هەموو دڵیانەوە هاتبوونە حەبرۆن هەتا داود بکەنە پاشای هەموو ئیسرائیل، هەروەها هەموو پاشماوەی ئیسرائیلیش یەک بڕیار بوون بۆ ئەوەی داود بکەنە پاشا.

٣٩لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەگەڵ داود مانەوە، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە لە هەموو ئەوەی کەسوکارەکانیان بۆیان ئامادە کردبوون،

٤٠هەروەها نزیکەکانیشیان لە یەساخار و زەبولون و نەفتالییەوە، بە گوێدرێژ و وشتر و هێستر و مانگا نانیان دەهێنا. خواردنێکی زۆریان هەبوو لە ئارد و نانە هەنجیر و هێشووی کشمیش و شەراب و زەیت و مانگا و مەڕ، چونکە لەناو ئیسرائیل خۆشی هەبوو.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.