کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم پوختەی مێژوو

یەکەم پوختەی مێژوو ١٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئیتر سندوقی خودایان هێنایە ژوورەوە بۆ ناوەڕاستی ئەو چادرەی کە داود بۆی دامەزراندبوو، هەروەها قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم خودا سەرخست.

٢پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد.

٣بەسەر هەموو ئیسرائیلدا لە ژن و لە پیاو، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی دابەش کرد.

٤چەند خزمەتکارێکیشی لە لێڤییەکان لەبەردەم سندوقی یەزدان بۆ یادکردنەوە و سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دانا:

٥ئاساف ڕابەرایەتی دەکرد و زەکەریاش لەدوای ئەو بە پلەی دووەم دەهات، پاشان یەعیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، مەتیسیا، ئەلیاب، بەنایا، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل دەهاتن. ئەمانە ئامێرەکانی ساز و قیسارەیان دەژەند، ئاسافیش سەنجی لێدەدا،

٦بەنایا و یەحەزیێلی کاهینیش بە بەردەوامی کەڕەنایان دەژەند لەبەردەم سندوقی پەیمانی خودا.

٧ئینجا لەو ڕۆژەدا یەکەم جار داود ئەم زەبوورەی دایە دەست ئاساف و هاوکارەکانی، کە بۆ ستایشکردنی یەزدانە:

٨ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن، کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.

٩گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،

١٠شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن، با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.

١١پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن، بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.

١٢باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی، پەرجوو و حوکمەکانی دەمی.

١٣ئەی نەوەی ئیسرائیلی بەندەی ئەو، ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.

١٤ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە، حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.

١٥بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە، ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،

١٦ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی، ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد،

١٧وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی، وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.

١٨فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ، بەشە میراتی خۆتانە.»

١٩ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو، کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،

٢٠لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە، لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.

٢١لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات، بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:

٢٢«دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن، خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»

٢٣ئەی هەموو زەوی، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.

٢٤لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن، لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.

٢٥یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە، سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە،

٢٦چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.

٢٧شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان، هێز و شادمانی لە نشینگەکەیدان.

٢٨ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن، ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.

٢٩ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، دیاری بهێنن و وەرنە بەردەمی، کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە.

٣٠ئەی هەموو خەڵکی زەوی لەبەردەمی بلەرزن، جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت.

٣١با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت، لەنێو نەتەوەکاندا بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!»

٣٢با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن، با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.

٣٣ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات.

٣٤ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

٣٥بڵێن: «ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ڕزگارمان بکە، لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە و فریامان بکەوە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.»

٣٦ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. ئینجا هەموو گەل گوتیان «ئامین!» و «ستایشی یەزدان بکەن.»

٣٧داود لەوێدا لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان، ئاساف و هاوکارەکانی بەجێهێشت تاکو بە بەردەوامی لەبەردەم سندوقەکە خزمەت بکەن، هەر خزمەتێک لە ڕۆژی خۆیدا.

٣٨هەروەها عوبێد ئەدۆم و هاوکارەکانیشی کە شەست و هەشت کەس بوون، بۆ یارمەتیدانی ئەوان، بەجێی هێشتن. عوبێد ئەدۆمی کوڕی یەدوتون و حۆسا هەردووکیان دەرگاوان بوون.

٣٩داود سادۆقی کاهین و برا کاهینەکانیشی لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان، ئەوەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو، بەجێی هێشتن،

٤٠بۆ ئەوەی بە بەردەوامی قوربانی سووتاندن لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بەیانییان و ئێواران بەپێی هەموو ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە، ئەوەی فەرمانی بە ئیسرائیل کرد.

٤١لەگەڵ ئەوانیش، هێیمان و یەدوتون و پاشماوەی هەڵبژێردراوەکان ئەوانەی ناویان هات تاکو سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

٤٢لەگەڵ ئەوانیش هێیمان و یەدوتون بەرپرسی ژەنینی کەڕەنا و سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە بوون لە کاتی گۆرانی و ستایشەکانیان بۆ خودا. کوڕەکانی یەدوتونیش دەرگاوان بوون.

٤٣پاشان هەموو گەل هەرکەسە و بۆ ماڵی خۆی بەڕێکەوت و داودیش گەڕایەوە بۆ ئەوەی داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی خۆی بکات.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.