کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم پوختەی مێژوو

یەکەم پوختەی مێژوو ١٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١پاش ئەوەی داود لە کۆشکەکەی نیشتەجێ بوو، داود بە ناتانی پێغەمبەری گوت: «من لێرە لە کۆشکێکی دروستکراو بە داری ئورز نیشتەجێم و سندوقی پەیمانی یەزدانیش لەژێر چادردایە.»

٢ناتانیش بە داودی گوت: «هەموو ئەوەی لە دڵتدایە بیکە، چونکە یەزدانت لەگەڵە.»

٣بەڵام هەر لەو شەوەدا فەرمایشتی خودا بۆ ناتان هات:

٤«بڕۆ بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەو کەسە تۆ نیت کە ماڵێک بۆ نیشتەجێبوونم بنیاد دەنێت.

٥لەو ڕۆژەوەی کە ئیسرائیلم لە میسر دەرهێناوە هەتا ئەمڕۆ لە ماڵدا نیشتەجێ نەبووم، بەڵکو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە چووم، هەر لەنێو چادری پەرستندا بووم.

٦لە هەموو هاتوچۆکردنەکانم لەگەڵ هەموو ئیسرائیل، ئایا هیچ قسەیەکم کرد لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی فەرمانم پێکردن بۆ ئەوەی شوانایەتی گەلەکەم بکەن، ’بۆچی ماڵێکتان لە داری ئورز بۆ دروستنەکردووم؟‘ “

٧«ئێستاش ئاوا بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: من تۆم لە شوانایەتی مەڕەوە برد و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم.

٨لەگەڵتدا بووم بۆ هەر شوێنێک چووبیت و هەموو دوژمنەکانی تۆم لەبەردەمت بڕیوەتەوە. ئێستا ناوێکت بۆ دروستدەکەم وەک ناوی گەورەکان کە لەسەر زەوین.

٩شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە،

١٠وەک ئەو سەردەمانەی ڕابەرم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەم دادەنا. منیش تۆ لە دەستی هەموو دوژمنەکانت دەحەوێنمەوە. «”پێت ڕادەگەیەنم کە یەزدان خۆی ماڵت بۆ دروستدەکات.

١١کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە کوڕەکانت دەبێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم.

١٢ئەو ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەکەم.

١٣من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من. خۆشەویستییە نەگۆڕەکەم بۆ ئەو داناماڵرێت، هەروەک چۆن دامماڵی لەوەی لەپێش تۆ بوو.

١٤بۆ هەتاهەتایەش لە ماڵەکەم و لەناو پاشایەتییەکەمدا دایدەنێم، هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەبێت.“»

١٥ئینجا ناتان بەپێی وشەکانی ئەم سروشە قسەی لەگەڵ داود کرد.

١٦ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی: «یەزدانی پەروەردگار، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟

١٧ئەی خودایە، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئاییندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت. ئەی یەزدانی پەروەردگار، بە کەسێکی پایەبەرز داتنام و تەماشات کردم.

١٨«ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت کە بەندەکەتت پایەدار کردووە؟ چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت.

١٩ئەی یەزدان، تۆ لە پێناوی بەندەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەت کردووە، بۆ ئەوەی ئەم هەموو بەڵێنە گەورانە بزانرێن.

٢٠«ئەی یەزدان، کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە.

٢١هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە.

٢٢ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت بۆ هەتاهەتایە کردە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان.

٢٣«ئەی یەزدان، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، با بۆ هەتاهەتایە بچەسپێت. هەروەک فەرمووت ئاوا بکە،

٢٤بیچەسپێنە، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە ناوت مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالاری خودای ئیسرائیل، خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت.

٢٥«ئەی خودای من، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد کە ماڵێکی بۆ بنیاد دەنێیت، لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی لەبەردەمتدا نزا بکات.

٢٦ئەی یەزدان، تۆ خودایت، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە.

٢٧ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدان، چونکە تۆ بەرەکەتدارت کردووە و بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتدار دەبێت.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.