کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم کۆرنسۆس

یەکەم کۆرنسۆس ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١خوشکان، برایان، کاتێک من قسەم لەگەڵ کردن، نەمتوانی ئێوە وەک ئەوانە دابنێم کە بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بەڵکو وەک ئەوانەی کە هێشتا دنیایین، هەروەک منداڵی ساوا بن لە ‏خانەوادەی مەسیحدا.

٢شیرم پێداون نەک خواردن، چونکە هێشتا نەتاندەتوانی، ئێستاش ناتوانن.

٣ئێوە هێشتا دنیایین. کە ئیرەیی و ناکۆکی لەنێوانتاندا هەبێت، ئایا دنیایی نین و تەنها وەک مرۆڤ ناژین؟

٤چونکە کاتێک یەکێک دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، ئەوی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، ئایا وەک خەڵکی دیکە نین؟

٥ئەپۆلۆس چییە؟ پۆڵس چییە؟ تەنها خزمەتکارن کە لە ڕێگەی ئەوانەوە باوەڕتان هێناوە، هەروەک چۆن مەسیحی خاوەن شکۆ بە هەر یەکێکی داوە.

٦من چاندم و ئەپۆلۆس ئاوی دا، بەڵام خودا بوو گەشەی پێکرد.

٧ئیتر نە تۆوچێن گرنگە و نە ئاودێر، بەڵکو تەنها خودا گرنگە کە گەشەی پێ دەکات.

٨تۆوچێن و ئاودێر یەکن، هەریەکە بەگوێرەی ماندووبوونی خۆی کرێی خۆی وەردەگرێت.

٩جا ئێمە هاوکاری خوداین، ئێوەش کێڵگەی خودا و خانووی خودان.

١٠بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، وەک ئەندازیارێکی دانا بناغەم داڕشت و یەکێکی دیکە لەسەری بنیاد دەنێت. بەڵام با هەریەکە ئاگاداربێت چۆن لەسەری بنیاد دەنێت.

١١کەس ناتوانێت بناغەیەکی دیکە دابنێت لە پاڵ ئەوەی دانراوە، کە عیسای مەسیحە.

١٢بەڵام ئەگەر هەرکەسێک لەسەر ئەو بناغەیە بە زێڕ، زیو، بەردی گرانبەها، دار، پووش یان کا، بنیاد بنێت،

١٣کارەکەی دەردەکەوێت، چونکە ڕۆژی لێپرسینەوە ئاشکرای دەکات، لەبەر ئەوەی بە ئاگر ئاشکرا دەکرێت و ئاگر چۆنیەتی کاری هەرکەسێک دەردەخات.

١٤ئەگەر کاری یەکێک بمێنێتەوە کە لەسەری بنیادی ناوە، ئەوا پاداشت وەردەگرێت.

١٥ئەگەر کاری یەکێک سووتا، ئەوا هەرچەندە بنیادنەرەکە زیانی پێ دەگات، بەڵام ڕزگاری دەبێت، وەک یەکێک لەناو ئاگر هەڵاتبێت.

١٦ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشتەجێیە؟

١٧ئەگەر یەکێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئێوە ئەو پەرستگایەن.

١٨با کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت. ئەگەر یەکێک لەنێوتان خۆی بە دانای ئەم دنیایە دەزانێت، با ببێتە گێل تاکو بەڕاستی ببێتە دانا.

١٩دانایی ئەم جیهانە لەلای خودا گێلایەتییە، لەبەر ئەوەی نووسراوە: ﴿ئەو داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت.﴾

٢٠هەروەها: ﴿یەزدان بیرکردنەوەی داناکان دەزانێت کە پووچە.﴾

٢١کەواتە، با کەس شانازی بە مرۆڤەوە نەکات! چونکە هەموو شتێک هی ئێوەیە،

٢٢پۆڵس یان ئەپۆلۆس یاخود پەترۆس، جیهان یان ژیان یان مردن، شتەکانی ئێستا یاخود داهاتوو، هەموو شتێک هی ئێوەیە،

٢٣ئێوەش هی مەسیحن، مەسیحیش هی خودایە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.