١بەم شێوەیە با خەڵک بە خزمەتکاری مەسیح و سەرکاری نهێنییەکانی خودامان دابنێن.
٢جا ئەوەی لە سەرکاران داوا دەکرێت ئەوەیە کە متمانەیی بسەلمێنن.
٣بەلامەوە گرنگ نییە ئەگەر ئێوە یان هەر دادگایەکی مرۆڤانە حوکمم بدات، بەڵام من حوکم بەسەر خۆمدا نادەم.
٤هیچ کەموکوڕییەک لە خۆمدا نابینم، بەڵام بەمە بێتاوان نەبووم، بەڵکو مەسیحی خاوەن شکۆیە لێپێچینەوەم لەگەڵ دەکات.
٥کەواتە پێشوەخت حوکم بەسەر هیچ شتێکدا مەدەن، هەتا مەسیحی خاوەن شکۆ دێتەوە. ئەو لە داهاتوودا ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو شتانەی کە ئێستا لە تاریکیدا شاردراوەتەوە و نیازی دڵ دەردەخات. ئەوسا هەر یەکێک لەلایەن خوداوە ستایش دەکرێت.
٦خوشکان، برایان، ئێستا لە پێناوی ئێوەدا خۆم و ئەپۆلۆسم لەم شتانەدا کردە نموونە، تاکو لە ئێمەوە فێربن: «زێدەڕۆیی مەکەن لەوانەی نووسراون.» ئینجا کەس خۆی بە یەکێک هەڵنەکێشێت لەسەر ئەوی دیکە.
٧کێ تۆ جیا دەکاتەوە؟ چیت هەیە وەرتنەگرتبێت؟ ئەگەر وەرتگرتووە، بۆ شانازی دەکەیت وەک وەرتنەگرتبێت؟
٨وا تێربوون! وا دەوڵەمەند بوون! بەبێ ئێمە بوونە پاشا! خۆزگە ئێوە بەڕاستی پاشا بوونایە ئەوسا لەگەڵتان بەشداری حوکمڕانیمان دەکرد!
٩چونکە وا بزانم خودا ئێمەی نێردراوی لە دواوەی کەژاوە دەرخست، وەک ئەوەی حوکمی مردنمان بەسەردا درابێت، چونکە بووینە نماییشی جیهان و فریشتە و خەڵک.
١٠لە پێناوی مەسیحدا ئێمە بە گێل سەیر دەکرێین، بەڵام ئێوە بەهۆی مەسیحەوە بە ژیر سەیر دەکرێن! ئێمە لاوازین و ئێوە بەهێزن! ئێوە شکۆدارن و ئێمە سووکین!
١١هەتا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانەیی دەچێژین.
١٢بە دەستی خۆمان ئیش دەکەین و ماندوو دەبین. جنێومان پێدەدرێت و داوای بەرەکەت دەکەین، دەچەوسێنرێینەوە و بەرگە دەگرین.
١٣بوختانمان بۆ هەڵدەبەستن و نەرمی دەنوێنین. هەتا ئێستا وەک زبڵی جیهان و پاشماوەی هەموو شتێکمان لێ هاتووە.
١٤ئەمانە نانووسم تاکو شەرمەزارتان بکەم، بەڵکو وەک ڕۆڵە خۆشەویستەکانم ئاگادارتان دەکەمەوە.
١٥تەنانەت ئەگەر دە هەزار کەس لەنێو باوەڕداران سەرپەرشتیارتان بن، بەڵام چەندین باوکتان نییە، چونکە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە من بووم بە باوکتان، لە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە عیسای مەسیح کردی.
١٦جا تکاتان لێ دەکەم، لاسایی من بکەنەوە.
١٧لەبەر ئەم هۆیە تیمۆساوسم نارد بۆ لاتان، کە کوڕی خۆشەویستمە و دڵسۆزە بۆ یەزدان. تیمۆساوس ئەو ڕێگایەتان بەبیر دەهێنێتەوە کە من بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح پەیڕەوی دەکەم، هەروەک لە هەموو شوێن و کڵێسایەک خەڵکی فێر دەکەم.
١٨هەندێک کەس لووتبەرز بوون، بە گومانی ئەوەی من نایەم بۆ لاتان
١٩بەڵام ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت بە پەلە دێمە لاتان، ئەوسا نەک قسەکانی ئەو لووتبەرزانە دەزانم بەڵکو تواناشیان،
٢٠چونکە پاشایەتی خودا بە قسە نییە، بەڵکو بە هێزە.
٢١چیتان دەوێ؟ بە دار بێمە لاتان یاخود بە خۆشەویستی و ڕۆحی دڵنەرمی؟