١لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا.
٢سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئەبیشالۆم بوو.
٣بە هەموو گوناهەکانی باوکیدا ڕۆیشت کە لەپێش ئەوەوە کردبوونی، دڵی بە تەواوی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی نەبوو، وەک دڵی داودی باپیرە گەورەی.
٤بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەبەر داود چرایەکی لە ئۆرشەلیم دایێ، بەوەی کە کوڕەکەی لەپاش خۆی پایەدار کرد و ئۆرشەلیمیشی ڕاگرت،
٥چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو داود کردبووی، لە هەموو ماوەی ژیانی لە هیچ لای نەدا لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێکرابوو، تەنها لە بابەتەکەی ئوریای حیتی نەبێت.
٦بە درێژایی ماوەی ژیانی ئەبیا جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو.
٧ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعامیش هەبوو.
٨ئەبیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
٩لە بیستەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، ئاسا بوو بە پاشای یەهودا.
١٠چل و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، داپیری ناوی مەعکای کچی ئەبیشالۆم بوو.
١١ئاسا بە هەمان شێوەی داودی باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی،
١٢پیاوە لەشفرۆشەکانی لە خاکەکە ڕاماڵی و هەموو ئەو بتانەشی لابرد کە باوباپیرانی دروستیان کردبوون.
١٣ئاسا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی.
١٤هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو.
١٥شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای یەزدان.
١٦بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو.
١٧بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت.
١٨ئاساش هەموو ئەو زێڕ و زیوەی کە لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا مابووەوە دەریهێنا و دایە دەست کاربەدەستەکانی. ئاسای پاشا ناردی بۆ بەنهەدەدی کوڕی تەڤڕیمۆنی کوڕی حەزیۆنی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت، گوتی:
١٩«با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بە دیاری بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.»
٢٠بەنهەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێلی بێتمەعکا و هەموو کینەرەت و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد.
٢١کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کشایەوە تیرزە.
٢٢ئاسا پاشاش هەموو یەهودای بانگکرد، بێ ئەوەی کەسیانی لێ بەدەر بکات، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، ئینجا ئاسا پاشا بەوان گەڤەعی لە خاکی بنیامین و میچپای ئاوەدان کردەوە.
٢٣ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئاسا، هەموو دەستکەوتەکانی و هەموو ئەوەی کردی و هەموو ئەو شارانەی بنیادی نا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون، بەڵام لە سەردەمی پیری پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون.
٢٤پاشان ئاسا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داودی باپیرە گەورەی نێژرا. ئیتر یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
٢٥نادابی کوڕی یارۆڤعامیش لە ساڵی دووەمی ئاسای پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
٢٦لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای باوکی کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
٢٧ئینجا بەعشای کوڕی ئاحییای بنەماڵەی یەساخار پیلانی لە دژی گێڕا: کاتێک ناداب و هەموو ئیسرائیل گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو، بەعشا لە گیبەتۆنی فەلەستییەکان لە نادابی دا و کوشتی.
٢٨لە سێیەمین ساڵی فەرمانڕەوایی ئاسای پاشای یەهودا، بەعشا نادابی کوشت و لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
٢٩کە بەعشا بوو بە پاشا، هەموو بنەماڵەی یارۆڤعامی کوشت. هیچ هەناسەیەکی لە بنەماڵەی یارۆڤعام نەهێشت، هەمووی لەناو بردن، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی خزمەتکارەکەی ئاحییای شیلۆنی فەرمووبووی.
٣٠ئەمەش لەبەر ئەو گوناهانە بوو کە یارۆڤعام کردبوونی و بەهۆیانەوە وای لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن، هەروەها یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلیان پەست کرد.
٣١ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ناداب و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
٣٢بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو.
٣٣لە سێیەمین ساڵی ئاسای پاشای یەهودا بەعشای کوڕی ئاحییا لە تیرزە بوو بە پاشا، بیست و چوار ساڵ پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.
٣٤لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.