١فەرمایشتی یەزدان بۆ یێهوی کوڕی حەنانی هات سەبارەت بە بەعشا:
٢«لەبەر ئەوەی لە خۆڵەوە تۆم بەرزکردەوە و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم، بەڵام تۆ ڕێچکەی یارۆڤعامت گرتەبەر و وات لە ئیسرائیلی گەلەکەی من کرد گوناه بکەن و بە گوناهەکانیان پەستم بکەن،
٣لەبەر ئەوە بەعشا و بنەماڵەکەی ڕیشەکێش دەکەم، بنەماڵەکەی تۆ وەک بنەماڵەکەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی لێ دەکەم.
٤هەرکەسێکی بەعشا لە شار بمرێت سەگ دەیخوات، ئەوەشی لە کێڵگە بمرێت باڵندەی ئاسمان.»
٥ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی بەعشا، ئەوەی کردی و ئەو پاڵەوانییەتییەی کە نواندی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
٦بەعشا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە تیرزە نێژرا. ئیتر ئێلەی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
٧هەروەها لە ڕێگەی یێهو پێغەمبەری کوڕی حەنانیەوە فەرمایشتی یەزدان هات سەبارەت بە بەعشا و بنەماڵەکەی بەهۆی هەموو ئەو خراپانەی لەبەرچاوی یەزدان کردبووی، بەوەی کە بە کردەوەکانی پەستی کرد، وەک بنەماڵەی یارۆڤعامی لێهات، هەروەها بەهۆی ئەوەشەوە کە بنەماڵەی یارۆڤعامی لەناو برد.
٨لە بیست و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، ئێلەی کوڕی بەعشا لە تیرزە بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد.
٩زیمری کاربەدەستی کە فەرماندەی نیوەی گالیسکەکانی پاشا بوو، پیلانی لە دژی گێڕا. کاتێک ئێلە لە ماڵی ئەرچا بوو لە تیرزە، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کۆشکەکەی ئەو بوو لە تیرزە، دەیخواردەوە و سەرخۆش بوو،
١٠زیمری هاتە ژوورەوە و لێیدا و کوشتی. لە بیست و حەوتەمین ساڵی ئاسا پاشای یەهودا لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
١١کاتێک بوو بە پاشا و لەسەر تەختەکەی ئەو دانیشت، هەموو بنەماڵەی بەعشای کوشت. بە جۆرێک کە هیچ نێرینەیەکی لە کەسوکار و نزیک و دۆستانی نەهێشتەوە.
١٢زیمری هەموو بنەماڵەی بەعشای لەناوبرد، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی یێهو پێغەمبەرەوە سەبارەت بە بەعشا فەرمووبووی.
١٣لەبەر هەموو گوناهەکانی بەعشا و گوناهەکانی ئێلەی کوڕی کە کردیان و بەهۆیانەوە وایان لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن و بە بتە پووچەکانیان یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پەست بکەن.
١٤ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئێلە و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
١٥لە بیست و حەوتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، زیمری حەوت ڕۆژ لە تیرزە بوو بە پاشا، سوپاش گەمارۆی گیبەتۆنی فەلەستییەکانیان دابوو.
١٦کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو بیستیان گوترا زیمری پیلانی گێڕاوە و پاشاشی کوشتووە، هەموویان هەر لەو ڕۆژەدا لەناو ئۆردوگاکە جاڕیان دا و عۆمریی فەرماندەی گشتی سوپایان کردە پاشای ئیسرائیل.
١٧ئینجا عۆمری و هەموو ئیسرائیل لەگەڵی لە گیبەتۆنەوە کشانەوە و تیرزەیان گەمارۆ دا.
١٨ئەوە بوو کە زیمری بینی شارەکە گیرا، چووە ناو قەڵای کۆشکی پاشا، کۆشکی پاشای بە ئاگر بەسەر خۆیدا سووتاند و مرد،
١٩ئەمەش بەهۆی ئەو گوناهانەوە بوو کە کردی، بەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
٢٠ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زیمری و ئەو پیلانەی کە گێڕای لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
٢١لەو کاتەدا گەلی ئیسرائیل بووە دوو بەش، نیوەی گەل بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون هەتا بیکەنە پاشا، نیوەکەی دیکەش بەدوای عۆمرییەوە بوون.
٢٢ئەو نیوەیەی گەل کە بەدوای عۆمرییەوە بوون زاڵبوون بەسەر ئەو نیوەیەی کە بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون، جا تیڤنی کوژرا و عۆمری بوو بە پاشا.
٢٣لە سی و یەکەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا عۆمری بوو بە پاشای ئیسرائیل، بۆ ماوەی دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد، شەش ساڵ لە تیرزە بوو.
٢٤ئینجا چیای سامیرەی لە شەمەر بە دوو تالنت زیو کڕی و دەستی بە بنیادنان کرد لە چیاکە، ئەو شارەی کە بنیادی نا، ناوی لێنا سامیرە بە ناوی شەمەری خاوەنی چیای سامیرەوە.
٢٥عۆمریش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر خراپەی کرد.
٢٦بەدوای ڕێگای یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، بە پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە بتە پووچەکانیان.
٢٧ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عۆمری و ئەوەی کردی و ئەو پاڵەوانییەتییەی کە نواندی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
٢٨عۆمری لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە نێژرا. ئیتر ئەحاڤی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
٢٩ئەحاڤی کوڕی عۆمری لە سی و هەشتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا بوو بە پاشای ئیسرائیل، بیست و دوو ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
٣٠ئەحاڤی کوڕی عۆمریش لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
٣١نەک هەر تەنها گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی بەلاوە کەم بوو، بەڵکو ئیزابێلی کچی ئەسبەعلی پاشای سەیدائییەکانیشی هێنا و چوو بەعلی پەرست و کڕنۆشی بۆ برد.
٣٢لەناو پەرستگای بەعل قوربانگایەکیشی بۆ بەعل دروستکرد، کە لە سامیرە بنیادی نابوو.
٣٣هەروەها ئەحاڤ ستوونە ئەشێرایەکی دروستکرد و لە هەموو پاشاکانی ئیسرائیلیش کە لەپێش خۆیەوە بوون زیاتری کرد بۆ پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
٣٤لە سەردەمی ئەحاڤ، حیێلی بێتئێلی ئەریحای بنیاد نایەوە. کاتێک دەستی بە دانانی بناغەکە کرد، ئەبیرامی کوڕە نۆبەرەکەی مرد، هەروەها کاتێک دەرگاکانی چەقاند سگوڤی کوڕە بچووکەکەی مرد، هەروەک چۆن فەرمایشتی یەزدان لەسەر زاری یەشوعی کوڕی نون فەرمووبووی.